دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تا یەک مانگی دیکە ڕێگە بە هاوردەکردنی گەنمی ئارد دەدات و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمیش دەڵێت، بەهۆی بارودۆخی ئێستای هەرێمەوە ئەو بڕیارە دراوە.
بەپێی نوسراوی ژمارە 2554 کە ئەمڕۆ ڕۆژی 1ی ئاب دەرچووە، بڕیاردراوە دانەوێڵە هاوردە بکرێت.
لەخاڵی یەکەمی نوسراوەکە کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی کراوە، باس لەوەشکراوە کە ڕێگە بە هاوردەکردنی گەنمی ئارد کراوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان تاوەکو 1 ئەیلولی 2017، بە هەموو جۆرەکانیەوە بۆ کۆمپانیاکانی بازرگانی گشتی و ئاشە بازرگرانییەکان.
لە نوسراوەکە باس لەوەشکراوە، کە دوای 1ی ئەیلول هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکرێت و ئینجا بڕیاری تر دەدرێت، هاوکات باس لە هاوردەکردنی گەنمی وردکراو و ساغی تایبەت بە ئالیکیش کراوە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند نوسراوەکە گرنگە بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخەی لە ئێستادا لە بازاڕ دروستبووە، نەمێنێیت.
وتیشی، لە بازاڕ سیاسەت حوکم دەکات و ئەم بارودۆخە کاریگەریی لەسەر بازاڕ دروستکردووە، بۆیە ئاسانکاری نەک تەنها بۆ گەنم، بەڵکو بۆ کەلوپەلی تریش کراوە.
01-08-2017