هەرچەندە ساڵانە بڕێکی زۆر گەنم لە دەشتی شارەزوور بەرهەمدەهێنرێت و حکومەتی عێراقی ئامادە نییە هەموو ئەو گەنمە لە جوتیاران وەربگرێت، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژە وەزارەتی بازرگانی عێراقی دەستی کردووە بەناردنی گەنم بۆ هەریەکە لە سایلۆکانی سەیدسادق و پیرەمەگرون کە لە وڵاتانی ئوسترالیا و ئەمەریکای کڕیوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە سایلۆی سەیدسادقەوە دەستی دواڕۆژ کەوتووە، ماوەی دوو ڕۆژە حکومەتی عێراقی لەڕێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە دەستیکردووە بە ناردنی گەنمی ئوسترالی بۆ سایلۆی سەیدسادق و گەنمی ئەمریکی بۆ سایلۆی پیرەمەگرون، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی کە گەنمی پێویست لەو دوو سایلۆیەدا نییە بکرێتە ئارد و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکرێت.
ئەوەش زانراوە، کە حکومەتی عێراق بڕی 12 هەزار تۆن گەنم هەناردەی سایلۆکانی سەیدسادق و پیرەمەگرون دەکات بەجۆرێک بۆ سایلۆی سەیدسادق بڕی چوار هەزار تۆن و بۆ سایلۆی پیرەمەگرونیش بڕی هەشت هەزار تۆن دەنێرێت، کە هەریەک تۆن گەنم بە بڕی 270 دۆلار کڕدراوە.
دواڕۆژ ئەوەشی زانیوە کە لەئێستادا کۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 لای حکومەتی عیراقی ماوەتەوە، نەدراوە بەو جوتیارانەی کە گەنمیان ڕادەستی سایلۆی سەیدسادق کردووە بڕی 30 ملیار دینارە و تا ئێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ دابەشکردنی ئەو پارەیەی گەنمی جوتیاران.[1]
#06-04-2018#