ناونیشانی پەڕتووک: تاوانی ئەنفال و کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر کوردستان
ناوی نووسەر: هیوا حوسێن ئەمین
ساڵی چاپ: 2021
ژمارەی چاپ: یەکەم
نووسەری کتێبەکە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: کتێبەکەم لە 360 لاپەڕە پێکهاتووە کە یەکەمین کتێبی ئابورییە لەسەر کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەنفال لە کوردستان و دیراسەیەکی ئابوورییە بۆ پێش پرۆسەی ئەنفال لە کوردستان کە خاوەنی چ سەروەت و سامانێکی ئابووری بووین و لە دوای پرۆسەی ئەنفال ئەو هەموو سەروەت و سامانە لەناو چووە، من لە کتێبەکەدا بۆ هەرکام لەو تاوانانەی دەرهەق بە میللەتەکەمان کراوە، نموونەیەکم هێناوەتەوە، بۆ نموونە باسی کاریگەریی مێژووی کیمیاباران دەکەم لە کوردستان بە درێژایی مێژوو تاکوو کیمیابارانی هەڵەبجە و هەڵەبجەم بە نموونە هێناوەتەوە و باسی جینۆساید دەکەم کە بە جینۆسایدکردنی کوردە فەیلییەکان و دواتر بارزانییەکان دەستم پێکردووە و دواتر بە پرۆسەی ئەنفال کۆتایی هاتووە.
ئەوەشی خستە ڕوو: باسم لەوە کردووە کە ئەو چەکانەی دژ بە میللەتەکەمان بەکار هێنراون، کاریگەری خراپی بۆ سەر ژینگە و خاکمان هەبووە، هەروەها باسم لەوە کردووە کە لەڕووی ئابورییەوە بە هەموو شێوەیەک زیانمان کردووە وەکوو کورد و لە کتێبەکەمدا ئاماژەم بەوە داوە کە ئەنفال کاریگەریی زۆری لەسەر تێکدانی ژێرخانی ئابووریی کوردستان هەبووە و لە تێکدانی گوندەکانەوە بۆ تێکدانی ناحییەکان و تێکدانی سروشتی کوردستان کە بەردەوام دارستانەکانی کوردستان سووتێنراون و کانیاوەکانی تێک دراون لەگەڵ پرۆژەکانی ئاودێری.
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەش دا: بەراوردی پرۆسەی ئەنفالم کردووە بە کارەساتە گەورەکان لە جیهاندا بە نوومنە کارەساتی هۆڵۆکۆست، بەپێی بەڵگەنامەکان کە لە کتێبەکە بڵاوم کردووەتەوە، ئەنفال ئەگەر هاوشێوەی ئەو جینۆسایدە بەناوبانگانە نەبێ، لەوانیش زیاترە و کتێبەکم لە چەمچەماڵ لە ڕێوڕەسمێکدا بڵاو کردەوە.[1]