پیاوێکی خەڵکی #دهۆک#، لەگەڵ هاوژینەکەی بۆ گەشت و سەیران دەچنە دەرەوە، بەڵام لە ڕێگای نێوان زاخۆ و دهۆک لە ئۆتۆمبێلەکەی فڕێی دەداتە دەرەوە، پاشان لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت و بە بەرچاوی دوو منداڵەکەیەوە بە بەرد دەیکوژێ.
جیهان حەکیم، تەمەن 27 ساڵ، خاوەن پێداویستیی تایبەت بوو (کەڕولاڵا بوو)، دایکی دوو منداڵ بوو بە ناوەکانی مەککە و مەلەک، دووگیان بوو بە منداڵی سێیەمی. ڕۆژی 14/4/2018 هاوژینەکەی داوای لێدەکات بۆ گەشتکردن بچنە دەرەوە، بەڵام لە ڕێگای نێوان زاخۆ و دهۆک لە ئۆتۆمبێل فڕێی دەداتە خوارەوە، دوای ئەوەی بەردبارانی دەکات، خوێنبەرەکانی دەست و قاچی بە چەقۆ دەبڕێ و هەر بەوەندەش وازی لێناهێنێ، پاشان بە ئۆتۆمبێلەکەی بەسەری دەکەوێت.
جیهان ساڵی 2011 بە خواستی خۆی شووی بە (ئە.ع) کردووە. کەسوکارەکەی دەڵێن (ئە) شەش مانگ لەمەوبەر هەڕەشەی کوشتنی لە جیهان کردبوو.
فەتیحە حەسەن کە دایکی جیهانە و یەکەم کەس بووە جەستەی بێ گیانی کچەکەی بینیوە، دەڵێت لە ژیانمدا شتی وام نەبینیوە، کەسێک بەو شێوە دڕندانەیە ئەشکەنجە بدرێ.
فەتیحە کاتێک باسی منداڵەکانی کچەکەی دەکات، لە پڕمەی گریان دەدات و دەڵێت: جیهان دوو کچی هەبوو، دوو گیان بوو، حەزی دەکرد خودا کوڕێکی بداتێ، بەڵام مێردەکەی ئا بەو جۆرە کوشتی.
فەتیحە باسی هەڵسوکەوتی زاواکەی بەرامبەر کچەکەی دەکات و دەڵێت: کچەکەم کەڕولاڵ بوو، لە جیاتی ئەوەی ئاگای لێی بێت، پشتگوێی خستبوو، بەیانیان لە ماڵ دەردەچوو شەو درەنگ دەگەڕایەوە، بەردەوام گەشتی دەکرد، سێ مۆبایلی پێبوو، بە بەرچاوی جیهانەوە قسە و گاڵتەی لەگەڵ ژنان دەکرد.
هەر لەوبارەوە سامیە حەسەن کە ژنێکی بەساڵاچووە و پووری جیهانە، دەڵێت قەت دیمەنی جەستەی ئەشکەنجەدراوی برازاکەی لەبەرچاو ون نابێ. سامیە گوتی ئەوەی بەرامبەر جیهان کراوە، داعش بەرامبەر هیچ کەسێکی نەکردووە.
بە گوتەی سامیە، جیهان بە خواستی خۆی شووی بە (ئە) کردووە، بەڵام بۆ ڕۆژێکیش لەلای ئەو پیاوە نەحەساوەتەوە. ئەو دەڵێت جیهان مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتی هەبوو کە مانگانە 90 هەزار دینار بوو، بەڵام هاوژینەکەی چاوی لەو پارەیەش بوو، لێی دەستاند.
لوقمان کە برای جیهانە، لەبارەی ڕووداوەکە دەڵێت: 13 کاژێر بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیبوو، کەسوکاری (ئە) لەڕێگەی سەرۆک عەشیرەتەکەیانەوە تەلەفۆنیان کرد و گوتیان (ئە) جیهانی کوشتووە.
کەسوکاری جیهان نەیانهێشت بنەماڵەی (ئە) بەشداریی پرسەکەیان بکەن. سەبارەت بە چارەنووسی منداڵەکانیش لوقمان گوتی: منداڵەکانمان ناردنەوە بۆ ماڵی باوکی (ئە). ئێمە ئامادەنین منداڵی پیاوێکی وەها خراپ بەخێو بکەین.
بەهۆی باڵادەستیی گیانی عەشیرەتگەری لە هەندێک ناوچەی بادینان، چارەسەرکردنی ئەو کێشانە زۆرتر لە ڕێگەی سوڵحی عەشارییەوە دەبێ، بەڵام لوقمان دەڵێت: ڕێزمان بۆ عەشیرەتەکەیان هەیە، بەڵام ئێمە حەز دەکەین دادگا دۆسیەکە یەکلایی بکاتەوە و سزای بکوژی خوشکەکەم بدات.
جیهان و هاوژینەکەی ئەندامی کۆمەڵەی کەڕ و لاڵانی کوردستان بوون، هەر لە ڕێگەی ئەو کۆمەڵەیەشەوە یەکدییان ناسیوە. ئاری قادر کە سەرۆکی کۆمەڵەکەیە، دەڵێت ئەندامانیان بەهۆی ئەو ڕووداوەوە تاساون.
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لەبارەی ئەو کەیسە بە (رووداو)ی گوت: هەر دوای ڕووداوەکە تۆمەتبار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا و بەپێی مادە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی بۆ کرایەوە.[1]
#24-04-2018#