فەرماندەی خاوەن ئەزموونی پارتیزانی ڕۆژە سەختەکانی شۆڕشی نوێ یە، لە 1983 سەرتیپی (57) ی سەگرمە بووەو کەتیپێکی نموونەیی لێهاتوو بووە. لە (11-10-1983) دا خۆیو (80) پ.م تیپەکەی توانیان مەخفەری پۆلیسی شارەدێی سەنگاو بگرن.
بۆ یەکەمجار بارەگای تیپی (57) ی سەگرمە لە گوندی (مێولێ) دا کرایەوە لەم ڕۆژانەدا لەدیدارێکی ڕۆژنامەنووسیدا بەڕێز کاک ئازادی سەگرمە دیمەنی ڕۆژانی خەباتی پێشمەرگایەتی بۆ گێڕاینەوەو وتی:
لەقاسمە ڕەشەوە بۆ گەرمیان
لەئەنفالەکاندا ڕوومان کردە سنووری (مەڵبەندی) سێ بەڕێزان کاک کۆسرەت ومولازم عومەرو چەند برادەرێکی تری لێ بوو، پێم وتن: (دەمەوێ هێزێکی تایبەتی پێکبهێنم و بگەڕێمەوە بۆ گەرمیان و سنووری سەگرمە، وتیان؛ (بگەرە لای کاک نەوشیروان مستەفا لەقاسمە ڕەش (، بەخێرایی بەڕێکەوتم، لەوێ هەڤاڵان، نەوشیروان مستەفاو فەرەیدون عەبدولقادرو شەهید ئازاد هەورامی و مام ڕۆستەمم بینی، ماوەیەک پێکەوەبووین، لەدواییدا ڕوومان کردە گوێزێ، ڕۆژێکیان کاک نەوشیروان ڕووی کردە مام ڕۆستەم و من وتی: (ئێوە کوڕی ڕۆژە ڕەشەکانن، ئێستا دەبێ وەک دوو لێپرسراوی سیاسی و عەسکەری ڕووبکەنە مەڵبەندی (یەک، دوو) بۆکاری پارتیزانی نوێ، لەوێ باسی چۆنیتەی پێک هێنانی هێزەکانمان کرد، کەهەر دەستەیەک لە (20) پارتیزان زیاتر نەبێ و دەبێ (B.K.Cو R.B.G و قەناسێک و جیهازێک و چەکی بچووکیان پێ بێ) ، جفرەیەکی تایبەتی بۆ پەیوەندی نێوان خۆیان و ئێمە دانرا، لە 20-07-1988 کاک نەوشیروان نامەیەکی تایبەتی نارد بۆ ڕێکخستنەکانی ناوشار (کەدەبێ هاوکاری تەواوی شەهید حەمەڕەش ئازادی سەگرمە بکەن) پێی وتم (جیهازێکی ڕاکاڵمان لە ماڵی شەهید جەباری حاجی ڕەشیدی لێپرسراوی ڕێکخستنی ناوشار حەشارداوە) . ژمارەی تەرەدودی جیهازەکەی پێدام و وتی (لەکاتی زۆر پێویستدا دەتوانن چیتان بوێ بیڵێن و بۆتان جێبەجێ دەکەن، بەڵام ئەو وەڵام ناداتەوە، بۆئەوەی دوژمن پێی نەزانێ) .
من (12) پ.م و مام ڕۆستەم و دەستەکەی مال ئاوایمان لەبرادەران کرد، بەرەو (تاتی ێۆ) کەوتینە ڕآ لەقەندیل و لەوێش ماینەوە بەیانیەکەی گەیشتینە نزیک سوورە دی کاک عومەر فەتاح لەوێ بوو، پاشان ڕێگامان گرتەبەرو ئیوارەکەی گەیشتینە سنووری (دۆڵە ڕەقە) ، کاک عوسمانە بچکۆلمان بینی جیهازێکی بچووکی پێ بوو، شەو لایان ماینەوە، ئیوارەی ڕۆژی دوایی عوسمانە بچکۆل وەک شارەزایەک لەگەڵمان هات، لەپەڕینەوەدا شەهید عەلی نەبی هاوکاری کردین، شەوەکەی گەیشتینە گوندی (گوڵان) لەدامێنی چیای (ماکۆک) ولەشاخەکەدا ماینەوە، پاشان ڕێگامان گرتەبەرو بەیانی زوو گەیشتینە چیای (کەژۆست) ، کاک سیروانی کوێخا نەجم و برادەرانی تیپی (25) ی خاڵخاڵانی لێبوو، لەوێوە ڕوومان کردە بارەگای مەڵبەندی (3) ، کاک کۆسرەت ومولازم عومەرو شەهید حەسەن کوێستانی و شەهید عەبدولڕەزاق و مامۆستا چەتۆ لەوێ بوون، چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوە، لەدواییدا بەرەو دۆڵی سماقوڵی بەڕێکەوتین، هەمووی چۆڵەوانی بوو، مام ڕۆستەم لەوێ مایەوە، جادەی هەولێر- کۆیە بەڕەبایەو هێزەکانی دوژمن تەنرابوو، شەو بەنهێنی پەڕینەوە بۆ دەشتی کۆیە، گوندەکان وێرانەبوون، گوێم لە (قروسکەی) سەگ وپشیلەبوو، لەبرسا گیانیان دەدا، شەوەکەی بەڕێ کەوتین بەرەبەیانیەکەی گەیشتینە ناوباخێک پاشان، نیوەڕۆکەی ڕێگامان گرتە بەر ئێوارەکەی گەیشتینە (هەردەو هەڵەتێک) ، کۆمەڵێ سەربازی هەڵاتووی لێبوو، ڕادەست نەبووبوونەوە، ئێمەیان بینی سەریان سوڕم، پێم وتن (پێشمەرگەکان دەگەڕێنەوە بۆ سنوورەکانیان، شۆڕش بەردەوام دەبێ، زۆریان پێخۆش بوو، کەوتینەڕێ، دنیا تاریک بوو گەیشتینە قەراغ زێ، کەڵەکە وانەکان لەوێ نەبوون، کەڵەکەکانیان شاردبووەوە، ئێوارەی ڕۆژی دوایی چوینە سەرزێ، (کاکە لاو) بەکەڵەکەکەی ئێمەی پەڕاندەوە ئەوبەر، وەستا سابیرو کاکە مەندو چەند برادەرێکی ترمان بینی، هەر دەستەیەکمان لەگەڵ شارەزایەکدا خۆمان حەشاردا، بەیانییەکەی کاک سیروانی کوێخا نەجمء کاک مستەفا چاڵاوایی و شەهید سەرکەوت و خەلیل سێ دەرمان لەگەڵدا بوو، تاگوندی (باوە فەتێ، ئەوان گەڕانەوە ئێمەش ڕێگامان گرتەبەر، شەوەکەی لەجادەی کەرکووک- سلێمانی پەڕینەوە، تاریک و لێڵی بەیانی بوو گەیشتینە بن ئەو هەردوو تاوێری گوندی (چاڵگە) ی ناوچەی هەمەوەند، تا ئێوارە ماینەوە، لەدواییدا جادەی سەنگاو قادر کەرەممان بڕیو گەیشتینە گەرمیان.
هێزەکەی گەرمیان وقەرەداغ کران بە حەوت مەفرەزەی پارتیزانی
لە23-08-1988 لە گوندی (خان) ی نزیک ئاوەسپیدا لەگەڵ برادەرانی کاک عوسمانی حاجی مەحموددا یەکمان گرتەوە، بەجیهازو نامە ئاگاداری پارتیزانەکانم کردەوە کەبگەنە ئەشکەوتەکەی (چەمی قامیشەخان) بۆ کۆبوونەوە (پاشان شەهید حەمە ڕەش، شەهید سەید محەمەد، شەهید مەلا ئەحمەد، شەهید مەحمودی مامە عەزە، شەهید سەید جەوهەر، شەهید شێرکۆ جدی، شەهید هەڵکەوتیئەندازیار، کاک عوسمانی حاجی مەحمود، کاک شێخ کەریم چاوەڕەش، مەلا جەلالی مەسۆیی، کاک مەلا سەعید، کاک حەمە پاڕاوڵەیی، کاک شێخ مەحمودو مامۆستا کاکە ڕەش) هاتن و کۆبوونەوەمان کرد، بەپێی نەخشەیەکی نوێ هێزەکەمان کرد بەشەش مەفرەزەی پارتیزانی نوێ وە.
+ مەفرەزەی پارتیزانەکانی بناری گل و دووز وەک دوو دەستە وابوو لەناویەک دەستەدا بەفەرماندەی شەهید سەید جەوهەرو شێخ کەریم چاوڕەش.
+ مەفرەزەی پارتیزانەکانی ناوچەی کفریو سەرقەڵای لای ئاوەسپی بەفەرماندەی کاک عوسمانی حاجی مەحمود.
+ مەفرەزەی پارتیزانەکانی ناوچەی سەنگاو ئاجداغ بەفەرماندەی شەهید حەمەڕەش.
+ مەفرەزەی پارتیزانەکانی نێوان کەلارو کفری بەفەرماندەی شەهیدان سەید محەمەدو مەلا ئەحمەد.
+ مەفرەزەی پارتیزانەکانی ناوچەی کەلار و دەربەندیخان بەفەرماندەی کاک عەدنانی حەمەی مینا.
