دەقی پەیامەکەی #بافڵ تاڵەبانی#:
ئەمڕۆ 22 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای سیاسەت و کوردایەتی، ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد تێدەپەڕێت.
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد یەکێک بوو لە سیمبولەکانی سیاسەت، ڕێبەری خەبات و تێکۆشان لە سەدەی ڕابردوودا و بەو بیرە نەتەوەییەوە کە هەیبوو، هەموو ژیانی بۆ خەبات دژی زوڵم و ستەم تەرخانکرد. ئەمەش نەک هەر لە کاری سیاسیدا، بەڵکو لە بەرهەمە ئەدەبی و ڕۆژنامەوانییەکانیدا بە ئاشکرا دیارە.
یەکڕیزی و یەکدەنگی کورد بەرامبەر داگیرکەران و هەبوونی گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا خەمی گەورەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بوو. هەمیشە بڕوای بەوە هەبووە کە سەرکەوتنی کورد پەیوەستە بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی ناوماڵی کوردەوە، بۆ ئەمەش هەوڵی زۆری داوەو مێژوو شاهیدی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ مامۆستا ئیبراهیم دەدات بەرامبەر سەربەرزی و سەرفرازی خەڵکی کوردستان.
ئەوکاتەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، خەباتی سیاسی گۆڕانکاری و نوێگەری بەسەردا هات و بناغەیەکی نوێی بۆ خەبات و کاری سیاسی دانا. ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و شێوازی کارکردنیدا. ئەوانەی ڕابردوو لەیاد ناکەن و مێژوو وەک خۆی دەگێڕنەوە، ئەم ڕاستییە باش دەزانن.
ئێمە خەبات و تێکۆشانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەیاد ناکەین. بە سوودوەرگرتن لەو میراتە سیاسی و ڕۆشنبیرییەی مامۆستا بۆ ئێمەی جێهێشتووە درێژە بە خەبات دەدەین و بە ئومێدەوە بۆ داهاتوو دەڕوانین. ئەمەش ئەرک و بەرپرسارێتی ئێمەیە بەرامبەر نەتەوەکەمان و وەفاداریمان بۆ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد.
بافڵ #جەلال تاڵەبانی#
8ی نیسانی 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!