$بۆچی هەولێر کراوەتە ئامانج$؟
#فرسەت سەید شکور#
شەوی ڕابردوو، #08-06-2022#، دەنگێکی گەورە و بەهێز لەسەر ڕێگەی #پیرمام# -# هەولێر# بیسترا، ناوە ناوە لێکدانەوەی جیاواز بۆ ڕووداوەکە دەکرا، دواتر دەرکەوت دیسان هێرشێکی درۆنی بۆ سەر شوێنیکی مەدەنیی هەولێری پایتەختی کوردستان و دیسان قوربانیەکان خەڵکی سڤیل و کاسبکار، دیسان نەیاران و دوژمنانی کورد و کوردستان شارە ئارامەکەی هەولێریان کردووەتە ئامانج.
$سەرەتا و کاردانەوەکان$
هەر زوو دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دڵنیاییان بە خەڵکی کوردستان دا. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا و نەتەوە سەرکۆنەی ڕووداوەکەیان کرد و بە ”کارێکی تیرۆریستی“ لەقەڵەمیان داو بە هێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر هەولێر و خەڵکەکەی وەسفیان کرد.
هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە کراوە
بەشێک لە میدیاکانی (حەشدی شەعبی) و گرووپە میلیشییاییەکانی عێراق، هەر زوو هێرشەکەیان خستە ئەستۆی گرووپەکانیان، وەک ئاهەنگ و سەرکەوتن لەم کردەوە تیرۆریستییەیان دەڕوانی:
هەتا، ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی ئێران ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر هەولێر، کە لە ڕێگای درۆنەوە ئەنجام دراوە، تیمێکی پلەبەرزی مۆساد بە ئامانج گیراوە،
ئەوە بە یەکەم لێدوان دادەندرێت لە ئێرانەوە، لەسەر هێرشەکە.
ئاژانسە ئێرانییەکە ئاماژەی بە لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکە نەکردووە، باسی لە قوربانییەکانیش نەکردووە. بەڵام ئەو زانیارییانە وەک دەردەکەوێت بێ بەڵگە و ناوەڕۆکن، چونکە لەو کاتەی بە مووشەکی (بالیستی) ئارامی و سەقامگیریی هەولێر و چەند شوێنێکی سڤیلنشینیان بە ئامانج گرت، هەر زوو گوترا: ”بۆ پێگەکانی ئیسرائیل بووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لە ئاستی باڵا لە حکوومەتی عێراق، دەرکەوت هیچ پێگە و ناوەندێکی ئیسرائیل لەو شوێنە نەبووە و هەموو تۆمەتەکانی ئێران پووچەڵ بوونەوە.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) ڕایگەیاند، ئەگەر تاوانبارانی هێرشەکەی سەر شاری هەولێر ناسراون، پێویستە دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن، دەشڵێت: عێراق پێویستی بە فەرمانڕەوای چەکدار نییە.
یونامی ئاماژەی بەوە داوە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ڕێگەی هەولێر- پیرمامی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە بریندار و زیانی لەنێو هاووڵاتییانی مەدەنی لێ کەوتەوە. هێرشەکەشی بە کارێکی (لادەر) ناو بردووە.
یونامی دەڵێت: وەک ئەوەی پێشتر گوتوومانە، عێراق پێویستی بە فەرمانڕەوای چەکدار نییە، کە بەزۆر خۆیان وەک سەرکردە دەسەپێنن، جەختکردنەوە لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت کارێکی بنەڕەتییە، ئەگەر تاوانکاران ناسراون، پێویستە دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن.
#مەسرور بارزانی#، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشی درۆنی بۆ سەر خەڵکی سڤیلی هەولێر، پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، کە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان دەربارەی هێرشی درۆنی بۆ سەر خەڵکی سیڤلی هەولێر کردووە. هەماهەنگییەکی باشیش لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەس و گرووپە لەیاسا دەرچووەکان.
لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10 ی 10ی 2021، دۆخی سیاسیی عێراق بەرەو چەقبەستوویی هەنگاوی نا، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی سەر بە ئێران لە هەڵبژاردنەکە پاشەکشەی گەورەیان کرد. دواتر زیادکردنی فشارەکانی دەوڵەتە ئیقلیمییەکان، بە ناوی دادگا و یاساوە، ئێستاش بە مووشەک و هێرشی چەکداری، دەچێتە یەک قاڵبەوە، کە ئەویش ملکەچکردنی (هەرێمی کوردستان) و لایەنە سیاسییە براوەکانە، بە کەمینەیەکی شکستخواردوو، کە لەلایەن ڕای گشتیی عێراقییەوە ڕەت کراونەتەوە.
ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر چاوەکان لەسەر هەولێرن، بەتایبەت وەک ناوەندێکی گەورەی بڕیار و یەکلاییکەرەوە لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسی، بەهەند وەرگرتن و خوێندنەوەی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشە چارەنەبووەکانی عێراق و ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی ئەمڕۆی هەولێر، کە وەک دەوڵەتێکی بچووکی پێکەوەژیانی ئاشتییانە چاوی لێ دەکرێت، ڕەنگە لەلای هەندێک هێزی سیاسی و میلیشیاکانیان هەرس نەکرێت.
کاردانەوەی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش تا ڕاددەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە، بەو پێیەی ئەوان پاڵپشتی لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئامانجی گرووپە میلیشییەکانیشیان لێ ڕوونە، لە ڕاگەیەندراو و لێدوانەکانیان وەک کردەوەیەکی تیرۆریستیی دەیخوێننەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی سەرەکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەپێناو مانەوە و بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامییەکەی، وەک ناوەندێکی گەورەی ڕووبەڕوونەوەی ئالنگارییە ئیقلیمییەکان.
بەم هێرشەی شەوی ڕابردوو، لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، 12 جار هێرش کراوەتە سەر شاری هەولێر و دەوروبەری.
[1]