+ مەفرەزەی پارتیزانەکانی قۆپی قەرەداغ شەهید مەحمودی مامە عەزە
+ مەفرەزەی پارتیزانەکانی سنووری سەگرمە بەفەرماندەیی کاک شێخ مەحمود.
خۆم سەرپەرشتیی هەموو دەستە پارتیزانەکانم دەکرد لەبن کەلۆزێکد ا لەلای چەمی ئاوەسپییەوە، هەموو ڕۆژێ پێش نیوەڕۆو ئیواران بەجیهازێکی (هۆکی تۆکی) پەیوەندیم بەهەموویانەوە دەکرد جفرەی تایبەتیمان هەبوو، هەواڵەکانمان دەگەیاندە یەکتری، هەردوو سێ ڕۆژ جارێک بەجیهازە ڕاکاڵەکەوە پەیوەندیم بە (م.س) وە دەکرد، هەواڵی دەستە پارتیزانەکان و کوردستان و ئێراقمان دەگەیاند، ئەوانیش هەواڵەکانی خۆیان دەگەیاندە ئێمە.
لەیەکەم کۆبوونەوەدا گرنگیماندا بەزەبر وەشاندن لەدوژمن، پەیوەندیمان کرد بەدۆست وناسیاوەکانەوە، لە هەموو قۆڵەکانەوە، بۆچەسپاندنی توانامان و بەردەوامی مانەوەمان لەناوچەکەدا لەکۆبوونەوەکەدا وتم:
- (کێ دەیەوێ بمێنێتەوە با بمێنێتەوە کێ نەخۆش و ماندوە نامەی بۆ سەرکردایەتی بۆ دەنووسم) هەموو پارتیزانەکان جوامێرانە وتیان: (لێرە دەمێنینەوە، درێژە بەخەباتی پارتیزانانە دەدەین، لەدواییدا هەر دەستەیەک ڕووی کردە سنوورەکەی خۆی.
نەخشەکەی ئەبو سنا سەری نەگرت!
+ کاک ئازادی سەگرمە چەند جارێک لەگەڵ شەهید حەمە ڕەش وکاک عوسمانی حاجی مەحمود سەردانی دەستە پارتیزانەکانیان کردووە، شەوی 1819-09-1988 دەستەی پارتیزانەکانی کاک عوسمانی حاجی مەحمود لەشاخی باوە شاسواری کفری لەرەبییەکەی دوژمنیاندا. هەمان دەستە لەنزیک گوندی (سەید جەژنی) سەرقەڵادا لوغمێکیان دانا لە 6-10-1988 دا لەژێر ئیڤایەکی (فەوجی سووک) دا تەقیەوەو بووە هۆی کوژرانی جاشێک وجاشێکی تر، ئیوارەیەکیشیان کاک ئازادو شەهید حەمە ڕەش و چەند پارتیزانێ لەمۆڵگەی جاشەکانیاندا لەشوێنی مەڵبەندی (یەک) ی جاران.
ساروخی کۆپتەرەکە
+ کاک ئازاد لەسەر نەخشەیەکی دیاریکراو دەستی کرد بە (استطلاع) ی هەموو سنوورەکان بۆ ئەوەی زانیاری تەواو لەسەر شوێنی سەربازگەو ڕەبیەو موڵگەی جاشەکان وجموجۆڵی سەربازی دوژمن کۆبکاتەوە، چونکە کەلوپەلەکانیان بەوڵاغ دەگواستەوە، هاتوچۆش بەناویاندا زۆر زەحمەت بوو.
+ کاک ئازادی سەگرمە لەپایزی 1988دا نامەیەکی بۆ شەهید جەباری حاجی ڕەشید نووسی بوو، بۆ ئەوەی نوێنەری ڕێکخراو بنێرێت بۆ لایان تانەخشەیەکی نوێ بەهەماهەنگی هەردوولا دابنێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە دژوارانە، پاش ماوەیەک کاک (حەمە ڕەشید شەریف) یان نارد بۆ لایان کەناسراوە بە (مەلا ڕەشید باریکەیی) لەشاخی سەگرمە یەکتریان بینی، نامەیەکی ڕێکخراوی هێنابوو، پاش وتوێژێکی زۆر، بۆچوونەکانی ئەوانی پەسەند کرد، کاک ئازادیش نامەیەکی بۆشەهید جەبار ناردبوو، هەر لەوکاتەدا چاودێرانی UN لەئوتێل ئەبو سەنا بوون بۆ جێبەجێکردنی دواخاڵەکانی ڕێکەوتنی کۆتایی شەڕی ئێراق-ئێران کاک ئازاد وتی: (نەخشەیەکی وردم کێشابوو، بۆ ئەوەی بتوانین چەند چاودێریەکیان لێ دەستگیر بکەین بۆ هەژاندنی ڕاگەیاندن و ڕای جیهانی، بۆ ئەوەی بزانن دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و تراژیدیای ئەنفالەکان، پارتیزانەکان لەقوڵایی دەسەڵاتی دوژمندا چالاکی دەنوێنن.
+ شەوی 1011-10-1988 کاک ئازادو کاک عوسمانی حاجی مەحمود و مام ڕۆستەم وجەلالی مەسۆیی و شەهیدان شێرکۆ جدی و هەڵکەوتی موهەندس و چەند پارتیزانێکی تر لای شەهید حەمەرەش بوون. کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی کاک عوسمانی حاجی مەحمود و مەلا ئەحمەدو کاک عەدنانی حەمەی مینا، کەلەنزیک گوندی (زاوت) ی سەربە شارەدێی باوەنووربوون، چونکە بڕیار بوو شەوی 1415-10-1988 بۆ مەوعیدی ڕێکخستن بچنە دەواجنەکە بۆ لای (کاک حەمەی وەلی) لەنزیک ئاوە خوێری سەرجادەی کەلار- دەربەندیخان.
مام جەلال و بەهادینی برای شەهید حەمەڕەش و کاک حەمە ڕەحیمی جیهاز لەو جێگایە مانەوەکە شەو لێی بووین ناوی جێگاکەش کەڵۆزی هەنجیرە زەردەی، سەرچەمی لاهێزە، ئەوانیش لەچەمی (لاهێز) ەوە بەرەو چەمی ئاوەسپی هەنگاویان دەنا، لەنزیک گوندی (فەقێ مستەفا) وە گوێیان لەدەنگی کۆپتەرەکان بوو، بەخێرایی وڵاخەکانیان لەبن ئەو هەردو قامیشەڵانانەدا حەشارداو خۆشیان لێی دامەزران، کۆپتەرەکان یەکێک لە وڵاخەکانیان دیبوو، نزیک بوونەوە بەشێوەی بازنەیی چواردەوریانی تەنی بوون، لەناکاو کۆپتەرێکیان دەستڕێژی لەوڵاخەکە کردوو پێکای، وڵاخەکانی تریش لەترسا دەرپەڕین، کۆپتەرەکان نزمتر بوونەوەو دەستڕێژیان دەکرد کاک ئازاد وتی: (من پێشبینی ئەوەم دەکرد کۆپتەرەکان بنیشنەوەو چواردەورمان بگرن، لەکۆپتەرێکیاندا دوو کەسم بەباشی بینی بە BKC یەکە تەقەم لێکردن، چاوم لێبوو چۆن لەتاو دەستڕیژەکەدا خۆیان بەملاوئەولادا خست، وامەزانی پێکراون، لەوکاتەدا کۆپتەرێکی تریان سارۆخێکی ئاڕاستەکردم، لە بەردەمما تەقییەوە، دوومەتر بۆ دواوە فڕێی دام، (BKC) کەمی بۆ پێشەوە هەڵدابوو، کاتێکم زانی خوێن لەسەرولووت و قۆڵم و لەقاچەکانمدا دێتە خوارەوە، ئێسکی گەورەی قاچم وردبووەو ئێسکەکەی تریشم شکاوە، پێڵاوو گۆرەویم لەپێدانەماوە، گوێم لێبوو سامالء وسەرکەوت وتیان پێکراوین، تەهای براشم بریندارببوو، دەنگی کۆپتەرەکان نەما.
کاک ئازادی سەگرمە وتی: چالاک هاتە نزیکمەوە، وتم (قاچم پێکراوە، دەتوانی بمکەیتە کۆل، (10-12) مەتر بردمی ماندووبوو، لەبن تاشە بەردێکدا داینام، بەبەردەوامی خوێنم لەبەر دەڕۆیشت، لەناکاو وتی: (ئەوە کاک حەمە ڕەشە، وتم بۆم بانگ بکە، شەهید حەمە ڕەش هاتء وتی: (حەزم نەدەکرد تۆ واببینم) ، جەستەم لەخۆێندا سووربوو، منیش وتم: (مەیەڵە دەست دوژمن بکەوم) ، جوامێرانە وتی (گەر کوژراوم نایەڵم دەست دوژمن بکەویت) پارتیزانەکانی تریشی نارد بۆلای بریندارەکانی ترو منی دابەکۆڵی داو بەخێرایی هەنگاوی دەنا، ئەودڵۆپە خوێنانەی دەسڕییەوە کەلەجەستەوە دەکەوتە سەرخاک.
