رۆژی چوارشەممە کاتژمێر 11ی پێش نیوەرۆ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەنجامدرا، دوای ئەوەی کە وەرزی تەشریعی لە ڕۆژی 6/11/2017، ڕاگەیەندرا بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی کاری ئایندەی پەرلەمان و دانیشتنەکان پەرلەمان و ئەو یاسا و بڕیارانەی کە پێویستن پەرلەمانی کوردستان پەسندیان بکات بە تایبەت ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە دۆخی خەڵک و هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی دامەزراوە دەستووریەکانی هەرێم.
لەو بارەیەوە کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:
1- لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و نەهێشتنی کۆسپەکان و هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بە گرنگ دەزانین کە دەست بەری یەکرێزی و یەک گوتاری بکات لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کە لەم قۆناغەدا میللەتەکەمان پێیدا تێپەر دەبێت، داوا دەکەین پەلە بکرێت بۆ ئەم مەبەستە.
2- پەرلەمان و حکوومەت هاوکار و هەماهەنگی تەواوی یەکتربن و هەروەها جەخت کرایەوە بە چالاکردنی لێژنەکانی پەرلەمان و کاری چاودێری و بەدواداچوون و هەر ڕێکارێکی یاسایی کە پێویست بێت بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان و هەرچی زیاتر خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان.
3- پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئامادەییان پیشان داوە بۆ دانوستان و چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان بۆ ئەم مەبەستە هەرچی زووە وادەی دانوستان دیاری بکرێت و لەم نێوەندەشدا داوا لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەکەین هاوکاری جدی بن، چونکە مانەوەی دۆخەکە بەم جۆرە هۆکار دەبێت بۆ تێکچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان بۆ تەئکیدکردنەوە هیچ جۆرە پێشێلکارییەکی دەستووری لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕووی نەداوە، بە پێچەوانەوە لەسەرجەم ڕاگەیاندراو ولێدوانە فەرمییەکاندا پابەندبوون بە یاسا و ماددە دەستوورییەکانی عێراق بە ڕوونی ئاماژەی پێکراوە و دووپات کراوەتەوە.
4- جەخت دەکەینەوە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە مەبەستی دانوستان دەچێتە بەغدا، پاکێجێکی یاسایی و دارایی ورد ئامادە بکات و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی نوێنەری خۆی بۆ ئەو ئامادەکارییە لە خەڵکانی پسپۆر و شارەزا دیاریکردووە و هەماهەنگی تەواوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، دەبێت هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دانووستانی بەپەلە بەتایبەت قوتی خەڵکی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسی جددی و داوا دەکەین کە ناوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی بایۆمەتری بۆ دانوستانەکانی نێوان هەردوولا کاری پێبکرێت و ڕێژەی (17%) شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت.
5- بۆ وەرزی تەشریعی نوێ، بریاردرا هەموو ئەو یاسا و پڕۆژانەی کە گرنگن و پێویستی هەنوکەیی ئەم قۆناغەن بخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بەرەچاوکردنی ئەو یاسایانەی کە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و مەبدەئی توافق کاری پێبکرێت.
6- کۆبوونەوە بڕیاری دا لە پێناوی بەدواداچوونی مەیدانی و ئامادەکردنی ڕاپۆڕتێکی گشتگیر لەسەر کۆی ئەو ڕووداوانەی کە بەسەر ناوچە جێناکۆکەکاندا هاتووە لێژنەیەکی بەدواداچوون لە هەرچوار لیژنەکانی (ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە و ناوخۆ و مافی مرۆڤ)، پێکبهێندرێت بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆڕتێکی مەیدانی بۆ پەرلەمانی کوردستان.
7- بڕیاردرا بەپەلە دانیشتنێکی هاوبەشی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت بۆ گەڵاڵەکردنی بۆچوونی هاوبەشی هەردوولا.
8- پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەرجەم ڕێکارەکانی دانوستان و دەرئەنجامەکانی پێویستە ئاگاداربێت و ڕاوێژی بەردەوام لە نێوان حکوومەت و پەرلەمان دەستەبەر بکرێت.
08-11-2017