لەساڵی 2003 دا وەکو ڕێکخراوێکی NGO دامەزراوە دوو بنکەی سەرەکی لە شاری سلێمانی و دهۆک و نوێنەرایەتی لە کەرکووک و هەرچوار پارچەی کوردستان هەیە.
ئامانج : پێک هێنانی ئارشیفی کەلتوری و کەلەپووری زارەکی کوردستان هەموو کەمایەتی ئاینی و ڕەگەزی بەمەبەستی تۆمارکردنی ناسنامەی نەتەوەی کورد و هەموو کەمایەتیەکانی کوردستان کە مێژووی هاوبەشیان لەکوردستاندا هەیە.
بۆ گەیشتن بۆ ئەم ئامانجە نەتەوەییە ئنستیتیوت لەچەند بەشێکدا خەباتێکی سیستماتیکی دەست پێکردووە :
1. کۆکردنەوەی کەلتوری زارەکی هاوڵاتیانی دانیشتووی کوردستان.
2. پاراستن و ئامادەکردنیان بۆ سود وەرگرتنی وەکو سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەو داهێنانی کەلتوری.
3. گەشەپێدانی کەلتوری گەلی کوردستان بەمەبەستی گواستنەوە بۆ نەوەکانی داهاتووی گەلەکەمان.
تێکۆشانی ئنستیتیوت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لەم بەشانەدا چڕ دەبێتەوە :
· کتێبخانە :
کۆکردنەوەی هەموو کتێب و نوسراوە و بەڵگەنامەکان دەربارەی کەلتور و کەلەپووری کوردستان، ئەم کتێبخانەیە بۆ سودی گشتی پێک دێت وەک سەرچاوەیەکی زانستی بۆ ئەم کتێبخانەیە، ئێستا زیاتر لە (5000) کتێب بەزاراوە جۆربەجۆرەکانی کوردی، زمانی عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و تورکی و زمانەکانی تر و سەدان گۆڤار و بەڵگەنامە لە خۆ دەگرێت.
کتێبخانەی ئەلکترۆنی (E- library) ی ئنستیتیوت یەکەمین کتێبخانەی ئەلکترۆنی کوردستان و عێراقە کە لەهەر شوێنێکی تردا لە ڕێگای سایتی ئنستیتیوت سود لە ئەرشیف و کتێبخانەی ئنستیتیوت وەردەگیرێت.
· ئارشیفی دەنگ و ڕەنگ :
لەم بەشەدا، کەلتور و هونەری ڕەسەن و فەرهەنگی کوردستان لەشێوەی دەنگ و ڕەنگ و وێنە کۆدەکرێتەوە. ئەم ئەرشیفە بە شێوەی دیجیتاڵ دەبێت و نەتەنیا بۆ هەمیشە پارێزراو دەبێت بەڵکو سەرچاوەیەکی نەتەوەیی دەبێت بۆ گەشەپێدانی هونەر و فەرهەنگی گەلەکەمان لە داهاتوودا.
لەم ئەرشیفەدا هەموو ئەو دەنگ و ڕەنگانە کۆدەکرێنەوە کە لە (100) ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراون.
· لێکۆڵینەوە و چاپ و بڵاوکردنەوە :
ئەرکی سەرەکی ئەم بەشە کۆکردنەوە و بەدەست هێنانی هەموو ئەو کەلتور و داب و نەریتانەیە کە تا ئێستا نەهاتونەتە ئارشیفی گەلەکەمان و ڕزگارکردنیانە لە فەوتان و لە بیرچوونەوە.
بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێک شارەزا و نوێنەر لە هەرچوار پارچەی کوردستان دا، بەدوادا چوونی بۆ دەکەن و بەگوێرەی توانای مادی و مەعەنەوی کەرەستەکان کۆدەکرێتەوە و بە پێی جۆریان دەچێتە ئەرشیفی تایبەت و دەپارێزرێت. وەیان لەشێوەی کتێب و بڵاوکراوە ئامادە دەکرێت و دەخرێتەبەر دیدی هاوڵاتیان.
· بەشی بەرهەم هێنان :
لەم بەشەدا کۆمەڵێک بەرهەم لەشێوەی دەنگ و ڕەنگ و فیلم و کتێب ئامادەدەکرێت، کەبەرهەمی ئەو دەستکەوتانەی ئەرشیفی ئنستیتیوتە و لەبازاڕ و میدیادا بڵاو دەکرێتەوە. خەبات و تێکۆشانی دیکەی وەکو پێشانگای وێنە و کۆنسیرت و فیستیڤاڵ و یان ڕێکخستنی کۆڕ و سیمیناری کەلتوری، ئەرکی تایبەتی ئەم بەشە دەبێت. کە تائێستا زیاتر لە (100) کتێب بەزمانی کوردی سۆرانی، کرمانجی، عەرەبی، ئینگلیزی و زاراوەکانی تری هەورامی، ماچۆ، زازاکی، کەلهوری چاپ و بڵاو کردۆتەوە. هەروەها هەموو ساڵێک کۆنسیرت و فیستیڤاڵی موزیک و پێشانگای فۆتۆ یان کۆڕ و کۆبونەوەی بۆنە کەلتوریەکان ئامادە و بەڕێوە دەچێت.
· گەشەپێدان :
لەگەڵ پاراستنی کەلتور و کەلەپووری زارەکی کوردستان لە ئەرشیف و بڵاوکراوەکاندا، ئنستیتیوت تێدەکۆشێت تا زانستی ئامێرەکانی ئەلکترۆنی و تەکنیکی پێشکەوتووی ئەمڕۆ بخاتە گەڕ بۆ گەشەپێدانی کەلتوری گەلەکەمان. بۆ نموونە شمشاڵی پیرە شوانی گوند (قالە مەڕە) لەگەڵ ئورکیسترای ژێدار Compose دەکرێت تاکو مەودای ئاواز و میلۆدی کوردی لە قاڵبێکی زانستیدا پێشکەش بکرێت.
ئنستیتیوت هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە گرنگی داوە بە کاری دەنگ و ڕەنگ لەم تۆمارگەیەدا و دەیان بەرهەمی کەلتوری و کاری گەشەپێدانی تێداکراوە و لەشێوەی CD و DVD و فیلم کە لە میدیاکانەوە بڵاوکراوەتەوە یان لە ڕێگای بازاڕەوە کەوتۆتە بەردەست هۆگرانی هونەر ی ڕەسەنی گەلەکەمان.
وێبسایتی ئنستیتیوت :
وێبسایتی ئنستیتیوت پەیوەندی ئێمە لەگەڵ هەموان لەهەر لایەکی جیهاندا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەم سایتەدا هەموو ئەو خەبات و تێکۆشانەی بەشە جۆربەجۆرەکان و پڕۆژەکانی ئنستیتیوت دەردەکەوێت و لەم ڕێگەیەوە ئێمە و بینەرانمان سود و یارمەتی وەردەگرین لەیەکتر، بەتایبەت ئەو کەسانەی کەوا خەریکی لێکۆڵینەوەی کەلتورین لەڕێگای وێبسایتەکەوە ئاسانکاریان بۆ کراوە.