ئێمە گەلەکۆمەی ناڕەوای 15ی شوباتی 1999 کە لە کەسێتی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجەلاندا، لە سەر بززوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بەڕیوەچوو، بە توندی شەرمەزار ئەکەین!
لە 15ی شوباتی 1999دا نادادپەروەری و ناڕەواییەکی مەزن کرا. گەورەیی ئەو نادادپەروەرییە لە کاراکتەری ڕووداوەکەو کردەوەکەدا بەدی ئەکرێت. لە لایەکەوە مەزنیی گەلی کوردستان و سەرۆکی #پەکەکە# بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاو دەوڵەتانی هەوپەیمانی ئەو. بەڕیز ئۆجەلان خەبات بۆ دۆزی ئازادیی گەلی خۆی ئەکات، تێکۆشان بۆ ڕزگاریی وڵاتی خۆی ئەکات. دوژمن و هاوپەیمانە جیهانیەکانیان ڕێککەوتن و ویستیان دەرگاکانی دنیای لێ دابخەن، ڕێی هەناسەدانی لێ بگرن. ئەوان بیریان لە ویژدان و مافی مرۆڤ و یاساو دادوەریی و ئەخلاق نەکردەوە، کاتێک بڕیاریان دا مەزنێکی کوردان کە بۆ ویژدان و دادپەروەریی، بۆ ئاشتی و یەکسانی و ئازادی و هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان خەبات ئەکات، بێدەنگ بکەن و ڕێی ژیانی لێبگرن.
رێککەوتنی نێوان تورکیاو هاوپەیمانە جیهانیەکانی، هەر لە ئەمەریکاوە بگرە تا چەندین دەوڵەتی ناو یەکێتی ئەوروپا، یۆنان و هەتا ڕوسیاو ئیسرائیل، میسرو کینیا، هەموو لەو بارەیەوە یەکیان گرت و بەرژەوەندی خۆیان لەوەدا بینی کە هەموو نۆرمە مرۆڤایەتی و ئەخلاقیەکانی بخنە ژێر پێ، هەموو تواناو دەزگا سیخوڕیەکانیان لە دژی بەڕیز ئۆجەلان بخەنە کار کە لە ژێر پاراستنی یۆنانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا بوو، بۆ ئەوەی بە فێڵ و خیانەت بیگرن و ڕادەستی تورکیای بکەن.
پرۆسەی گەلەکۆمە بە ڕوونی ئەوەی دەرخست کە ئەو ناوەندە نا دادپەروەرانە نەگەیشتنە ویست و داخوازیی خۆیان و ئامانجیان بەدی نەهێنا. ئەوان بە هیوای ئەوە بوون پەکەکە کە پێشەنگێکی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانە، تێک بدەن و لەناو ببەن. یان هەر هیچ نەبێ زۆر لاوازی بکەن. بەڵام ئەوەی ئەوان چاوەڕێی بوون لە ماوەی ئەم 18 ساڵەدا بە تەواوی پێچەوانە بوو. نە بەڕیز ئۆجەلان وازی لە تێکۆشان هێنا، نە خەڵکی کورد و کوردستانیانیش دەستبەرداری دۆزی ڕەوای خۆیان بوون. وەڵامی خەڵکی کوردستان هەر لە هەمان ساڵی گەلەکۆمەی 15ی شوباتی 1999 دا دەرکەوت. لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا لە ئازاری 1999دا، ژمارەیەکی زۆر شارەوانی کەوتە دەست کوردان. لە ناو ئەوانیشدا شارەوانی #ئامەد#. ئیتر هەر ئەو کاتە گەلەکۆمە مایەپووچ دەرچوو.
ئەو ڕۆژە و ئەمرۆش دوژمن و هاوکارەکانی لە بەرامبەر تێکۆشانی ئۆجەلان و سەرکەوتنی خەڵکی کوردستاندا شکستیان هێنا. ئەو 19 ساڵە ئەوانی ڕوورەش کردو ئۆجەلان و خەلکی کوردستان ڕووسپی. لەو 19 ساڵەدا ماف و دادپەروەری بەسەر ناهەقی و نادادپەروەریدا سەرکەوت. لە ئەنجامیشدا ئۆجەلان و پەکەکەو گەلانی کوردستان تێکۆشانی خۆیان گەیاندە قۆناغێکی باڵاتر.
لە ئێستاشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەک هەرپەلاماری هێزە چەکدارەکانی پاراستنی کوردستان ئەدا، بەڵکو هەمانکات هێرش بۆ سەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان ئەکات. دەست بەسەر شارەوانیەکاندا ئەگرێت، سەرۆک سارەوانی و پەرلەمانتار و سیاسەتمەداران لە هەموو ئاستەکاندا دەستبەسەرو زیندانی ئەکات. ئەیەوێ بەو شیوەیە گەلی کوردستان بترسێنێ، بەرخۆدان و ئیرادەی گەل بشکێنێ.
دەوڵەتی تورکیا نەک هەر لە باکوری کوردستان، هەروەها لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستانیش دوژمنایەتی کوردان ئەکا. لە بواری نێونەتەوەییدا هەوڵئەدا کورد نەناسرێن. لە مەیدانیشدا هاوکاریی نەیارانی کورد ئەکات. لە پڕۆسەی ڕیفەاندۆمی باشووری کوردستاندا، دەستی لەگەڵ ڕژێمی ئێران ئێراق تێکەڵ کردووە هێرشیان کردە سەر کوردستان. ساڵێک پێش ئێستا هێرشێکی دڕندانەی کردە سەر هەرێمی #عەفرین#. هێزەکانی #یەپەگە# و #یەپەژە# بەرخۆدانێکی قارەمانانەو بێوێنەیان کردو تا ماوەیەکی درێژ هەرێمەکەیان پاراست. هەرچەند هێزەکانی ڕژێمی تورکیا دەیان جار لە هێزەکانی یەپەگەو یەپەژەش زیاتر بوون. بەڵام لە ئەنجامدا عەفرین داگیر کرا. ئێستاش دەوڵەتی تورکیا ئەیەوێ هەرێمی دی لە ڕۆژاوای کوردستان داگیر بکات. لەو بارەیەوە بە هەموو شێوەیەک لە هەڵداندایە. دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکیی گەلی کوردستانە. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان لە بەرامبەریدا ڕاوەستن.
20 ساڵ بەسەر گەلەکۆمەکیی 15ی شوباتدا تێپەڕێ. لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا دوژمنان و هاوپەیمانانی نەیانتوانی نە ئۆجەلان و نە دۆزی کوردستان لەناو ببەن. هەوڵدانی ئەوان بەردەوام بە تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بێئەنجام بوون. ناوەندی ئاژاوەگێڕو شەرەنگێز پێش 20 ساڵ ئەم هێرشەی خۆیان کردو سەریان دای لە گابەردی چیاکانی کوردستان. ئەمجارەش دیسان هەر وایان بەسەر دێت. کوردو کوردستانیان لە ماوەی ئەم 20 ساڵەدا تێکۆشانی خۆیان بەهێزتر کرد، یەکێتیی خۆیان فراوانتر کرد. پیلان و پرۆژەی لەناوبردنی شۆڕشی کوردستانیان تێکشکاند. پرۆپاگەندەی درۆو نائەخلاقییان ڕیسوا کرد.
گەلی کوردستان لە ئەزموونی مەزن و پێشەناگایەتی چەند ساڵەی خۆیدا قوربانی زۆری دا. بەردەوام ڕێز و ئامادەیی خۆی لەگەڵ ڕێبەرو سەرکردایەتیەکەی پیشان دا. لە دەوری پارت و ڕێکخراوەکانی خۆی کە سەربەرزانە پرسی کوردو کوردستان پێشئەخەن، کۆبۆوە. ئێستاش لە چوارچیوەی یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا تێکۆشانی ئازادی و ڕزگاریی بەهێز ئەکەن و لە سەنگەری بەرخۆداندا تا سەرکەوتنی کۆتایی بەردەوام ئەبن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ساڵوەگەڕی گەلەکۆمەی 15ی شوباتدا، جارێکی تر داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکا، لە ناوخۆی وڵات و لە هەر جێیەک هەن، دەنگ و هاواری تێکۆشان بۆ ئازادی بەڕیز ئۆجەلان و ڕزگاریی کوردستان بڵند بکەن. یەکێتی ناوخۆیان و هاوپەیمانیی لەگەڵ دۆستەکان باشتر و بەهێزتر بکەن. نەیاران و هاوپەیمانەکانیان شەرمەزار بکەن.
هەروەها کەنەکە داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکات بەشداری پرۆتستۆکردنی گەلەکۆمەی 15ی شوبات ببن. هەڵوێستی تێکۆشانی خۆیان لەسەر دۆزی کورد و کوردستان پیشانی یار و نەیار بدەن.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک.ن.ک
#15-02-2019#