ئازیز
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
ئازیز!
شەوە و زەماوەندە
ئەوەی ماوە و ئەوەی بەڕواڵەت خەوتووە
هەریەک دەستی دۆی بێوێنەی خۆی گرتووە
ڕەشبەڵەکە، تەحا لەو گەورە گۆوەندە
چاوەنواڕیی بووکی بەیان دڵنشینە
ئازیز! وەرە تۆش بیبینە
بووکی بەیان،
وێڕای لاوژەی باڕەکەوان
بەڕێوەیە
هەرچی بڕوای بە شەو هەیە لەم نێوەیە
ئازیز!
ڕاستە تیغی بەیان
هەزاران جار لە گەردنی شەو خشاوە
بەڵام ئازیز!
شەو هەر ماوە
قەڵای مێردان هەر دەمێنێ
تۆپی زەمان نایڕووخێنێ
ئازیز! ئەمن،
دەس بە داوی زولفی ڕەشی شەوا دەگرم
زولفی لەسەر ڕوو لادەدەم
تا هەتاوی بەیانی ڕووی خۆی بنوێنێ
ڕەشی و تووشی بڕەوێنێ
ئازیز!
لە ژێر ڕەشماڵی شەو
هەزار هەزار ڕەمز و ڕازە
لە نێو دوێنێ و سۆزی ئێستا شەوی ڕەشم بەردەبازە
قەڵای مێردان دەڵێن شەوە
ئەوەی دزێوە نەک شەوە، شیرین خەوە
ئازیز!
بڕوانە ئەستێرە، لە ناخی شەو ئەجریوێنن
شنە، شەوبا، سروە، شیبا، تەنیا بە شەو خەمڕەوێنن
شەو پێشەنگی بەیانییە
پێت وایە نییە؟ [1]