ناوی پەڕتووک/ کوردستانێکی ونبوو
ناوی نووسەر/ #مەحموود نەجمەدین#
بابەت/ مێژوو
تیراژ/ 500 دانە
چاپخانە/ کارۆ
ئەم پەڕتووکە لە بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بە هاوکاری کەناڵی خاک
ئەم پەڕتووکە باس کورد لە قەفقاز دەکات، باسی نەهامەتی و دەردی سەری و ئاوارەیی کوردەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دەکات.
کورد لەوناوچەیە هەر لەسەردەمی ڕووسیای قەیسەری هەتا سەردەمی ستالین و تا هەنووکەش دەچەوسێندرینەوە.
کورد لەوناوچەیە بە دەست کۆچی زۆرە ملییەوە دەناڵێت و خەریکە زمان و کلتوری خۆی لەدەستدەدات.
کوردستانی سوور بەشە بچووکەکەی کوردستانە کە لە چەند شارێک و کۆمەڵێک گوند پێکدێت کە کەوتۆتە نێوان خاکی ئەرمەن و ئازەرەوە. لەمێژ ساڵە وەک کێک لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا دابەشکراوە.
کورد لە قەفقاز مێژووییەکی کۆنی هەیە، لەرابردوودا خاوەنی دەسەڵات و پێگە و جێگەی خۆی بووە، بەڵام هەر لەسەردەمی ڕووسیای قەیسەری هەتا عوسمانییەکان و دواتریش ستالین و کەسانی دوای ستالینیش ستەمیان لێکردوون و هەمیشە وەک ماشە بەکارهێنراون، بە جۆرێک پەرتەوازە کراون کە پێناچێت جارێکی دیکە یەکبگرنەوە.
لەسەر کوردستانی بۆچوونی جیاواز هەیە، دکتۆر کەمال مەزهەر پێی وایە کوردستانی سوور لە پێنج ناوچە پێکدێت، کەڵبەجار، کوردحاجی، موراد خانلی، قەرەقشلاغ و قوتورلی، هەندێکی تر پێیانوایە کە کەڵبەجار، لاچین، قوبادلی، زەنگیلان سنووری کوردستانی سوور پێکدێنن.
کوردەکانی قارس و یەریڤان
بەپێی سەرژمێری ساڵی 1910 ئاماری کوردەکانی قارس و یەریڤان بە 125 هەزار کەس ڕاگەیەنراوە کە 25 هەزاریان ئێزدی بوون.
لەلایەکی ترەوە بەپێی سەرژمێری ساڵی 1897 کورد لە داغستان و باکۆ و هەرێمی ئەلیزا و ڤیتەپول و قارس و هەرێمی کوتائیسی و تیفلیس و شاری چورنەموو و هەرێمی ئیرەڤان (99832) کەس بوون. بە پێی سەرژمێری ساڵی 1916 کوردەکانی پشتی قەفقاز 257132 کەس بوون.
لەدوای هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور لەسەر بڕیاری ستالین کوردەکانی سۆڤیەتی جاران لە ساڵی 1937 تا 1944 بە زۆرەملێ کوردەکان بۆ کازخستان و سربیا و جۆرجیا و چەند وڵاتێکی دوور خرانەوە.
ئەم پەڕتووکە لەبنەڕەتدا باس لەنەهامەتی و چەرمەسەری کورد دەکات لەناوچانەدا.
ناساندن/ جەواد حەیدەری