لە مانگی نیساندا کە مانگی گرتنی وێنەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانە، بەردەم کۆلێژ و پەیمانگەکان لە پێشانگای گوڵ دەچێ، کاسبکاران و خاوەن پێشانگاکانی فرۆشتنی گوڵی سروشتی، سەر شۆستەکان پڕ دەکەن لە گوڵ.
هەندێک لە قوتابیان لە پێشانگاکان گوڵ بۆ وێنەگرتن ئامادە دەکەن، هەندێکیش هەر لەبەردەم کۆلێژەکەیان گوڵەکە دەکڕن، ئەمە جگە لەوەی کەسوکار و هاوڕێی قوتابییەکان گوڵیان بە دیاری بۆ دەبەن، بەهۆی ئەمەشەوە لەو مانگەدا بازاڕی گوڵی سروشتی بە هەڕمێن دەبێ.
پێشانگای گوڵی سروشتیی ئەمستەردام، تەنیا حەوت مانگە لە شاری هەولێر کراوەتەوە، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا 200 هەزار گوڵی سروشتی فرۆشتووە. بەختیار عومەر کە خاوەنی پێشانگاکەیە، دەڵێت: بەهۆی کاریگەریی تەکنۆلۆژیا و کرانەوەی خەڵک، گۆڕانکارییەکی زۆر لە بیرکردنەوەی خەڵکی کوردستاندا ڕوویداوە. ئێستا خەڵک لەکاتی سەردانی نەخۆش و بۆنەی مارەبڕین و ئاهەنگی هاوسەرگیری، لەدایکبوون، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان و بۆنەی دیکە، گوڵی سروشتی دەبەن.
بەشێک لە بازاڕەکەی بەختیار بەندە بە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری و دەڵێت: ئێستا بەشێک لە زاواکان جگە لە چەپکەگوڵی سروشتی بۆ بووک و ڕازاندنەوەی ئۆتۆمبیلەکانیان بە گوڵی سروشتی، بۆ ڕازاندنەوەی هۆڵی ئاهەنگیش گوڵی سروشتی دەکڕن، هەر هۆڵێک بە نزیکەی 5000 دۆلار دەڕازێنینەوە.
پێشانگاکەی بەختیار سیستەمی گەیاندنی گوڵی سروشتی هەیە، کۆدی تایبەت دەداتە موشتەرییەکانی و دەڵێت: کۆمەڵێک کڕیارمان هەیە، کۆدی تایبەتیان هەیە، هەفتانە یان مانگانە بەردەوام لەکات و شوێنی جیاواز گوڵی سروشتییان بۆ دەبەین.
زۆربەی فرۆشی پێشانگاکەی بەختیار لە ڕۆژی ڤالانتاین بووە، هەروەها ئەم مانگەش بازاڕی گەرمە، ئەویش بەهۆی ئاهەنگی وێنەگرتنی قوتابیانی دوا قۆناغی پەیمانگە و زانکۆکان.
سەبارەت بە نرخی گوڵەکانیش، بەختیار دەڵێت: نرخی چڵێک گوڵی سروشتی بە سێ هەزار دینارە، تاوەکو گوڵەکانیش زۆر و جۆراوجۆر بن نرخەکەی دەگۆڕێت. چەپکە گوڵ هەیە نرخەکەی دەگاتە 250 دۆلار، بەڵام بەشێوەیەگی گشتی نرخی ئەو چەپکە گوڵانەی لەو دوو بۆنەیە فرۆشتوومانە زیاتر لەنێوان 20 تاوەکو 50 هەزار دیناردا بووە.
لە پێشانگاکەی بەختیار جۆرەها گوڵی سروشتی و گەڵای ڕازاندنەوەی گوڵ هەن، بەڵام هەموویان هاوردەن. بەختیار دەڵێت: لەکوردستان بەتایبەتی لە وەرزی بەهاردا گوڵ و دەوەنی سروشتی زۆر جوان هەیە، دەکرێت بۆ ڕازاندنەوەی بۆنە و ئاهەنگەکان سوودی لێ ببینرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی دوای لێکردنەوەی توانای مانەوەیان زۆر کەمە، بۆیە ناتوانین سوودی لێ وەربگرین.
بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر گوڵ و نەمامی سروشتی هەیە، بەدەیان کۆمپانیا و نەمامگەی تایبەت کراونەتەوە و گوڵ و نەمامی سروشتی لە وڵاتانی هۆڵەندا، تورکیا، ئێران و کینیا و چەندین وڵاتی دیکەوە دەهێننە هەرێمی کوردستان.
