ئێمە وەکو ئاژانسی ڕۆژنیوز هێشتا لە شینی (وەدات حسێن) داین، هەواڵی تیرۆرکردنی پەیامنێری (KNN) (شوکری زەینەدین)مان پێگەیشت، سەرەتا ئێمە وەکو ڕۆژنیوز سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ڕۆژنامەنووس شوکری زەینەدین و هەموو هاوپیشەکانی و بە تایەتبەتی کەناڵی (KNN) دەکەین.
ئێمە وەحشیگەری و دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوە بە تایبەت لە ناوچەی بادینان شەرمەزار دەکەین، هاوکارەکەی ئێمە وەدات حسێن عەلی-ش بەهەمان شێوەی دڕندانە لەهەمان دەڤەر لە ڕۆژی 13ی ئاب، چوار مانگ لەمەوبەر تیرۆر کرا، بکەرانی تیرۆری وەدات نەدۆزرانەوە، سزا نەدران، دادگاییش نەکران، تاریکی، تاریکاییەکی دیکە بەدوای خۆی دا دێنێ، ئەگەر ڕووداوی تیرۆرکردنی وەدات ڕوون بکرایەتەوە، ئەمڕۆ تیرۆرکردنی شوکری زەینەدین-مان نەدەبینی.
"ئەو شێوازە، شێوازێکی دیکتاتۆریانە کە ئەمڕۆ لە باکوری کوردستان ڕۆژانە دەیبینین"
لە بارودۆخێکی وەها ئاڵۆز کە قەیرانی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستی دایە، لە جێگەی چارەسەریی لە قاڵبی کوشتن، تیرۆر، هەڕەشە و چاوترساندن، ئەو قەیرانە قووڵتر دەکاتەوە، بە کوشتنی سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی و وەدات حسێن، ڕۆژنامەنووسان دەستیان لە کاری ئەخلاقی خۆیان کە گەیاندنی دەنگی ڕاستییە هەڵناگرن، بە تیرۆر کردنی شوکری زەینەدین-یش ئەو ڕاستییە لە تاریکیدا نامێنێتەوە، ئەو شێوازە، شێوازێکی دیکتاتۆرییانەیە کە ئەمڕۆ ئێمە لە باکوری کوردستان ڕۆژانە دەیبینین، ئەمڕۆ، کە ئەردۆغان بۆ شاردنەوەی سیاسەتی لەناوبردنەکەی خۆی، دەکوژێ، دەستگیردەکان، دەیانخانەتە بەندیخانەی تاکە کەسی.
"ئێمە ڕوماڵی ڕاستییەکان دەکەین، بێدەنگ نابین"
هەڵوێستی ڕۆژنامەنووس، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ وەستاندنی ئەو تیرۆرانە، کە ئەنجامدەرانیان بە چاوقایمی سەیری ناوچاومان دەکەن، گرنگە، پێویستە بە دروشمی "ئێمە ڕووماڵی ڕاستییەکان دەکەین، بێدەنگ نابین" ڕۆژنامەنووسان و هەموو کۆمەڵگەی باشووری کودستان داوای سزادانی بکوژە نەناسراوەکان بکەن، بێدەنگی لە ئاست ئەو ڕووداوانە زنجیرەی ئەو وەحشیگەرییە درێژتر دەکات.
"ئێمە بە چاوترساندن واز لە ئەرکەکامان ناهێنین"
لە کۆتاییدا ئێمە وەکو ئاژانسی ڕۆژنیوز، کە هیێشتا بکوژانی ڕۆژنامەنووسەکەی ئێمە نەدۆزراونەتەوە، داوادەکەین، کە هەرچی زووە بکوژان دەستگیر بکرێن و سزا بدرێن، ڕاشیدەگەیەنین، کە بە چاوترساندن، ئێمە ئەرکی خۆمان لە وتن و گەیاندنی ڕاستییەکان نیوەناچڵ بەجێ ناهێڵین، چونکە ئەرکی ئێمە ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکانە.
03-12-2016