بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە هەر دەوڵەتێکی فیدڕاڵیدا ئاساییە کە دادگەیەکی فیدڕاڵی دەستووری هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ناکۆکییانەی دەکەوێتە نێوان هەرێمەکان و ناوەند. بەڵام کۆمەڵێک پرسیاری دەستووری و یاسایی جددی هەیە لەبارەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق و بڕیار و هەڵوێست و بێدەنگبوونەکانی لەماوەی ڕابردوودا.
لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵیی عێراق لە بەنادەستووریزانینی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، پێویستە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی عێراق و گشت لایەک ئەوە بزانن، دادگەی فیدڕاڵی عێراق بەر لە پەسەندکردنی دەستووری عێراق دروست کراوە و دەبوایە لە دوای پەسەندکردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005 ئەو دادگەیەی ئێستا هەڵبوەشێتەوە و دادگەیەک بە پێی پێوەرە دەستوورییەکان کە لە ماددەی 92ی دەستووردا هاتووە دابمەزرێت و یاسایەکی بۆ دەربچێت کە چی تا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە. بەڵام لە 2005ەوە هەتا ئێستا ئەو دادگەیە بە بێ ئەوەی بنەمای دەستووری و یاسایی هەبێت لە کارەکانی بەردەوام بووە. هەر ئەوەیش وای کردووە بکەوێتە ژێر هەژموونی بارودۆخی سیاسی و ڕووداوەکان و لە ڕێڕەوە دەستوورییەکانی لا بدات و بە درێژایی کارکردنی دادگەیەکی سیاسیی بووە و بڕیارێکی وای نەداوە کە بێلایەنی پێوە دیار بێت.
ئەم دادگەیە لە ماوەی کارکردنیدا لەبەرانبەر هەموو پێشێلکارییەکی دەستووری کە حکوومەتەکانی عێراق ئەنجامیان داوە بێ دەنگی هەڵبژاردووە. لە بڕیاری بە نادەستووریزانینی ڕیفراندۆمیشدا بە حەزی سیاسییەکان جووڵاوەتەوە و هیچ خوێندنەوەیەکی بۆ ئەو دەقە نەبووە کە لە دیباچەی دەستووری عێراقدا هاتووە کە ان التزام بهذا الدستور يحفظ للعراق اتحاده الحر شعبا و ارضا و سيادة. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە 55 ماددەی دەستووری پێشێلکراوە و حکوومەتی عێراق پابەندی دەستوور نەبووە.
بۆچی ئەو دادگەیە لە پێکنەهێنانی ئەنجوومەنی ئیتحادی بێدەنگ بوو کە دەبوایە بەپێی ماددەی 65ی دەستوور دامەزرابا و ئەگەر ئەو ئەنجوومەنە بوونی هەبوایە دەستەڵاتی تەشریعی کامڵتر دەبوو و ڕێگەی لە تاکڕەوی و پێشێلکردنی مافی هەرێم دەگرت. بۆ چی ئەو دادگەیە لە بەرانبەر جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 بێدەنگ بوو کە دەبوایە لە کۆتایی 2007 جێبەجێ بکرایە. خۆ هەموو لایەک دەزانن جێبەجێنەکردنی ئەو ماددەی سەرچاوەی زۆرێک لە کێشەکان و بێ متمانەییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بوو.
دادگەی فیدڕاڵی لە ماوەی کارکردنیدا لەو کردەوانە بێ دەنگ بووە کە لەدژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دراوە. دەبێ ئەو دادگەیە ئەوەیش ڕوون بکاتەوە کە بەپێی کام ماددەی دەستوور هەر لە شوباتی 2014 هەتا ئێستا کەسێک بە یەک ئیمزا بەشە بودجەی گەلی کوردستانی بڕیوە؟ کە بەپێی ماددەی 121 بڕگەی سێ، گەلی کوردستان مافی ئەوەی هەیە بودجەی شاییستە و دادپەروەرانەی هەبێت.
ئەو دادگەیە بۆ چی ڕێگەی لەوە نەگرتووە کە هێزی چەکدار لەدژی خەڵکی کوردستان و بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسیەکان لە لایەن حکوومەتی عێراق بەکار بێت کە خۆی لە خۆیدا پێشێلکردنی ئاشکرای ماددەی 9ی دەستوورە کە نابێ هێزی چەکدار بۆ سەرکوتکردنی گەلی عێراق بەکار بێت و دەست لە کاروباری سیاسی وەربدات. بۆ چی دادگەی فیدڕاڵی هیچ بڕیار و هەڵوێستێکی نەبووە لەبەرانبەر کۆمەڵکوژکردن و ئازاردان و تۆقاندن و ئاوارەکردنی خەڵک لە کەرکووک و خورماتو و شوێنەکانی تر؟
بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵ بڕیارێکی تاکلایەنە و سیاسییە و دەقە دەستوورییەکانی لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی سیاسیی تەفسیر کردووە و پێشێلکردنی 55 ماددەی دەستووری لە لایەن حکوومەتی عێراقی نادیدە گرتووە کە هەر ئەو پێشێلکردنە بوو گەلی کوردستانی هان دا بە پشتبەستن بە دەستوور مافی ئاسایی و یاسایی خۆی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتی مومارەسە بکات. جگە لەوەیش پێویستە هەموو لایەک بزانن هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نییە کە بتواندرێ دەنگی سێ ملیۆن مرۆڤ بە نادەستووری بزاندرێ چونکە دەنگی گەل خۆی سەرچاوەی شەرعییەت و دەستوور و یاسایە.
مەسعود بارزانی
20-11-2017