دوو جار بوورامەوە، جاری یەکەم هۆشم هاتەوە، هەر بەکۆڵییەوە بووم بەجەمالی خوشکەزام ورزگاری ڕەئوف بێگەردم وت: (ئێوە بچن یارمەتیی بریندارەکانیتر بدەن) لەدواییدا مام ڕۆستەمیش لەکۆڵی کردم، بەیانییەکەی کەبەدوو ئاڕاستەی جیاواز بەڕێکەوتین، ئێمە بۆ سەرچەمی ئاوەسپی و کاک عوسمان و شەهید مەجید دوزیش بەرەو ئاڕاستەی گوندی زاوت ڕۆیشتن، نزیکەی 45 دەقیقە دوور کەوتبوونەوە گوێمان لەتەقەی کۆپتەرەکان بوو، بەخێرایی چووبوونە ئەشکەوتەکە و بەنەقالەیەکەوە گەیشتنە لامان، جارێکی تر لەناکاو کۆپتەرەکان پەیدابوونەوە، برادەران بەخێرایی منیان خستە سەر نەقالەکەو بە (ژاڵە تەڕو گیا) دایان پۆشیم ولێی دامەزران وتیان: (گەر کۆپتەرەکان بمان بینن، بەرگری دەکەین بۆ پاراستنی تۆ، بەچاوی خۆم کۆپتەرەکانم بینی، کاتژمێرێک زیاتر دەستڕێژیان لەهەمان شوێن کردەوە، کەسیان بۆ نەدۆزرایەوە، گەڕانەوە، برادەران منیان گواستەوە بۆ بنکەی حەمەڕەش، لەرێگا وتم: (پارچەیەک لە پشتیوێنەکەم بکەنەوە، سەرەوەی برینەکەم بۆ ببەستن، بۆ ئەوەی لەوەزیاتر خوێنم لەبەرنەڕوات، عە سرێکی درەنگ گەیشتینە بنکەکەو لەبن کەلۆزێکدا دایاننام، زۆرم سەرما بوو، بەدوو بەتانی دایان پۆشیم دڵۆپ، .. دڵۆپ ئاویان بەگەرومدا دەکرد، خواردنم پێ نەدەخورا، گوێم لێ بوو مام ڕۆستەم وتی: (شێرکۆ جدیو هەڵکەوتی موهەندیسء شێرزاد عەلی ڕەمەزان کەرکووکی) ی شەهیدکران، هاوڕێکانم دووفەردەکایان هێناو لەم لاو ئەولای وڵاخێک دایان مەزراند، نەقالەکەیان لەسەر بەست، ئێوارەکەی شەهید حەمە ڕەشء وکاک عوسمانی حاجی مەحمود پەیوەندیان لەگەڵڕ شەهید سەید محەمەدو شەهید مەلا ئەحمەدو کاک عەدنانی حەمەی مینا کرد، بەجیهازی تەلەفۆنکن ئاگاداریان کردنەوە چەند وڵاخێک بهێنن و بێنە گوندی (مارف سیدە) شەو لەوێ یەکمان گرتەوە بەڕێکەوتین بۆ پەناگاکەیان لە پشت گوندی (حەمەی عەبدولکەریمە سوور) ، قەرەوێڵەیەکی قەیدیان لەوێ بۆ پەیداکردم، کاک عەدنانی حەمەی مینا بەئامێرو کەل وپە لی پزیشکیی دەرمانی لابوو، برینەکانی بۆپاک دەکردمەوەو تەداوی دەکردم، تەختەیەکیان لەملاوئەولای قاچم لەسەر شێوەی (ل) بەست، شەوو ڕۆژێک لەوێ مامەوە پاشان گواستیمانەوە بۆ پەناگەکەی شەهید مەحمودی مامە عەزەو کاک حەمە پاریاوڵەیی، کەکونە سوچڕێک بوو گەورەیان کردبوو لەنزیک گوندی (مراوە) ، لەوێ مامەوە، حاڵم بەرەوخراپی دەچوو، دوژمن بەبەردەوامی بۆ ماوەی (72) کاتژمێر کێوماڵی سەراپا گەرمیانی کرد.
لەفەتاحەوە بۆ ڕەنج
لەئێستگەوە گوێم لێبوو وتی (لەفەتاحەوە بۆ ڕەنج، بەپەلە پەیوەندی بەباوکی (تایلان) وە بکەن، فەتاح ناوی کاک نەوشیروان بوو، (رەنج) یش شەهید جەباری حاجی ڕەشید بوو، باوکی (تایلان) یش خۆم بووم، چونکە کاک نەوشیروان ناوی منداڵەکەمی دەزانی، شەوی 1415-10-1988 هەواڵی ڕووداوەکەو برینداربوونی من و هاوڕێکانم لەلایەن کاک عوسمانی حاجی مەحمودەوە بەهۆی کاک خەلیفە کەناوی (محەمەد مەحمودو خەڵکی کەلارە، نێرا بۆ ڕێکخراو بەهۆی کەمتەرخەمی هەڤاڵێکی ڕێکخستنەوە نامەکە دواکەوت لە 19-10-1988 گەیشتە دەستی هاوڕێ کامل (حەمە ڕەشید شەریف) جێگریمەڵبەندی ئێستای شارەزوورو ئەویش گەیاندبوویە ڕێکخراوی سلێمانی، لە 20-10-1988 کاک نەوشیروان مستەفا لەنامەکەیدا داوای لەرێکخراو کردبوو، کەدەبێ بایەخێکی زۆر بەچارەسەرکردن وگەیاندنم بەسەرکردایەتی بدرێ.
لەدەواجنەکەوە گەیاندیانە سلێمانی
کەرتی شەهید سەرکەوت، کاک شێخ سدیق ناسراو بەهاوڕێ شاهۆیان بەناوی نهێنی (د.مەحمود) ەوە ناردە ناو پارتیزانەکان و ماوەیەک تیماری کرد، کەگەڕابوەوە کاک ئازاد پێ وتبوو: (بەرێکخراوی سلێمانی بڵێ بمگەیەننە شار) د.مەحمود لەکەلارەوە گەڕایەوە، کاک ئازاد ڕۆژبەڕۆژ حاڵی خراپ تر دەبوو وتی: (ئێمە لەبەر دڕندەیی دوژمن خۆمان لەکونە سوچردا حەشاردابوو، سوچرەکانیش لەترسی ئێمە، لەنزیکمانەوە خۆیان شاردبوەوە (20) ڕۆژ زیاتر بەدەم ئازارەوە لەوێ مامەوە) .
+ لە27-10-1988 کاک عوسمانی حاجی مەحمود نامەیەکی بۆ حەمەڕەش شەریف (هاوڕێ کامل) ناردبوو، باسی ڕێگایەکی گونجاوی کردبوو، کەکاک ئازادی پێ بگەیەننە شار، لەنامەی 29-10-1988دا کاک عوسمان باسی ئەوەی کردووە (کەئێمە دەتوانین بە7 کاتژمێر کاک ئازاد لەوشوێنەوە بگەیەنینە شوێنی مەبەست، دەبێ ئێوە ئۆتۆمبیل ئامادە بکەن، چونکە دوژمن دەیزانی کاک ئازاد بریندارکراوە و بەشوێنیدا دەگەڕێ، کەرتی شەهید سەرکەوت لەڕێی کاک سدیق سەعید (هاوڕێ سوپاوە وەرەقەی (طبی) یان بۆ کاک ئازاد ئامادەکردبوو، کە گوایە لەئۆتۆمبیل وەرگەڕاوەو پێویستی بەوە هەیە بنێرێ بۆ سلێمانی) .
+ ئەو دەمانەی پارتیزانەکان دەیانویست کاک ئازاد بگوێزنەوە، سوپاو گەلە جاش هەموو گەرمیانیان کێومال کردبوو، شەوی 67-11-1988 شەهید حەمەڕەشء شەهید سەید محەمەدو شەهید مەحمودی مامە عەزەو کاک عەدنانی حەمەی میناو کاک عوسمانی حاجی مەحمودو چەند پارتیزانێکی تر کاک ئازادیان گەیاندە دەواجنەکەی (حەمەی وەلی) ، مام زۆراب و هاوسەرەکەیو کوڕەکەی زۆر بەمیهرەبانییەوە خزمەتی کاک ئازادیان کردووە.
+ کاک کارزان ئیسماعیل ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دابوو بەکاک (حەمە لەتیف) ، (هاوڕێ فوئاد) خۆشی سواری ئۆتۆمبێلێکی سوور بوو، لە سلێمانییەوە بەرەو کەلار بەڕێکەوتن، کاک حەمە ڕەشید لەئاوەخوێڕی دابەزیبوو، ئەوانی تریش چووبوون بۆ کەلار، شەو لەوێ مابوونەوە، پارتیزانەکان ئازادیان سپاردبوو بەکاک حەمە ڕەشید، جەمالی خوشکەزاشیان لا بەجێ هێشتبوو، شەوەکەی هەرسێکیان لەوێ مابوونەوە، کاتژمێر 6ی بەیانی کاک کارزانء کاک حەمە نوریو کاک حەمەرەشید ئیجازەی عەسکەریو کتابی نەخۆشخانەیان بۆ ئامادەکردبوو، کاک ئازادیان خستبووە ناو ئۆتۆمبیلە سوورەکەی کاک کارزانەوەو کاک حەمە نوری و کاک حەمە ڕەشیدو کاک حەمە لەتیف بەئۆتۆمبێلێکی تر لەدواوە چاودێرییان کردن کاک حەمە ڕەشید بەجەمالی وت: جارێ تۆ لێرە بە باجارێ کاک ئازاد بگەینین، دوای دێمەوە بەشوێنتا، کاک کارزان کاک ئازادی گەیاندە ماڵی شەهید جەبار، شەهید جەبار ناوچەوانی ماچ کرد، کاک حەمە نوریو کاک حەمە ڕەشید گەیشتنە ئەوێ، پاشان کاک ئاکۆ محەمەد وەهبی و کاک عەزیز عومەریش سەردانی کاک ئازادیان کرد، دوای نیوەڕۆکەی شەهید بەکری دارتاش معاون دکتۆرێکی هێنا بۆ تیمارکردنی برینەکەی، شەوەکەشی شەهید جەبار لەرێگای (شێخ عومەری مەحوی) یەوە، د. سەروەری حەمەی دەروێش کەریمی هێنا بۆ بینینی.
