مام جەلال بڕیارێک لەسەر خۆی دەدات
لە نامەیەکی بڵاونەکراوەدا
بەبۆنەی ساڵیادی بوونی بە سەرۆک کۆمار نامەیەکی تایبەت و بڵاونەکراوەی مام جەلال کە هی ساڵی 1987ە لە ئەرشیفی باوکمدا (جەبار فەرمان) دۆزیمەوە بەپێوستم زانی بەم بۆنەوە بڵاوی بکەمەوە. چۆنێتی مامەڵەی مام جەلال دەردەخات لەگەڵ هاوڕێکانی.
برا گیان کاک جەباری بەڕێز
سڵاوێکی گەرم
شادی و سەرکەوتنتانم داوایە و ئێمەش باشین.
ئەمڕۆ (م س) داوای لێ کردم کە
1- خۆم بنێرمەوە تاران.
2- تۆش بنێرمەوە ناوەوە. لەگەڵ کاک فەریدونیش قسەم کرد دەڵێ زۆر کارمان بەکاک جەبار هەیە: جا خوا حافیزو خوا پارێزگارت بێت. بۆ کارەکەی لای خۆت و وا کاک شەوکەتم نارد پێی بسپێرن.
تکام وایە ئەم نامەیەم بەپەلە بنێریت بۆ کاک قادر بەزوویی و بە زوویی وڵامەکەم بدنەوە بەکاک شەوکەت.
ببورە لەو هەموو ئەرک و کارانەی پێم کردویت:
بەڵام حەزەکەم -پێت بڵێم- بەتایبەتی کە دەڕۆم بۆ دەرەوە کە من تۆ بە یەکێک لە خۆشەویسترین هەڤاڵەکانی خۆم دەزانم، یەکێک لە نزیکترین برایانی خۆم، بەسەرکردەیەکی باش و لێوەشاوەی شۆڕش و (ی ن ک)یش و بە تێکۆشەرێکی نەبەزیشت دەزانم. ڕەخنەو گلەیەکانیشم
- کە زۆر کەم بوونە- هەر بۆ گەشەپێدان و خەمڵاندنی خۆت بووە: لەگەڵ ئەوەشا گەر جارێک دڵت لێم هێشاوە داوای لێ بوردن دەکەم.
بەگەرمی دەستەکانت دەگوشم و داوای سەرکەوتن و گەشەکردنت بۆ دەکەم و
هەر بژی بۆ
برای دڵسۆزتان مام جەلال[1]
1987-11-23