ناونیشانی بابەت: #کەرکووک# و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان، لە دیدی #مەسرور بارزانی#دا
ئامادەکردن: #فرسەت سەید شکور#
1ی تەمموزی 2023 بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، نەوە دوای نەوە، بەتایبەت لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلولی مەزن بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، بەردەوام کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان هێڵی سووری نەتەوایەتی بوون، مساوەمە نەکردنی (مەلا مستەفا بارزانی) لە ناوەڕاستی حەفتاکان، باشترین نموونە و بەڵگەی بەھا و بایەخی کەرکووکە لە تێروانینی ئەم ڕێبەرە نەتەوەییەدا، هۆکاری سەرەکی بەیەک نەگەیشتنی کورد و ڕژێمی ئەوکاتی ئێراق لە گفتوگۆکاندا درووست لەناوەڕاستی حەفتاکان، دەست هەڵنەگرتن بووە لە کەرکووک.
دەگێڕنەوە؛ کاتێک وەفدی ئێراقی سەردانی مەلا مستەفایان کردووە، بە مەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە ناوچەی (ئۆتۆنۆمی) بۆ کوردستان، وەفدی ئێراقی هەوڵی زۆری دەدا کەرکووک لە کوردستان داببرێت و مۆرکێکی ئێراقی پێ ببەخشێت، یەکێک لە ئەندامانی وەفدەکەی ئێراق بە بارزانی دەڵێت:
بەڕێزتان لە ئێمە باشتر دەزانن، کەرکووک تەنیا کوردی تێدا ناژی هەریەکە لە عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشورییەکانیشی تێدا دەژین ناکرێت بە تەنیا بۆ کورد بێت، لەو کاتەدا “بارزانی” ھیچ قسەیەکی نەکرد و داوای کرد سینییەکی بۆ بێنن، کاتێک بۆیان هێنا لە بەردەم وەفدەکەی دانا داوای لێکردن: هەریەکە و شتێکی تایبەتی خۆی بکاتە ناو سینییەکە، وەفدەکە سەریان سوورما و وتیان بۆ دەبێت ئەم کارە بکەین؟ مەلا مستەفا بارزانی، دووبارە داوای لێکردنەوە ئەوانیش هەریەکەو شتێکیان کردە ناو سینییەکە، بارزانی سینییەکەی هەڵگرت و وتی:
ئەوشتانەی ناو سینییەکە هی کێیە؟ ئەوانیش وتیان؛ هی ئێمەیە بارزانی دووبارە پرسیاری کرد ئەی سینییەکە هی کێیە ئەوانیش وتیان گومانی تیانییە کە هی ئێوەیە، بارزانی وتی: ئێستا هەر کاتێک بمەوێت دەتوانم سینییەکە سەرەو خوار بکەمەوە و هەرچی لە ناو سینییەکەدایە فرێی بدەم، چونکە سینییەکە هی خۆمە ناتوانن نکوڵی لەو ڕاستییە بکەن؟ وەفدەکە وتیان بەڵێ ماف بە تۆیە، مەلا مستەفا لەو کاتەدا زۆر بە ڕاشکاوانە پێی گووتن: (ئێستا کەرکووکیش وەک ئەم سینییە وایە خاکی خۆمانە ئەگەر هەر کاتێک ئارەزوومان لێ بێت ڕێگە نادەین، جگە لە کورد کەسی تری تێدا بژیت، بەڵام ئێمەی کورد هەرگیز مەیلمان لە شەرو ئاژاوە نەبووە، بەردەوام وەک برا لەگەڵ نەتەوەکانی کەرکووکادا ژیاوین.
بەڵام دەبێت ھەمیشە ئەو ڕاستییەتان لە بەرچاو بێت کە کەرکووک خاکی کوردستانە و ھیچ کەسێک ناتوانێت (کەرکووک) لە کوردستان دابرێت) هەڵوێستی “سەرۆک بارزانی” لە قۆناغی دوای نووسینەوەی دەستووری ئێراق، تاوەکوو ڕابەرایەتی شەڕی #داعش# لە پاراستنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، پاشان سەلماندنی کوردستانییەتی کەرکووک لە ڕێگەی ڕیفڕاندۆم لە ساڵی 2017دا، سەلمێنەری ئەوەیە شاری کەرکووک خاوەنی هەیە و هەرچەندی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن بکرێتە بەرنامە بەڵام هێزێکی نەتەوەیی، مساوەمە لەسەر شارەکە ناکات.
ئەوەی گرنگە “مەسرور بارزانی” سەرۆکایەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بە دیدگایەکی کوردانەی نیشتمانیانە لە کەرکووک دەڕوانێت، ئەوەشی کە لە دیدارێکی لەگەڵ چین و توێژەکانی هەرێم لەبارەی حکومڕانی چەند ساڵی ڕابردوو دەڵیت: «هەتا ئێمە مابین بەخوا واز کەرکووک ناهێنین» جۆشدانەوەیە بە بیری نەتەوایەتی لەم شارە کوردستانییە، بۆ کوردانی کەرکووک گرنگە کە سەرۆکوەزیرانی هەرێم بەم شێوە ئاشکرایە نیشانی هەمووانی دەدات کە باوەڕبوون بە مەسەلەی کەرکووک، مافیقیە و لەژێر هیچ فشار و ئاڵنگارییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، دەست لە مافی کورد هەڵناگرێت.
هەنگاوەکانی “مەسرور بارزانی” سەبارەت بە کەرکووک، کردارین و لە چەندین ڕێگەی یاساییەوە لە ڕێڕەوی درووستکردنی هەماهەنگی و کاراکردنی لیژنەکانی تایبەتمەند بە ماددەی (140) دا دراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هەڵوێستانەی کە لە داگیرکردن یان هەڵکوتانە سەر زەویوزاری کوردانی کۆمەڵێک گوند و شارەدێی سنووری ماددەی (140) هەیبووە، نموونەی زیندوون لە دواین جاریشدا، سەبارەت کێشەی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، «سەرۆکوەزیرانی هەرێم» لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئێراق، لە پەیوەندیدا بووە و داوایکردووە سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە دابنرێت لە پاش ئەو داوایەش، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش، هەندێک ڕێکاری گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. [1]