کرێکار
لە کەڵەشێرەکە تێدەگەم
بەر لەکەوتنی کازیوە بانگی داو
گوتی:
بڕۆ بۆ مەیدانی کار.
چووم..
کەچی ئیشم دەست نەکەوت.
نازانم چۆن
بەبێ چەند کولێرەیەک و
کەمێک ترێ و
هەنجیر ،
بگەڕێمەوە ماڵ.
چووم بۆ مەیدانی کار..
ئیشم دەست نەکەوت
شەرم دەکەم بچمەوە بەردەمی مناڵەکان و
دەستەیی جل و
کلێتەیەک و
جووتێ پێڵاوم پێ نەبێ
چووم بۆ مەیدانی کار..
تەریق دەبمەوە
بێ دەفتەرو
کتێب و
قەڵەمی ڕەنگ
بچمەوە بەرچاوی مناڵە خوێندکارەکانم!
چووم بۆ مەیدانی کار..
ئیشم دەست نەکەوت
چەند سەختە بەبێ ملوانکەیەکی زیو
سۆلێک
کۆڵوانەیەکی نیو داشت.
سەیری چاوە ماندووەکانی، هاوژینەکەم بکەم
خودایە خۆت؛
مەیدانێکی کار بکەرەوەو
هێندێ کوڵینگ و
پاچ و
کوتکی ئاسنمان بۆ بکڕەو
ئیشمان بۆ بدۆزەوە.!
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]