ماڵەکەی ساڵحی کەلەپوردا، 10 هەزار کەلوپەلی کەلەپوریی هەیە، بێ ئەوەی یەک پارچەیان دووبارە بێت، بەمەس بووە بە یەکەمین ماڵی کەلەپوریی ناحکومیی.
ساڵح محەمەد-ی تەمەن 64 ساڵ ئەو هاوڵاتییەیە، کە خۆشەویستی بۆ کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپوریی ماوەی 43 ساڵە ماڵێکی بە ناوی (ماڵێ ساڵحی کەلەپور) لە ناوەڕاستی بازاڕی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لە ژێر زەمینێکدا داناوە و خەڵک لە ناوخۆی گەرمیان و دەرەوەی گەرمیان و هەندێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە دێن بۆ بینینی.
ماڵی کەلەپوری ساڵح ساڵی 1975 دروستکراوە و دوای پرۆسەی ئەنفال لە ساڵی 1988 ئەم ماڵە ڕووی لە فراوان بوون کردووە، لەکوردستاندا یەکەم و گەورەترین ماڵی کەلەپوری ناحکومیە، کە زیاتر لە 10 هەزار پارچەی کۆنی کلتوری و کەلەپوری تێدایە، کە کەلوپەلی پارچەکانی تری کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی تێدایە، هەروەها پارچەی وای تێدایە لە جیهاندا وێنەی نیە و هیچ پارچەیەکی تێدا دووبارە نیە.
لەماڵەکەی ساڵحدا، کترییەکی ئاو گەرمکردن هەیە 240 پیاڵە ئاو دەگرێت و پێنج کیلۆ و نیو قورسە و 1200 ساڵ تەمەنی دەبێت و وێنەی سەعید شیرازی لەسەر نەخشێنراوە، تفەنگی شەڕەکانی سەردەمی شێخ سەعیدی پیران و قازی محەمەد یش لەو ماڵەدا هەیە.
هەروەها، مەنجەڵ هەیە حەوت سەر ئاژەڵی تێدا جێدەبێتەوە لەکاتی لێنانی خواردندا، زیاتر لە 50 کیلۆ قورسە و خواردنی نزیکەی 300 کەسی تێدا جێگادەبێتەوە.
هەر لە ماڵەدا مۆرێک هەیە مێژووەکەی بۆ 2800 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، سکەی پارەی ساسانی و ڕۆمانی و عەباسی و فەرهادی تێدایە، هەروەها کتێبێکی تێدایە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 800 ساڵ پێش ئێستا.
هەروەها، خەنجەر و بڕنەو و بێشکە و دەوار و چیخ-ی تێدایە، کڵاو زەڕ و هەیاسە و کەمەرەی تایبەت بە بووک، سێ پاو و دەسک و هاوەن تایبەت بە کونجی و خورما و قاپ و چرا و تەزبیح و سەماوەر و تەلەفزیون وجاجم و فەرشی تێداهەیە و هیچ پارچەیەک لە پارچەکانی ئەم ماڵە کەلەپورە تێدا نیە تەمەنی 100 ساڵ کەمتر بێت، پارچە هەیە، کە تەمەنی دوو تا چوار هەزار ساڵ تێدایە.
ساڵح محەمەد، بە کرێی خانوو و ئەو مووچەیەی وەری دەگرێت، ئەو کەلوپەلانە دەکرێت و وەک خۆی باسیکرد، تەنانەت پارەی بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل کۆکردووەتەوە، بەڵام لە خۆشەویستیی بۆ کەلوپەلی کۆن، ئۆتۆمبێلەکەی نەکڕیوە و پارەکەی بۆ کڕینی چەند پارچەیەکی دیکەی کەلەپەوریی خەرج کردووە.
ماڵە کەلەپورییەکە، زیاتر لە 12 ساڵە لەژێر زەمینێکدایە، چەندین جار داوای لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەشێک لەبەرپرسانی حزبی و حکومی کردووە بۆ ئەوەی هۆڵێک یا مۆزەخانەیەکی تایبەتی بۆ دروست بکەن تا ئەم کەلوپەلە کەلەپوریانە لەناو نەچێت، بەڵام هاوکارییان نەکردووە.[1]