بۆق
1
بە ڕووبارێکم گوت، کازیوەت باش.
هات پێڵاوەکانی داکەندم. گۆرەوییەکەی بۆ شوشتم و
بە لقی شەنگەبیەکەوە، هەڵیخست.
2
هەمان شتم بە کیسەڵێک گوت
هاتە قەراخ و زرێپۆشەکەی فڕێدا.
سەری هەڵبڕی و
چەپڵەی بۆ ئەو پۆلە کۆترە کوتا
کە بە تاقی ئاسمانەوە بوون.
3
بە ماسیم گوت تکایە فێری مەلەم کە
جلە پوولەکاویەکانی داکەندو کردیە بەرم.
دوو باڵ و کلکێکی دوو لق بوون.
4
گوتم قرژالە خنجیلەکە چاوم کز بووە،
درەختم لێ دەبێ بە ژن!
دەستی درێژ کردوو
چاویلکە تازەکانی خۆی،
دا بە من.
5
بە بۆقم گوت : گۆرانیت بەخێر
لاوکێکی بۆ گوتم و
بە قەوزە لەسەر بەردێکی سپی نووسی؛
بژی نیشتیمان.
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]