لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری کودستان کاتی پێگەیشتنی کولەکەیە، بەڵام بێ بازاڕی وایکردووە بەرهەمەکە لە بری بازاڕ فڕێبدرێت، زۆرن ئه و جووتیارانەی دەستیان لە کێڵگەکانیان هەڵگرتووه و ڕەنج بە خەسار ماونەتەوە، لە سنووری #سۆران# یەک زەرفی کولەکە، کە 18 کیلۆی تێدایە بە 500 دیناری عێراقی دەفرۆشرێت.
لوقمان بابۆڵی لە گوندی ماوەتانی حاجی ئۆمەران سێ دۆنم زەوی بە کولەکە داچاندووە. بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەکەی دوو تۆنە، هەموو ڕۆژ بەرهەمەکە دەچنێت. بەڵام لە بری بردنە بازاڕ فڕێیان دەدات.
لوقمان بابۆڵی دەڵێت: وێرای خەرجی قەتران و جووت و تۆ و سەماد کە زیاتر لە سێ ملیۆن دینار خەرجیم بووه، ئێستا بەرهەمەکەم لە بری بردنە بازاڕ فڕێدەدەم. بەڕاستی جووتیار ئەمساڵ بێناز و ڕەنج بەخەسار چووین.
بە بێچەوانەی نرخەکەی بەرهەمێکی زۆری کولەکە داچێندراوە. چنینی بەرهەمەکانیان بۆ خراپ نەبوونی کێڵگەکانە، هەر زەرفێکی کولەکە کە 18 کیلۆگرامە تەنها بە 500 دینار دەفرۆشرێت.
چەند جووتیارێک کە خاوەن چەندین جۆر بەرهەمی وەرزیی کشتوکاڵن، بەڵام بەدەست بێ بازاڕییەوە دەناڵێنن. عومەر یەک تۆن کولەکەی لە عەلوەی #هەولێر# بە بڕی 80 هەزار فرۆشتووە و کرێی گواستنەوەشی 110 هەزار دینار بووە.
عومەر ڕەمەزان جووتیارە و دەڵێت: 27 کیسم لە هەولێر بە 27 هەزار فرۆشراوە، 60 هەزارم لە کرێداوە، چیدیکە خزمەتی زەویەکەم ناکەم و ئاوی نادەم قەتیش کاری کشتوکاڵی ناکەمەوە.
هەرچەندە باجی گومرگی لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکان، ڕێ لە هاوردەکردنی بەرهەمە بیانییەکان دەگرێت، هۆکاری بێ بازاڕیەکەش وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ زۆری بەرهەم و کەمی بەکاربەر دەگێڕێتەوە.[1]