=KTML_Bold=مەلا خدری سلێمانی=KTML_End=
کلکی کەری تیا دەپچڕێت نێو قسە و ڕەخنە و ڕەخنەڵۆکی لاپەڕەکانی ئەدەبی کوردی. عارفی نالی'ناس هەزاران دێڕی نوسیوە و باسی زەردیاوا دەکات، زەردیاوا مەبەستی قەرەداخە.
ئەفەندیەکی تازەتێهەڵچوو لە ستونێکی غەزەتەکەیدا وای نوسیوە: حەبیبەیە یان مەحبوبە؟
سوێندی دەخوارد بە خانەقاکەی مەلا سوهەیبی کەشکفرۆش، درێژەی دەدایە و دەشیوت; ئەوە نییە دەفەرموێ: (شیعرەکانم کە جگەرگۆشەیی منن)
کەواتە ژنی چی و مناڵی چی؟!
ئوستاز ساعیدی بەهرەوەر بە چاکەت و ڕیباتەکەیدا جۆرێکی تر دەردەکەوت، ئاخر ئەو زۆر موسەقەف دیاربوو، ئەوەندە وڵات گەڕابوو، هەرلەخۆوە نەماندەوێرا قسە لە قسەیدا بکەین.
ساعیدی بەهرەوەر دەیوت:
گەورەیی ئەم پیاوە لەوەدایە، کەس نازانێت لە کوێ وەفاتی کردووە. گەنجی و پیری ئەم شاعیرە بووەتە جێگەی مشتومڕێکی بێ دەلیل و پڕ قسە.
هەر بە گەنجی لە غەریبایەتیدا سەری ناوەتەوە...
(گەرچی مووی وەک شیرە، بەو شیرە شکۆفەی کردووە)
میرزا نامداری کلاسیکناس ئاوای دەوت: ئەم دێڕە شیعرە چۆن دەکرێت هی پیاوێکی میانەساڵ بێت؟!
دەزانی چی؟ با پێتانبڵێم; 'شوێن' بۆ شاعیرێکی گەردوونی و گەردوونناس، هیچ مانایەکی نەبووە، لەبەرئەوە چ گرنگە لە کوێ مردووە! باوەڕ ناکەم ئەو خۆی بە خەڵکی هیچ شوێنێک زانیبێت. منەوەرێک، کە لای خەڵکی عەوام خۆشەویست نەبوو ئاوای دەوت:
ئەدی شیوەنێکی بەکوڵ بۆ سلێمانی لە بەیتەکانی خواجە نالی ئەفەندیەوە لە کوێوە هەڵدەقوڵێت، ئەگەر ئەو خۆی بە خەڵکی شوێنێکی دیاریکراو نازانێت؟
هەر دوبارە ئەو منەوەرە دەمڕووتە، کە لای خەڵکی عەوام دڵگیر نەبوو ئاوای دەوت:
بایەک هەڵیکردووە، تەوژمی تەنیاییەکی سەیری پێیە، ئەو لە حیجازەوە دەنگی ئەو بایە دەبیستێت. شارێک بە ئەسکوێ و جام و گۆزەی گڵینەوە سەرەیان گرتووە بۆ ئاو، میرزا عەبدولڕەحیمی سابڵاخی بە گۆزەیەکەوە لە سەرەی ئاودا وەستاوە. تینوێتی و پیری خەریکە بڕستی لێدەبڕن، ئەوەی وادەکات نەمرێت، ئەم گفتوگۆیەیە کە لەگەڵ حاجی تۆفیقی پیرەمێرددا دەیکات.
حاجی تۆفیق دەڵێت: میرزا عەبدولڕەحیم، نامەوێ پێتبڵێم وەفایی، ئەوە تۆیت؟ چی دەڵێیت؟
ئەگەر زۆربەی کاتەکانم بۆ دۆزینەوەی مەلا خدر تەرخاننەکردایە، تینوێتی ئاوا بڕستی لێنەدەبڕیم، دەزانی تۆفیقی وێڵگەڕ شتێک هەیە دەمەوێت پێتبڵێم; بە هەموو عومرم مەیلی خواردنی گڵم نەکردووە، کەچی لە دورەدەستترین شوێنی حیجازەوە هەرلەخۆوە مەیلی بەباکردنی گڵم دەکرد، هەر دە پەنجەکەی دەستم کرد بە قوڵایی ئەو گڵە زەرد و غەریب و گەرمئاوەرەدا، تا کڵۆیەک گڵی ناسک بدۆزمەوە و بیخۆم. دەزانی حاجی تۆفیق پێت سەیر نەبێ هەندێ پیت لە نێو گڵەکەوە بە دەستمەوە هاتن نوسرابوون;
گڵی دوری حیجازی دڵ بەرنەوە بۆ سلێمانی
گەرمای شارەزوری تێکەن، سورمەیە بۆ چاوەکانی.
چاوی دووری نالی لێرە با بێ سورمە بێ بۆ ڕوانین
ڕۆحم لەوێ لە خانەقا ئیتر شیفایە بۆ بینین.
میرزا عەبدولڕەحیمی سابڵاخی وتی: حاجی تۆفیق تۆ چەندە گرنگ و پێویستیت بگەڕێیتەوە، من هەزار هێندە پێویستە لێرە بمێنمەوە و هەر لە دوی مەلا خدری سلێمانی بگەڕێم. من نامەوێ ڕەفیقی نیوەڕێ بم، تۆش ڕەفیقی ئەو ڕێگە دور و درێژە بە. [1]
نوسینی: #عەلی پێنجوێنی#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=