شەرمەزاری دەسەڵاتی کولتوری لەنێوان ئەخلاق و نائەخلاقدا..
#14-07-2023#
#زامۆئا داراغا#
لە دوای مەرگی هونەرمەند (#گارا ڕەسوڵ# ) لە زۆربەی دەزگا حکومی و ناحکومیە هونەریەکانەوە بەیاننامەی ماتەمینی و سەرخۆشی و پێشانگەی ڕێزلینان و یاد و چلە بۆ هونەرمەند گارا کرایەوە کە ئەمە مایەی خۆشحاڵی هەموومان بوو بە تایبەتی ئێمەی شێوەکاران .
کە تا ئێستا بەم شێوەیە ڕێز و ستایشی هونەرمەندێکی شێوەکار نەکراوە لەم هەرێمەدا کە لە یەک کاتدا لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر یاد و بۆنەی ماتەمینی بۆ سازبکرێت ، بە هەمان شێوە لە شاری کەرکووکیش هەمان ڕێوڕەسمی بۆ ئەنجام بدرێت .
بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و تێبینی منە لەم چیرۆکەدا هەڵوێستی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە کە وەک دەسەڵاتی کولتوری خۆی نمایش دەکات بە دەرکردنی بەیاننامەی باق و بریق لە کاتی کۆچی هونەرمەند گارا دا وەک ئەوان دەڵێن (هونەرمەندێکی دەست ڕەنگین کە شارەزایی لە مێژووی کورد و گەلاندا هەبووە، بەرهەمەکانی قوڵایی مەعریفی یەکەی ڕەنگیدا بووە ، خاوەنی بڕوانامە ی هونەری و نووسەرێکی ