دواڕۆژ – ڕێبین حەسەن
بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی #باشماخ#، ئاشکرایدەکات ڕێژەی هاوردەکردنی سوتەمەنی و #بەنزین#، بەهۆی کرانەوەی تاکە دەروازەی نێوان هەرێم و ئێران، کە لەئێستادا باشماخە، زۆر زیادیکردوە.
شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ، تایبەت بۆ دواڕۆژ، ڕایگەیاند لەئێستادا مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، تاکە دەروازەی ڕەسمی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ڕۆژانە بڕێکی زۆری سوتەمەنی و بەنزینی لێوە هاوردەی هەرێم دەکرێت.
راشیگەیاند سەبارەت بە زیادکردنی سوتەمەنی، هەرچەندە پەیوەستە بەخواست و خستنەڕوو لە بازاڕ، بەڵام ئێمە ئاسانکاریی تەواو دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین ڕۆژانە زۆرترین تەنکەری سوتەمەنی و بەنزین بێتە هەرێمەوە، بەپێچەوانەوە ناتوانین هانی خەڵک بدەین بێت لێرەوە بچێتە خاکی ئێران و لەوێوە سوتەمەنی بهێنێت.
جەختیشیکردەوە، هەر کەسێک بیەوێت سوتەمەنی هاوردە بکات لەڕووی یاساییەوە، هەر ئاسانکارییەکمان بۆ بکرێت بۆی دەکەین، تا بەهەرزانترین نرخ و باشترین شێوە لەوەی ئێستا هەیە، ڕۆژانە بڕێکی باشی بەنزین بگاتە هەرێم و دەستی هاوڵاتیان.
شاخەوان بەکر وتیشی پێشتر ڕۆژانە نزیکەی (30 – 40) تەنکەری بەنزین لەباشماخەوە هاوردەی هەرێم دەکرا، بەڵام لەئێستادا بەرزبۆتەوە بۆ نزیکەی (150) تەنکەر.
لایخۆشیەوە، ئەزوەر مەحمود، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند لە دوایین سەردانماندا بۆ مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دیوی ئێران، لەگەڵ بەرپرسانی مەرزەکەدا کۆبوینەوە و لەبارەی چەندین پێشهات و گۆڕانکاریی نوێوە گفتوگۆمان کرد.
جەتیشیکردەوە بڕیارماندا گەراجێکی تایبەت بەتەنکەرەکان لە دیوی هەرێمی کوردستان، بکەینەوە تا سوتەمەنی زیاتر هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت و پێویستیشە پارکێکی مۆدێرنی ئێشکگریی هەبێت و (24) کاتژمێر کراوە بێت.[1]
#14-12-2017#