برای بەڕێزم کاک نەوشیروان
سڵاوێکی گەرم لەگەڵ ڕێزو ئەحواڵ پرسینمان بۆ هەموو برادەران.
سەبیحە سڵاوی هەیەو کچەکان لەمەکتەب دامەزراون و هەتا ڕادەیەک لەگەڵ ئاوارەگی ڕاهاتوون. برایەکیان بۆ لەدایک بو زۆر پێ دڵخۆشن، نامەکەی جەنابتان گەیشت هەرچەندە پڕە لە گلەیی بەڵام بەسەرکردنەوەکەتمان پێ خۆشبوو زۆر سوپاس.
راستە ماوەیەکە خەڵک کەوتۆتە قسەو باس لەسەر هەمومان و جەنابت بەتایبەتی، دیارە لێقەومان و دەربەدەری و دەستکورتی لەلایەک و لەسەروی هەمووشیانەوە شکست و... کەموکورتی خۆمان.. لاوازی ڕێکخستن.. نزمی ئاستی کادرەکان.. نەبوونی ئۆرگان و بڵاوکراوە وەک خۆراکی فکری، ڕەفتارەکانی ساڵانی ڕابردوی خۆمان لەگەڵ کادرو پێشمەرگەو جەماوەر......هتد بۆتە هاندەر بۆ گلەیی و گازندەو بگرە قسەو قسەڵۆکیش لەسەرمان دەشم زانی ناکۆکی ناوکۆمیتەکەمان وا ئەکات بەشێکی ئێمەش بگرێتەوە.
لێرەدامن خۆم #خانەقین#یم کابرای پێشوش خانەقینی بو.. لە شیعەشدا تەقیە باوە بۆیە سوێندو پاکانە بەپویست نازانم ئەوەندە ئەڵێم قسەو باسەکان هی زۆربەی کادرو پێشمەرگەو ئاوارەکانی ناو ئۆردوگان، کە پێش سەفەری جەنابت هەر هەبوون.. ئێستاش هەر هەیە. نەک هی من.
بەنیسبەت برادەرانی زیندانەوە.. یادگاری شەوان و ڕۆژانی تاریکی زیندان و دیلی، پاشان تاقیکردنەوەی خەباتی دە ساڵەی ڕابردووی ناو شۆڕش.. پاکی و دڵسۆزی و لەخۆبوردوبونیان وای لێ کردوم جگە لە هاوڕێیەتی و هاوسەنگەری بوون بەکەس و کارو برام. دیارە وەک خەڵکانی تری ناو شۆڕش ئێمەش بێ کەموکوڕی نین، لێرەدا ڕێگا بەخۆم ئەدەم بیری جەنابت بخەمەوە (ئەگەرچی بە ڕێکەوتیش بەسەر زمانی جەنابت دا نەهاتوەو بەر گوێم نەکەوتوە) کە هێزی ئەساسی ڕاماڵینی تەکتلی ناو کۆمەڵە هاوڕێیانی زیندان بوون، وە لەو سەردەمە کۆڵەکەیەکی ئەستور بوون بۆ جەنابت و ئێستاش نەک هەر تەکتل نین بەڵکو بە دڵنییایەوە دەڵێم هەمان کەسن، وە هەمان هەڵوێستی دڵسۆزانەیان هەیە بۆ کۆمەڵەو شۆڕش و ئەنتی تەکتلن. جێی داخە دۆستی و برایەتی و هاوڕێ خۆشویستنیان بە جۆرێک لە تەکتل دا ئەنرێ. خۆشم وەک جاری پێشوو خۆم کردە کەوا سوری بەر لەشکر بۆ ڕاماڵینی تەکتل بەهەمان حەماسەوە بەگژ هەموو جۆرە تەکتلێکدا دەچم لەناو کۆمەڵە سەر هەڵبدات.
