بە هۆشیارییەوە پەنجەی لە سەر پەلەپیتکەی قەناسەکەیەتی و چاوەکانی لە سەر دووربینەکەی و بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکات و هەموو جمووجووڵەکانی چەتەکانی داعش ڕادەگەیەنێت بە شەڕڤانانی دیکە، لەپاڵ ئەوەشدا بەردەوام گوێ دەگرێتە دەنگی گۆرانی وتنی چۆلەکەکەی.
جەنگی گەورە بۆ ڕزگارکردنی ڕەقە لە 19یەمین ڕۆژیدایە، شەڕڤانان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕەکەدا بە ورەی بەرزەوە تێدەکۆشن، پەیامنێرێکی ئاژانسی ئانها بیرەوەرییەک دەگێڕێتەوە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی ڕەقە و باس لە پەیوەندی قەناس بەدەستێکی یەپەژە دەکات لەگەڵ چۆلەکەکەی.
فەراشین قژڕەش، یەکێکە لەو شەڕڤانانەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، کە لە بەرەی پێشەوەی شەڕ لە گەڕەکی حتینی ڕۆژئاوای ڕەقەدا جێی گرتووە، قەناسی پێیە، بە ئارامی و لەسەرەخۆییەوە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات، بەردەوام بە هۆشیارییەوە پەنجەی لە سەر پەلەپیتکەی قەناسەکەیەتی و چاویشی لە دووربینەکەی ناتروکێنێت.
رۆژنیوز
لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکەکەیدا، کە پێویست بوو هەموو جمووجووڵەکانی چەتەکان لە نێوان گەڕەکەکانی حتین و نەهزەدا بخاتە ژێڕ چاودێرییەوە، دەنگی چۆلەکەیەک دەبیستێت، دێت بەرەو چۆلەکەکە و سڵاوێک لە ئێمەی پەیامنێران و وێنەگرەکانی ڕاگەیاندنەکان دەکات و داوامان لێدەکات وێنەی دەموچاوی نەگرین.
پاش ئەوە چۆلەکە لە سەر زەوی هەڵگرتەوە ڕووی کردە ئێمە و وتی: ئەم چۆلەکەیە هەڤاڵی منە، کاتێک شەڕ ئارام دەبێتەوە گۆرانی دەڵێت، چونکە باش دەزانێ من چەندەم حەز لە دەنگی گۆرانییەکەیەتی، دەنگی گۆرانی ئەم هەڤاڵەی من بەردەوام ورەم بەرز ڕادەگرێت.
لە سەروبەندی قسەکانی فەڕاشین قژڕەش و گۆرانی وتنەکانی هەڤاڵەکەیدا بووین، لەپڕ دەنگی تەقەی چەتەکان بەرزدەبێتەوە و فەڕاشین و هەڤاڵەکەی ناچاردەبن پەیامنێرەکان بەجێبێڵن و بچنەوە ناو سەنگەرەکەیان بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکەیان.