ئازیزانم سڵاوتان لێ بێ.
ساڵانێکی دوور و درێژە هەندێک لایەن، بەشێوەیەکی ڕێکوپێک، لە ڕێگەی چەند سایتێکەوە، نووسینی هیچوپووچ بە ناوی من دەنووسن و شیعرم بۆ دەهۆننەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی هەواڵێ کۆچی دواییشم ڕابگەینن!
من دەمێکە ئاگاداری ئەو گومانلێکراوانەم، کە دەیانەوێ بەو شتە لاوەکیانە سەرقاڵم بکەن، یان کار بکەنە سەر مۆراڵم و لەدۆزی ڕەوای نەتەوەیەکی بەشخوراو و نیشتمانێکی دەستبەسەر دامببڕن. ئەوان بەو هەواڵانە دەیانەوێ #شنگال# و تۆفان و پێترۆدۆلار و میری دزان و ماچ و قوون و کورسی و #کەرکووک# و دوبەی و تەسبێح و براکوژی و چی و چی لە یادی خۆشەویستانم بسڕنەوە.
ئەوەی لەدایک بێ دەشمرێ. مردن دادپەروەرترین دادوەرە و شەرم لە کەس ناکا، بەڵام، سوپاس بۆ خوا، تەندروستیم لەوپەڕی باشیدایە و هیچ نەخۆشییەکیشم نییە.
تا ئێستا، بۆ بەدرۆخستنەوەی هەواڵی مردن!، قسەم بۆ هیچ میدیا و میدیاکارێک نەکردووە، کەسیشم ڕانەسپاردووە بەناوی من قسە بکا و لایک و کۆمێنت کۆکاتەوە. نە سکرتێرم هەیە، نە وتەبێژ و کاربەڕێخەر!
منەتباری ئەو خۆشەویستانەم لە هەواڵیان پرسیوم، زۆر سوپاسیان دەکەم، هیوادارم تاسەر ڕوو لەوان و پشت لە دەسەڵات بم. ئەوانەی بەو فشه هەواڵە لاوەکیانە گەلێکی پاروودزراوی بندەستی چەتە و مافیا سەرقاڵ دەکەن و خاکفرۆشی و فەرهوودکاری و تاڵانسالاریش پەردەپۆش دەکەن لە ڕووڕەشی بەولاوە هیچی تریان پێ نابڕێ.
تا ئێستا، هیچ ئەکاونتێکم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە، بەڵام، هەر بۆ داخستنی چەند سایتێکی گێرەشێوێن، لەم ڕۆژانە ماڵۆچکەیەکی_خۆم لە فەیسبووک دادەنێم، بۆ ئەوەی چیدی کەس نەتوانێت بە زڕبەرهەم و فشەهەواڵی لاوەکی خۆشەویستان و ئەدەبدۆستان بە لاڕێدا ببا.
پەشێوی خۆتان...
هێلسنکی
#24-08-2019#
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol
, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 2,938 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!