تەنها لە مانگی ئایاری ڕابردوو، زیاتر لە 900 چەکداری داعش لە پارێزگای نەینەوا لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵةتی دژ بە داعش، کوژراون و بەدەيانی تريش ژەهراوی بوون و لە مەرگ نزيکبوونەتەوە.
سەعید مەموزینی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، ڕایگەیاند :" لە ماوەی مانگی ئایاری ڕابردوو 901 چەکداری داعش لە شەڕەکاندا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئه و چالاکییانەی لە ناو شاری موسڵدا ئەنجام دەدرێن، کوژراون".
ئەوەشی خستەڕوو، کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش له و مانگەدا 16 هاوڵاتی کورد و 12 ڕۆژنامەنووس و 67 ئافرەتی لە موسڵ، گوللەباران کردووە.
بەرپرسەکەی ڕاگەیاندنی لقی 14ی پارتی لە موسڵ، لە لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی "شەرق ئەلئەوسەت" وتیشی :"داعش لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستی بەسەر 1700 سەر مەڕ لە موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەریدا گرتووە، بەهۆی ڕازینەبوونیشیان بەوەی مەڕەکانیان ببەن، دوو لە خاوەن مەڕەکانی کوشتووە".
لای خۆیەوە، غەیاس سورچی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند :" لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوود 40 چەکداری داعش ژەهراویی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی جمهوری شاری موسڵ و نەخۆشخانەکانی تری ئه و شارە، کراون".
بەپێی زانیارییەکانی ئه و بەرپرسە، باری 18 له و چەکدارانە بەتەواوەتی تێکچووە و لە مەرگ نزیکبوونەتەوە، وتیشی :"تائێستا هۆکاری ژەهراویبوونەکە دیار نییە".
هاوکات سەرچاوەیەکی پزیشکی بە ئاژانسی هەواڵەکانی ئەڵمانیای ڕاگەیاندووە :" لە قەزای بعاج لە خۆرئاوای شاری موسڵ 70 چەکداری داعش ژەهراوی بوون".
لای خۆیەوە حازم جابر سەبعاوی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە شاری موسڵ، ڕایگەیاند :"بەهۆی خواردنی ماوەبەسەرچووەوە، 70 چەکداری داعش لەشاری بعاج ژەهراویبوون".
ئاماژەی بەوەشدا، کە زۆربەی ئه و چەکدارانی ژەهراویبوون، چەکدارە عەرەبەکانی ناو ئه و ڕێکخراوەن و لە ئاهەنگێکدا بەشدارییان کردووە، بەهۆی درەنگ گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، زۆربەیان باری تەندروستییان خراپە و لە نەخۆشخانەکەش کێشەی کەمی چارەسەر هەیە.
لەعەرەبییەوە: سۆران
- 02-06-2015