جاری وا هەیە، دوای بارینی بارانێک، بە شێوەیەکی سەحراوی کارگی ژەهراوی لە سەر چیمەن و سەوزەڵانیەکان هەڵدەپۆقن. بەڵام هیچ سیحر و چاوبەستنێک لەم کارەدا نییە و ئەم کارگانە (قارچک) بە هۆی "هەڵاڵە" (spore) کە گەردێکی وردەوە، دەڕوێن و ئەمەش نەتەنیا بۆ ڕوواندنی کارگە ژەهراویەکان نییە، بەڵکوو هەموو جۆرە کارگێک بەم جۆرە پەیدا دەبێ.
کارگێکی سروشتی لە لاسکێکی لوولەیی کە سەلکە بازنەییەکەی ڕادەگرێ پێک دێ، لە دەور لاسکەکەشیدا حەڵقە یان بازنەیەکی باریک هەیە، لە ژێر سەلکە لووس و پانەکەشیەوە پەڕە پەڕەیە و لێرەدایە کە ئەم گەردە وردانە پێک دێن.
ئەم گەردە وردانە (هەڵاڵە، هاگ، spore، سلولێکە کە بێ تێکەڵ بوونی تۆوی نێر و مێ، دەبێتە هۆی ئاوس بوون و ژێان لە هێندێک ڕووەک دا) هەر ئەو کارە دەکەن کە نوتفەی دەنک و تۆو لە ڕووەکی تردا دەیکەن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش نابێ لە گەڵ تۆو لێمان بگۆڕدرێ. هەر کارگێک بە ڕادەیەکی زۆر هەڵاڵە پێک دێنێ کە بە هۆی هەوا و باوە بەملا و ئەولادا بڵاو دەبنەوە و لە شوێنی دیکەدا دەست بە ڕواندن دەکەنەوە و دەبن بە کارگێکی نوێ.
ئەگەر ئەم هەڵاڵانە بەکەونە شوێنێکی گەرم و شێدار و مەوادی پێویستیان پێ بگا، لە بەر ئەوەی ڕووەکێکی یەک خانوویین، دەست دەکەنەوە بە شین بوون. جاری واش هەیە کە ئەم سلولانە لە نێو خۆیاندا هێندە دابەش دەبنەوە کە شێوەی زەنجیرێکی درێژ بە خۆوە دەگرن و لە کۆتاییدا لە گوریس دەچن. بە هەر ڕیشۆڵێک لەم زەنجیرانە دەڵێن "هیفا یان حیفا" Hypha و بە هەموویان پێکەوە دەڵێن "میسلیۆم" Mycellium. لە شوێنی جۆراوجۆری هەر "میسلیۆم"ێک یان زەنجیرە سلوولێکی قارچکەکاندا، شتی خڕ و زۆر ورد دەبینرێن کە دواتر دەبنە کارگ.
هەر بۆیە هەر کاتێک دیتان، کارگی ژەهراوی و کارگی خواردن لە خاکەوە هەڵدەپۆقن، بزانن کە ئەمە لە ڕاستیدا کۆتایی پرۆسەیەکی دوور و درێژی زانستیی یە کە بە جوێ بوونەوەی "هەڵاڵە"کان کە گەردێکی زۆر وردن لە ڕێگایەکی دوورەوە دەستی پێ کردووە.
لە فرهنگ "بمن بگو چرا" بەرگی یەکەم ل.23 تاکوو 25.
تێبینی: لە کوردستاندا بە تایبەتی لە لادێکان و کێو و چیاکاندا زۆر جۆری کارگ هەن، لە دارستانەکانیشدا هی ژەهراوی و لە شوێنی پیس و نێو شیاکەشدا جۆری ژەهراوی هەن. بەڵام بەداخەوە هێشتا لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە و هیچیان لەسەر نەنووسراوە. کەچی نەتەوەکانیتر چەندین کتێبیان لەسەر قارچکەکان هەیە و هەر کاتێک دەڕۆن بۆ کارگ هێنانەوە، یەکێک لەم کتێبانە دەبەن و بە، جۆرە، جۆری کارگە باشەکان لە ژەهراویەکان جیا دەکەنەوە. چەندین جۆری هەیە کە لە کوردستاندا زۆر حەزی لێدەکەن، ئەویش ئەوانەن کە لە کوێستان و لە بن لۆ و کەما و بێڵەهەڕ دا دەڕوێن، جۆری ژەهراویشی هەیە کە قارچکە گولانە، قارچکە مارانە، قارچکە بیانە، گوپسک و هیتدی پێدەڵێن. (ح.د.