سدقی بەرواری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیا و پێشانگا و کێڵگەی کوردستان فلاوەر، گوڵی سروشتی هاوردە دەکرد، بەڵام ساڵی ڕابردوو وەک تاقیکردنەوە 15 هەزار گوڵی دایکانەی لەهۆڵەندا هێنا و لەنزیک گوندی سێنارەی هەولێر لەسەر ڕووبەری 4000 مەتر دووجا چاندی، ئەمساڵ 120 هەزار گوڵی بە پێشانگاکان فرۆشتووە.
سدقی بەرواری، گوتی کواڵیتی گوڵەکانمان زۆر باشە و تێستمان کردووە 18 ڕۆژ دەمێننەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەین کواڵیتییان بەرز بکەینەوە بۆ ئاستی گوڵی ئیکوادۆری کە ئێستا پێش گوڵی هۆڵەندی کەوتووە.
بەرواری، ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ چاندنی 20 دۆنم زەوی بە گوڵی ڕۆزی هۆڵەندی لە سنووری ناحیەی بەحرکەی شاری هەولێر. ئەو دەڵێت: ئێستا 8 ڕەنگ گوڵی ڕۆزمان هەیە، لە هەوڵی هێنانی نەمامی دایکانەی سەرجەم ڕەنگەکانی دیکەی گوڵی ڕۆزین، هەوڵی دروستکردنی گوڵێکی چەند ڕەنگی دەدەین، مەبەستمانە لە داهاتوودا وەک براندێک بەناوی نەورۆز لە بۆرسەی هۆڵەندا بیفرۆشین.
هاوشێوەی بۆرسەی نەوت، زێڕ، دۆلار و ماددە کانزاییەکانی دیکە، لە هۆڵەندا بۆرسەی فرۆشتنی گوڵ هەیە، زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری گوڵ، بەرهەمەکانیان لەم بۆرسەیە نمایش دەکەن، ماوەی چەند ساڵێکیشە کۆمپانیاکانی کوردستان لەو بۆرسەیە گوڵ و نەمام دەکڕن و هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەن.
سدقی بەرواری دەڵێت: بەپێی بەدواداچوونی ئێمە ئێستا لەکاتی ئاسایی مانگانە زیاتر لە 120 هەزار گوڵ لە پێشانگا و نەمامگەکانی کوردستان دەفرۆشرێت، لەکاتی بۆنەکانیش ژمارەکە زۆر بەرز دەبێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ساڵانە یەک ملیۆن و 500 هەزار گوڵ لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێ.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ساڵی 2013دا حەوت ملیۆن و 218 هەزار نەمام و گوڵی سروشتی لەلایەن 18 کۆمپانیا و نەمامگەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام ساڵی ڕابردوو بەهۆی گرفتی ڕێگا و وەستانی گەشتی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، تەنیا 3 ملیۆن و 573 هەزار نەمام و گوڵ هاوردە کران.
سدقی بەرواری دەڵێت: ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار لە هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ هێنانی گوڵی سروشتی دەچێتە دەرەوە، بۆ نموونە ئێمە ساڵی ڕابردوو بۆ پێشانگاکەی خۆمان بایی ملیۆنێک و 700 هەزار دۆلار گوڵمان تەنیا لە کینیا هاوردە کرد.
شوانێک دەبێتە گوڵفرۆش
ئاهەنگەکانی وێنەی دەرچوون، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بووەتە دەستکەوت و داهاتێکی باش بۆ زۆر کەس، بۆ نموونە گۆڤەند خەلیلی تەمەن 20 ساڵ. ئەو کە دانیشتووی هەولێرە و پێشتر شوان بووە، ماوەیەکە وازی لە شوانێتی هێناوە و بووەتە گوڵفرۆش. لە هەر کۆلێژ و پەیمانگەیەک ئاهەنگی دەرچوون هەبێ، لەوێ ئامادەیە. گۆڤەند زۆر حەزی لە پیشە تازەکەیەتی و بەنیازە بەردەوام بێ. ئەو دەڵێت لە نەمامگەکان هەشت گوڵ بە 10 هەزار دینار دەکڕین و دوای ڕازاندنەوەی، هەر گوڵێک بە 2000 دینار دەفرۆشین، ڕۆژانە نزیکەی 40 هەزار دینارم دەستدەکەوێت.[1]
#24-04-2018#