ناونیشانی بابەت: ناوەرۆکی لووتکەی گەورەی جیهانی G7 بۆ 2023
ئامادەکردن: #فرسەت سەید شکور#
لوتکەی وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی گەورەی جیهان (G7) بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1975 لە دوای قەیرانی ئابووریی و دارایی جیهان و قوڵبوونەوەی ململانێکانی جەنگی سارد و قەیرانی نەبوونی سوتەمەنی، بەهۆی بایکۆتی هەناردەکردنی نەوتەوە لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە بۆ ئەوروپا، لوتکەی شەش وڵاتە پیشەسازیەکەی جیهان بە بەشداری ( ئەمەریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، یابان) دامەزرا، دواتر کەنەداش بوو بە ئەندامی لوتکەکە، ساڵی 1998 لە دوای هەڵوەشاندنەوەی (یەکێتی سۆڤیەت) بوو بە ئەندامی لووتکەکە و ناونرا (G8) بەڵام دوای 20 ئەندامێتی ساڵی 2014 بەهۆی کێشەی ئۆکرانیاوە ڕووسیا لە لووتکەکە دەرکرا. لووتکەی ئەمساڵ کە لە ژاپۆن بەڕێوەدەچێت 49مین لووتکەی گرووپەکەیە.
گرووپی (G7) ڕێژەی دانیشتوانیان لەسەدا 10% دانیشتوانی جیهانە، دەکاتە بەشی زۆری دەوڵەتە زلھێزەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەمی ناوخۆیان لە (40%) بەرهەمی جیهانە و پوختەی داهاتیان لەسەدا 58ی داهاتی جیهانە. بەرنامەی ڪاری گرووپی (G7) بریتییە لە گرنگی دان بە پرسە سیاسییە جیهانیەڪان و تاوتوێی گۆڕانە ئابوورییەکان. وڵاتانی ( ئەمریڪا و ڪەنەدا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و بەریتانیا و یابان و ئەڵمانیا) لەهەردوو گرووپدا هاوبەشن.
=KTML_Bold=چین ئەندامی (G7) نییە:=KTML_End=
چین هیچ کاتێک ئەندام نەبووە، سەرەڕای ئابوورییە گەورەکەی و بوونی گەورەترین ژمارەی دانیشتوانی جیهان. ڕێژەی نزمی ئاستی سامانەکەی بۆ هەر کەسێک واتە وەک ئابوورییەکی پێشکەوتوو بەو شێوەیەی کە ئەندامەکانی (G7) لێ نراوە.
ئەوەی لوتکەی جیهانی لە ساڵەکانی ڕابردوویدا جیاکردەوە، بەشداریکردنی سەرۆکی ئۆکراینا بوو لە لووتکەی (G7) ، هەر لەو کاتەشدا ئەمریکا بڕیاریدا فڕۆکەی ئێف16 بەو وڵاتە بدات. لە دوای ئەوەش وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بەرپەرچی هەنگاوەکەی ئەمریکای دایەوە بەوەی؛ وڵاتانی بەشداربووی لووتکەی (G7) لە ژاپۆن ئامانجیان ئەوەیە “دژایەتی” خۆیان بۆ ڕووسیا و چین “دووهێندە” زیاد بکەن.
لوتکەکە کە لە هێرۆشیمای یابان بەڕێوەدەچێت، خاڵی سەرەکی و تەرکیزی لەسەر فراوانکردنی سزاکانی سەر کەرتی ئابووری ڕووسیا و هاوکارییەکانیانە بۆ ئۆکراینا هەر وەک چۆن لە ڕاگەیەنراوی یەکەم ڕۆژیدا وڵاتانی G7 ئاماژەیان بەوەدا کە؛ ڕووسیا شەڕەکەی دەستپێکردووە، هەر خۆیشی دەتوانێت کۆتایی پێبهێنێت.”
توانای ئەتۆمیی کۆریای باکوور یەکێکی دیکەیە لە مژارە گەرمەکانی لووتکەی (G7) ، چونکە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ماوەی ڕابردووی سەرۆکی ئەو وڵاتە بێ گوێدانە هۆشدارییەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، هێندەی دیکە مەترسییەکانی زیادکردووە، بەتایبەت لەوەی کە کۆریای باکوور لە ئەگەر هەر جەنگێکدا توانا سەربازییەکەی بەکاربهێنیت و دۆخێکی دژوار و ناهەموار درووست بکات.
لە ماوەی لووتکە سێ ڕۆژییەکەدا، بەگوێرەی میدیاکانی ڕۆژاوا، جۆ بایدن و سەرکردەکانی دیکە هەوڵی “پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە دژی ڕووسیا و چین دەدەن.” ئەمە بۆ خۆی دەرەنجامەکانی لووتکەکە دەخاتە ڕوو کە ئەم جارە وڵاتانی بەشدار مەبەستیانە کە سنوور بۆ فراوانخوازییەکانی ڕووسیا و چین دابنێن کە هەردوو دەوڵەتی زلهێز ئێستا لەمپەڕێکی گەورەی جیهانی بەردەم سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپایە بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و سیاسیی و حەزی فراوانخوازی لە سنوورەکانیان، لەو کاتەی لووتکەکە داوا لە چین دەکات کە کێشەکانی لەگەڵ تایواندا بە ئاشتیانە چارەسەر بکات و بیر لە ڕێگەی سەربازی نەکاتەوە. هەرچەندە سەرکردەکانی لووتکەکە ئامادەی خۆیان دەربڕیووە کە پەیوندییەکی پتەو و جێگیر لەگەڵ چین بنیات بنێن، بەڵام ئەمە ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە، کە سەڕەرای پەیوەندی سیاسیی و ئابوورییەکان، بەڵام لەبەرانبەر یەک لە کەمیندان و شەڕی ساردی یەکدی دەکەن. [1]