#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# جەخت لە ڕاست کردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەڵێت، ناکۆکییەکانمان لەگەڵ #پارتی دیموکراتی کوردستان# ناکۆکی حزبی نین و ناکۆکی دوو بیرکردنەوەی جیاوازە.
#ستران عەبدوڵڵا# ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: ئەوکاتە تێپەڕیوە کە یەکێتی و پارتی ناکۆکییەکانیان بە ناکۆکی ناخۆشی تێپەڕێنن، ڕابردوو شاهیدە کە یەکێتی لە زۆر لە قۆناغەکاندا قوربانی داوە و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی گەلەکەماندا لە مافەکانی خۆی خۆش بووە.
کاتی ستۆپە
ڕاشیگەیاند: پێدەچێت ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیەی ڕابردووی یەکێتی بەشێوازێکی دیکە خوێندنەوەی بۆ کرابێت و وا هەست کرابێت کە یەکێتی لاوازە بۆیە ئێستا کاتی خۆیەتی ئەو پەیامە بە هەموو لایەک بگەیەنێت کە چیتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاردانی تاکڕەوی لەحکومڕانیدا قبوڵ ناکات.
دەرکەوت سیاسەتی یەکێتی لە #بەغدا#ش سیاسەتێکی دروست بوو چونکە یەکێتی لە بەغداش ستۆپی بە هەندێک بیرکردنەوە کرد کە دەیانویست بێ گوێدانە لایەنەکانی دیکە دەستوور لە بەرژەوەنی خۆیان هەموار بکەنەوە، بەهەمان شێوە لە کوردستانیش ستۆپ بە بڕیاری تاکڕەوی دەکەین ستران عەبدوڵڵا وایوت.
ستران عەبدوڵڵا: یەکێتی لە #کەرکووک# زۆرینەیە و پارێزگار بۆ خۆیەتی
لەبارەی پارێزگاری کەرکووک و بارودۆخی ئەو شارە ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتی: وەک چۆن پارتی لە #دهۆک# خۆی بە زۆرینە دەزانێت و بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگاری ئەو شارە پرس بە کەس ناکات، ئێمەش لە کەرکووک بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن حزبی یەکەمین و مافی خۆمانە پارێزگاری ئەو شارە بۆ کورد بێت و لە کوردیشدا بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت.
سیاسەتی ژێر بە ژێر بۆ پارتی نامۆ نییە.
ستران عەبدوڵڵا ڕاشیگەیاند: سیاسەتی پارتی لەکەرکووک و ڕێککەوتنی ژێر بەژێر بۆ ئەو حزبە نامۆ نییە و ئیشی خۆیانە، بەڵام یەکێتی هەرگیز ڕێگا نادات مافەکانی گەلەکەمان لەو شارە پێشێل بکرێت. [1]