باسی ڕێزو تەقدیری تایبەتیت کردوە بۆمن زۆر سوپاس بەڵام خۆم بە پێچەوانەوە هەستم کردوە، ئەوەی ئاشکرایە هەمیش لەدوای برادەرانەوە حسابم بۆ کراوە ڕێزو حورمەتی تایبەتم هەیە بۆ هاوڕێیانی سەرکردایەتی بە ڕاستی پیاوی تێکۆشەرو ماندون.. پێم وایە منش شان بەشانی ئەوان ڕەنجم کێشاوەو ماندوو بوم، کەچی لەبەر نەبوونی متمانەی جەنابت بەمن هەمیشە جێگام پەراوێزی مەسەلەکان و کارەکان بوە. وە بگرە نەک هەندەی ئەوان حورمەتتان لێ نەگرتوین و جێ متمانەتان نەبوین بەڵکو زۆر جار لە خانەی دوای کاکە حەمەشەوە دانراوین کەلەم شۆڕشەدا نیو هەندەی کادرێک زەحمەتی نەکێشاوە. ماندو نەبوە. ساڵێک لەدەزگای ڕێکخستن بو هیچ سەنگ و ڕەنگێکی نەبوو.. کۆبونەوەکانی لەگەڵ کادرەکان لەسەربانی مەقەڕ ئەنجام ئەدا هاوڕێیانی ئەندامانی دەزگا گلەیان لێ کردبوو، گوتبوی وا باشە لەهاوین لەبەر گەرمای هەتاو تاقەتی نامێنێ و لە زستانیش لەبەر سەرما ئیتر درێژە بەقسەکانی نادات و لەکورتی تەواو ئەبێ، ئابەم جۆرەیە کادری پەروەردە ئەکرد، پاشان ساڵ و نیوێک لە ڕێکخراو (ئەوە ئێمە پیاوی نەخوێنەوارو زمان نەزانین) ئەی کاکە حەمەت ئینگلسی زان و چەندن زمان زان چەند سیمینارو دەورەی بۆ کادرەکان کردەوە، ئەوەشی نەئەکرد، وەک ئێمەی نەخوێنەواری کردبایا بۆ (شەریک شعوری)سەردانی یەک لەکەرتەکانی سنوری ڕێکخراوەکەی بکردبایا نەک بۆ نامە بردنێک سەفەری هەموو ئەوروپای بکردبایا. خۆزگە چاوێکت لێ ئەبوو، ئەمجارەی کە هاتەوە بەحساب
پەیام هێنەری جەنابت بو لەسەر گەمەو فیشقیاتی کاک قادر لەگەڵ من کە بۆ خۆشی بوو چۆن کۆبونەوەکەی سوک کردو بۆ چ ئاستێکی نزم دابەزی.. خۆی ڕیسوا کرد. ناتوانم لەم نامەیەی بۆ جەنابتی دەنوسم باسی بکەم هەندە شەرم و شورەییە دڵنییام لێرە بویتایا نفرەتت لێ ئەکرد، خۆزگە کاک عمر فتاح و کاک فریدون وەک چۆن بوە بۆیان باس ئەکردی.
کۆتایی نامەکەم بە کۆتایی نامەکەی جەنابت دێنمەوە، زۆر ڕاستە (خەڵک لە ئەزمەو لێقەوماندا ئەناسرێ و مەعدەنی ڕاستەقینەی دەرئەکەوێ) وە بەمتمانەووە ئەڵێم ئێمەش وا ئەکەین و وا ئەبین بە تایبەتی ئەرکی ئەو کۆمیتەیەش بە من سپێردراوە کە سەرپەرشتی هێزی خوارەوە ئەکات و بەشک لە قورسایی هەڵسانەوەی شۆڕش ئەکەوێتە ئەستۆمان..
بەم کارە ئەگەڕێمەوە ناو شۆڕش وەک کارەکانی جارانم لەپەراوێزەوە نابین و بەدڵ و بەگیان هاوکاری برادەران ئەکەین و بێ کێشە.
دووبارە سوپاس بۆ بەسەرکردنەوەکەتان
هەربژین
براتان
جەبار فەرمان
#28-12-1989#
[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!