ڕۆژنیوز- هاوکار مستەفا
تێکەڵبوونی پاشەڕۆی کارگەکان و ئاوەڕۆی شاری سلێمانی و دەوروبەری بە ئاوی #تانجەرۆ# و دواتر تێکەڵبوونی بە ئاوی دەریاچەی #سیروان#، کارەساتێکی ژینگەیی دروستکردووە و بوەتە هۆی لەناوچونی هەزاران ماسی، بەرپرسێکیش دەڵێت تا ئێستا کەس لەو دیاردەی نەپرسیوەتەوە.
زیاتر لە هەفتەیەکە بە درێژایی زیاتر لە 10 کیلۆمەتر لە سنوری دەریاچەی سیروان بەتایبەت لە گوندەکانی قەڵبەزە و کانی بەردینەی نزیک شارۆچکەی شارەزوور، ڕۆژانە بە سەدان ماسی ئەو دەریاچەیە لەناو دەچن و بۆن و بەرامەیەکی ناخۆشییان لەناوچەکەدا بڵاوکردوەتەوە ژینگەی کەنار دەریاچەکەیان تێکداوە.
ڕائید سەردار ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارەزوور، بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: حاڵەتی لەناوچونی ئەم ماسییانە ساڵانە لەم وەرزرەدا بەتایبەت لە دوای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی 50 پلەی سیلیزی دەستپێدەکات تا 15/8 بەردەوام دەبێت، ئەوەندەی کە بەدواداچونمان کردبێت چەند هۆکارێک هەن کە بوونەتە هۆی لەناوچونی ژمارەیەکی زۆر لەماسی دەریاچەکە بەتایبەت جۆری 'ڕەقە ماسی'.
ئاماژەی بەوەش کرد: گرنگترین هۆکارەکان بریتین لە تێکەڵبوونی پاشەڕۆی ژمارەیەکی زۆری کارگەکانی سلێمانی کە مادەی کیمیایان تێدایە و تێکەڵبوونیان بە ئاوی تانجەرۆ و دواتر دەڕژێتە ئاوی دەریاچەی سیروانەوە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و جارێکی تر تێکەڵبوونی پاشەڕۆی ئاوەڕۆی شاری سلێمانی و دەوروبەری بە ئاوی دەریاچەکە، هۆکارێکی تری سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتی بەشی سامانی ماسی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ لە نزیکەوە نەهاتوون بۆ لێکۆڵینەوە لەم دیاردەیە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارەزوور ئەوەشی وت: لەناوچوونی ئەم ماسییانە سەرەڕای ئەوەی زیانێکی زۆری بەو کەسانە گەیاندووە کە بژێوی ژیانیان لەسەر ڕاوەماسییە،هاوکات کارەساتێکی ژینگەییشیان لە ناوچەکەدا دروستکردووە، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەرێک بۆ ئەم حاڵەتە نەدۆزنەوە، کارەساتێکی گەورەتری ژینگەیی چاوەڕێی دەشتی شارەزوور دەکات.
لەبارەی هەمان بابەت هاوکار محەمەد، کە سەرقاڵی ڕاوەماسی بوو لە دەریاچەی سیروان بەم جۆرە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد: بەداخەوە ئەم دیاردەیە ساڵانە لەم وەرزەدا دوبارە دەبێتەوە، هەزاران ماسی لە جۆری ڕەقە لەناودەچن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێکی حکومیمان نەبینیوە بێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم دیاردەیە، چونکە ئەمە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سامانی ماسی و زیانی زۆریشی لە ئێمە داوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دیاردەی لەناوچوونی ئەم ماسیانە بەدرێژایی زیاتر لە 10 کیلۆمەتر بەدیدەکرێت بەتایبەت کە ڕۆژانەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ڕێژەی ئاوەکەش کەم دەکات و ژمارەیەکی زیاتر لە ماسی لەناودەچن، ئێمەش لە بێکاریدا ڕوومان لەم دەریاچەیە کردووە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانمان و ئەگەر ئەم دیاردەیەش هەروا بەردەوام بێت ئێمەش ناچارین ئێرە جێبهێڵین و بەدوای کارێکی تردا بگەڕێین.
هاوکار محەمەد، ئەوەشی باس کرد: دەبوایە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام چاودێری ئەم دەریاچەیان بکردایە و ساڵانە گەرای ماسییان تێبکردایە، بۆ ئەوەی ڕێژەی ماسی زیاد بکات، بەڵام حکومەت ئەو پلانەی نییە و ئەوەی کە ئێمە دەیبینین ساڵانە لەوەرزی قەدەغەکردنی ڕاوەماسیدا هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناوچەکە دێن چاودێری دەریاچەکە دەکەن بۆ ئەوەی کەس ڕاوەماسی نەکات.
01-08-2017