ناو: سارا
نازناو: سارا تەڵایی
ساڵی لەدایکبوون: 1986
شوێنی لەدایکبوون: #مەهاباد#
$ژیاننامە$
سارا تەڵایی، 36 ساڵ، کچە کوردێکی شاری مهابادە.
سارا، ماوەی پازدە ساڵە کاری شێوەکاری، مۆسیقا، نوسینی شیعر و کتێبی هونەری دەکات، بەرهەمەکانی لە پێشانگاکاندا دەخاتەڕو، دەڵێت: دەمەوێت بەهۆی کارەکانمەوە جوانیەکانی ژن بنوسمەوە.
بەهۆی کارە هونەریەکانیەوە ماوەی چوار ساڵە مهابادی جێهێشتوە و لە هەولێر دەژی.
بۆ نمایشکردنی کارە هونەریەکانی لە مهابادەوە دێتە باشوری کوردستان و لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی پێشانگای تایبەت بە خۆی دەکاتەوە.
دەربارەی هۆکاری هاتنی بۆ باشوری کوردستان دەڵێت: هاتوم تاکو ببمە سومبوڵێک لە کوردستان، ڕێگە و پێشڕەوی ئەو ژنانە بم کە دەیانەوێت چالاکبن و بێنە ناو مەیدانی کارەوە.
سارا لە مهاباد خاوەنی فێرگەی هونەری تایبەت بە خۆی بو کە تیایدا وانەی بە کچان و کوڕانی شارەکە دەوتەوە، ئێستاش لە هەولێر لە سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان وانە بە فێرخوازانی بوارەکانی هونەر دەڵێتەوە.
لەبارەی گواستنەوەی لەنێو ئەم بەشە جیاوازانەی هونەر و ئەدەبیات، سارا دەڵێت: جاری واهەیە ڕوداوێک، خۆشییەک یان نا خۆشییەک لەو شتانەی ئێمە وەکو کەموکوڕی سەیری دەکەین، هاتوم لە سیمای تابلۆیەکدا نەخشاندومە، ئەگەر زانیومە ئەو فکرەیە ساڕێژ ناکات پەنام بۆ شیعر بردوە، ئەویش ساڕێژی ناکات کەرەستەیەکی ترم بە کارهێناوە.
تاکو ئێستا 2022 بەشداری 86 پێشانگای ناوخۆی و نێودەوڵەتی کردوە کە 50 لەم پێشانگایانە خۆی کردونیەتیەوە و خاوەنی 2000 تابلۆی هونەریە، هەروەک دو کتێبی چاپکراوی هونەریشی هەیە.
تابلۆکانی لە نێو پێشەنگاکاندا دەفرۆشێت تا بەو پارەیە چالاکیەکانی ئەنجام بدات، ئەوەشی دەمێنێتەوە لە ئەرشیفی خۆی هەڵیدەگرێت.
دەربارەی ئامانجی سەرەکی لە کارە هونەریەکانیشی دەڵێت: ئامانجمە بەهۆی کارەکانمەوە جوانیەکانی ژن بنوسمەوە، نەوەک پەیکەرێکی داڕماو لەنێو تابلۆکانمدا بکێشم و پیاو گەشەی پێبدات، دەمەوێت خۆم و تابلۆکانم هێمای ئازایەتی بین.[1]