رێکخراوی یونسێف، لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاشکرایدەکات، بەهۆی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق خوێندن لە لای هاووڵاتیان گرنگی نەماوە، بەشێک لە قوتابیانیش وازیان لە خوێندن هێناوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئاب، پیتەر هاوس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی یونسێف لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە میانەی خستنەڕووی توێژینەوەیەک لەبارەی تێچوو و سوودەکانی پەروەردە، لە کۆنفراسێکی تایبەتی وەزارەتی پەروەرده و ڕێکخراوی یونسێف لە هەولێر، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی قەیرانی دارایی ڕێژەیی دەرنەچوون لە قۆناغەکانی خوێندن لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە ڕەوشەکە بەشێوەیەکی لێهاتووە لای هاووڵاتیان خوێندن هیچ گرنگییەکی نەماوە.
بەڕێوبەری ڕێکخراوی یونسێف، ئەوەشی خستەڕوو، دوای سەردانیکردنێکی مەیدانی بۆ قوتابخانەکانی هەرێم دەرکەوتووە کە هێشتا دوو دەوامی و سێ دەوامی لە قوتابخانەکان بەردەوامیان هەیە، ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ ستانداردە جێهانییەکان و کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتووی خوێندن.
نابراو، ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی قەیرانی دارایی تێچوون و بودجە بۆ کەرتی پەروەردە ڕووی لە کەمیکردووە، لەکاتێکدا نابێ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئه و بودجەیە کەمبکاتەوە، ئەوەشیان بەسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە و ئەویش بەڵێنیداوە تێچووەکان کەمنەکاتەوە.
پیتەر هاوس، وتیشی هیچ ڕاپۆڕتکمان لە بارەی سەرکەوتن و شکستی خوێندن لە بەردەستدا نییە، هەروەها ڕاپۆرتی ڕوون نین لە بارەی کوالیتی خوێندن.
ناوبراو، ئاشکراشیکرد، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 4 هەزار قوتابخانە و بەردەوام نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە کۆنەکان هەیە، ئەوەش پێویستی بە هاوکاری دارایی هەیە، بۆ ئەمەش وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە هاوکارییەکانی وڵاتانی ئەڵمانیا و ژاپۆن و بانکی جیهانی دەبێت بۆ کەرتی پەروەردە.
سەرۆکی ڕێکخراوی یونسێف، جەختیشی لەسەر کردنەوەی خولی ڕاهێنان و مەشقی مامۆستایان کردەوە و ئاماژەشی بەوەکرد، بۆئەوەی ژینگەی لە بار دروستبکرێت لە نێو قوتابخانەکان و دووربێت لە گرژی و توندەڕەوی، پێویستە مامۆستایان گرنگی بە بەهاکان بدەن.
17-08-2017