+ بەیانییەکەی کاک کارزان، کاک ئازادی گواستەوە بۆ ڕانیە، شەهید حاجیو شەهید مستەفا کەرکووکی بەنهێنی حمایەی بوون، شەوەکەی لە ماڵی شەهید حاجی مانەوە، پاشان کاک کارزان بردی بۆ ماڵی مامۆستا عومەری برای کاک ئەحمەدە بچکۆل لەقەڵادزآ، هەر لەوێ عەبدلڕەحمانی برای حسێن جنوبی و د. محەمەد قادر مینە تیماریان کرد.
ڕێکخستن ویستبوویان لەڕێگای دۆڵی (زەنان) ەوەکاک ئازاد بگەیەننە سەرکردایەتی، بەڵام ئەو ڕێگایەشیان کارێکی دژواربوو، دکتۆرە دۆستەکان ویستیان قاچی ببڕنەوە، بەڵام خۆی ڕازی نەبوو، پاش دوو هەفتەی تری ئازارو چاوەڕوانی لەقەڵادزێوە گەڕاندیانەوە بۆ سلێمانی بۆ ماڵی کاک سامان مەولود.
شەهید بەکری دارتاش وەرەقەیەکی لای (د. ئازاد ئیسماعیل حەقی) بۆ بڕی، ئێوارەیەکی درەنگ شەهید جەبارو کاک شاسوارو کاک سامان مەولود کاک ئازادیان برد بۆ عیادەکەی، دوای فەحسەکەی، د. ئازاد بەئینگلیزی هەندێ قسەی لەگەڵ شەهید جەباردا کردبوو، پێی وتبوو (گەر چەند ڕۆژێکی تر نەشتەرگەری بۆ نەکرێ، تووشی نەخۆشی (گەنگرین) دەبێ) ، بۆیە شەهید جەبار وتی (دەبێ هەرچۆنێک بێ ببرێتە بەغدا لەوێ چارەسەری بۆ بکرێ ئەرکەکەشی دەکەوێتە سەر شانی هەموومان) .
شەهید جەبار بڕیاریدابوو، کاک ئازاد ببرێتە بەغداو پەیوەندی بە د.خەسرەو گوڵ محەمەدەوە کرد کەئەو دەمانە لێپرسراوی نهێنی ڕێکخستنەکانی ناو بەغدا بوو، داوای لێ کردبوو، پسوڵەی دکتۆرێکی پسپۆڕی بۆ وەربگرێ. ئەویش هەر ئەو ڕۆژە سەردانی (د، مضفر کرکچی) خاوەن نەخۆشخانەی (نینوی للکسور) ی کردبوو، وتبووی (خزمێکی نزیکم لە سلێمانییە و، پێویستی بەنەشتەرگەری هەیە) ئەویش ڕازی بوو بیبینێ، شەهید سەید حاجی و شەهید مستەفا کەرکووکی، پسوڵەی عیادەی (گبیو عدم تعرچ) ێکیان بۆ ئامادەکردبوو، شەهید جەباریش پسوڵەی نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی بۆ بەدەستی هێنابوو، کە ئاڕاستەی دکتۆرەکانی بەغدای کردبوو.
بەیانی 29-11-1988 کاک مستەفا ئیبراهیم دەروێشء کاک حەمە نوریو کاک حەمە ڕەشید شەریف، کاک ئازادیان لە ماڵی کاک سامان مەولود سواری ئۆتۆمبیل کرد بەرەو بەغدا، ئەو ڕۆژەش سەدام ڕووی کردە میسر، شەوەکەی لە ئوتێل (شط العرب) مانەوە، هەر ئەو شەوە شەهید جەباریش گەیشتە بەغدا، ئێوارەی دوایی د.خەسرەو کاک ئازادیان گەیاندە ژووری (د. مضفر بۆ فەحس) ، بەڕێکەوت ئەو ڕۆژە کوردێکی خۆفرۆش لەهەمان عیادە دابوو، بەڵام کاک حەمە نوریو هاوڕێکانی کارێکی وایان کرد هەست بەهیچ نەکات.
