د. ئەفراسیاو هەورامی کەسایەتییەکی گەورەی ڕووناکبیری و ئەرشیفی کوردستان بوو، ئەو ماوەیەی لە یەکێتیی سۆڤیەت بوو، دەرفەتێکی زێرینی بۆ ڕەخسا بۆ ئەوەی بەڵگەنامە و ئەرشیفی ئەو وڵاتە هەڵ بداتەوە و ئەو بابەتە گرنگانەی کە پەیوەندی بە مێژووی کوردەوە هەبوو وەک نووسین یاخود وەرگێڕان ئامادەیان بکات و وەک پەرتووک چاپ و بڵاویان بکاتەوە.
خاوەنی 21 پەرتووکە کە هەندێکیان چاپکراون و ئەوانی دیکەیان وەک دەستنووس ماونەتەوە.
ئەفراسیاو کوڕی حەمە شەریف کوڕی خواجە حسێنە و بەئەفراسیاو هەورامی ناسراوە.
ڕۆژی 21 ئاداری 1957 لە شاروچکەی #نۆدشە#ی سەر بەناوچەی هەورامانی لهۆنی خۆرهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە.
لە نۆدشە و بەندەر عەباس قۆناغەکانی خوێندنی تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا.
لەخانێ و نۆدشە وەک مامۆستا خزمەتی کردووە و بەگیانی شۆڕشگێڕی خوێندکارانی کوردی گۆش کردووە.
د. ئەفراسیاو هەورامی کەسێکی کوردپەوەر و خاوەن هەڵوێست بووە و بەهۆی ئەوەوە تووشی زیندان و ئازاردان بووەتەوە.
لە شۆڕشی گەلانی ئیراندا ڕۆڵی دیاری دەبێت و لەگەڵ باوکی و برایەکی وەک پێشمەرگە بەشداری ئەو شۆڕشە لە کوردستانی خۆرهەڵات دەکەن.
دواتر بەناچاری دێنە باشووری کوردستان و لە باشوور و لە ڕێی حزبی شیوعی ئێراقەوە دەچێتە یەکێتیی سۆڤیەت و لە شاری دووشەمپەی کۆماری تاجیکستان دەگیرسێتەوە و لەوێ دەست بەخوێندنی یاسا دەکات و دواتر دەچێتە ڕووسیا و لە زانکۆی ئیڤانۆڤ درێژە بەخوێندن دەدات و زانکۆ تەواو دەکات و بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست ئەهێنێ.
پاش ئەوەی خوێندن تەواو دەکات و زمانی ڕووسی بەتەواوی فێر ئەبێ، دەرفەتێکی زێڕینی لە مۆسکۆ بۆ ئەرەخسێ بۆ ئەوەی ئەرشیف و بەڵگەنامە کۆنەکانی سۆڤیەت هەڵ بداتەوە و چەندین بابەتی گرنگ سەبارەت بەمێژووی کورد و کوردستانی دەست بکەوێ و وەک سەرچاوە بۆ نووسینی چەندین پەرتووکی دانسقە و بەنرخ سوودیان لێ وەربگرێت، هەندێک پەرتووک و بابەتی تریش لە زمانی ڕووسییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەربگێڕێت.
بەگشتی د. ئەفراسیاو هەورامی خاوەنی 21 پەرتووکە لەو بوارەدا و هەندێکیان چاپکراون و ئەوانی دیکەیان وەک دەستنووس لە دوای بەجێماون.
لە دیارترین پەرتووکە چاپکراوەکانی ئەمانەن (کورد لە جەنگی ڕووسیا لەگەڵ ئێران و تورکیادا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی دووەم جەنگی جیهانیدا، کورد لەئەرشیفی ڕووسیا و سۆڤیەتدا، مستەفا بارزانی لە هەندێک بەڵگەنامە و دۆکیومێنتی سۆڤیەتیدا، کوردەکانی پشت قەفقاس، ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەڵگەنامەی سۆڤیەتدا، پەیوەندییەکانی کوردستان و ئازەربایجان و هەرەسهێنانی هەردوولا لە ساڵی 1946 لە بەڵگە و سەرچاوەکاندا، تراژیدیای کوردەکانی سۆڤیەت، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و سۆڤیەت) و چەندانی تر.
خاوەنی چەندین وتار و لێکۆڵنەوەی ترە سەبارەت بەشوێنی کورد لەبەڵگەنامەکانی سۆڤیەتدا کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستاندا بڵاوی کردوونەتەوە.
ئەم هەموو خەم و خولیای ئەوەبوو کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان فریای ئەو سامانە گەورەیەی ئەرشیفی کورد لە بەڵگەنامەکانی ڕووسیا و سۆڤیەتدا بکەوێ و کەسی ئەکادیمی بۆ بنێرێ بۆ ئەوەی ئەو مێژووە گرنگە بنو#سنە#وە و ڕووناکی ببینێت و بۆ ئەو مەبەستە سەردانی زۆربەی سەرکردەکانی کوردستانی کرد. بەڵام بەداخەوە ئاواتەکەی نەهاتە دی و مەرگی ناوەخت ئەو خەونەی زیندەبەچاڵ کرد.
بەداخەوە ئەم کەسایەتییە ئەکادیمی و هەڵکەوتووەی کوردستان لە ڕۆژی 15ی کانوونی یەکەمی 2010 لە شاری مۆسکۆ کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی 23ی کانوونی یەکەم لەرێوڕەسمێکی شایستەدا تەرمەکەی بەرەو تاران بەرێکرا و دواتر برایەوە شاری #مەریوان# و لە گۆڕستانی دار سەیران لەرێوڕەسمێکی میللی گەورەدا بەخاک سپێردرا.[1]