د. مضفر کە کاک ئازادی بینی سەری سورماو تووڕەبوو، وتبووی چۆن تا ئێستا لە سلێمانی هیچی بۆ نەکراوە، نەشتەرگەرییەکەی زۆری تێدەچێ، ئەویش بۆ ئەوەی هەست بەهیچ نەکات معامەلەی لەگەڵ دا کردبوو، دواتر ڕێککەوتن بە (3) هەزار دینار نەشتەرگەری بۆ بکات، شەوەکەی کاک شاسواری لامایەوە، هەموو جۆرە فەحسێکی بۆ کرد، لەنیوەڕۆی (1-12-1988) دوای (52) ڕۆژ برینداری کاتژمێرێک زیاتر لەژووری نەشتەگەری مایەوە، نەشتەرگەریەکەی (11) تەقەلڕ بوو، (6) شیشیش بەقاچیەوە بەبرغوو بەسترابوو بۆ ئەوەی ئێسکەکانی ڕابگرێ و نەجوڵآ کەهۆشی هاتەوە د. مضفر چووەتە ژوورەکەیەوەو وتبووی (ئێستا لەکوێی، وتویەتی لەژوورەکەی خۆم دام) .
بۆ سبەی شەو کاک ئاکۆ محەمەد وەهبی لای مایەوەو برادەران گەڕانەوە، لە 14-12-1988، د. خەسرەو و کاک ئاکۆ کاک ئازادیان لە نەخۆشخانە دەرکرد، بردیانە ماڵی دایکی د. خەسرەو لە گەڕەکی (مدینة الثورة) ، دواتر بردیانە ماڵێکی تر پاش (10) ڕۆژ (مەلیحە خانی) هاوسەریو هەردوو منداڵەکەی هێنران بۆ لای، چەند جارێکیش شەهید جەبارو شەمام خان و کاک حەمە نوریو هاوڕێ مراد سەردانیان کردووە، پاش مانگێک د.خەسرەو شوێنەکەی گۆڕیو کاک ئازادو هاوسەرو منداڵەکانی بردە ماڵی هاوڕێیەکەی لەدەرەوەی بەغدا، هەموو پێنج شەموانێک د.خەسرەو کاک ئازادی دەبردە لای د. مضفر، پاش سێ مانگی تەواو بۆ دواجار بەبەنج شیشەکانیان لەقاچی دەرهێنا.
لەبەغداوە گەیشتە قاسمە ڕەش
لە 1-3-1989دا شەهید جەبارو شەمام خان کاک ئازادیان لەبەغداەوە بەرەو سلێمانی و ماڵی خۆیان بەڕێ کرد، کاک ئازاد کراسێک و پانتۆڵێکی لەبەرکردبوو، عەینەکێکی لەچاوکردبوو، کاک حەمە ڕەشیدیش هاوسەرەکەیو هەردوو منداڵەکەی (هەڵۆو لاوێن) ی گەیاندبووە سلێمانی، بەیانیەکەی کاک کارزان بەئۆتۆمبێلەکەی کاک ئازادی بەرەو قەڵادزێ برد، لەبەر جاشەکان بەکەنەکەوەدا ڕۆیشتن دوو تەواری دەستیان لێ ڕاگرتبوو، کاک کارزانیش دابەزیو بەوریاییەوە پێی وتبوو: (نەمزانی جەماعەتی خۆمانن وامەزانی ڕەبایەکەی ئەو بەرمانن) سندوقی ئۆتۆمبیلەکەی بۆ کردبوونەوە، وتبوویان بڕۆن، گەیشتنە قەڵادزێ، لەڕێگا کاک سەید قادری باوکی کاک مستەفاو کاک ئەحمەد خۆیان بەحیزبی دیموکراتی ئێران ناساند، کاک ئازاد نامەیەکی بۆ (د. سەعید) نووسی بوو، (باسی تراجیدیای کارەساتەکەو برینداری خۆیو بۆ کردبوو، پێی وتبوو ئێستا پێویستم بە هاوکاریتان هەیە، بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن پەیوەندی بەهەڤاڵ نەوشیروان مستەفا) ەوە بکەن ئەوان ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ گەیاندنی کاک ئازاد، جلی خاکی خۆیان بۆ هێناو لەبەری کرد، کاتژمێر (7) ی بەیانی بەئۆتۆمبیلەکەی خۆیان کاک ئازادیان گەیاندە دوا سەیتەرە، عەسکەرێک لەوێ وەستا بوو، کە دەیانژمێرێ (9) کەس بوون وتبووی بڕۆن تاگەیشتبوونە سونێ لەوێوە کاک ئازاد بەهەردوو دارشەقەکەیەوە سواری وڵاخێک بووەو ڕووی کردبووە قاسمە ڕەش. [1]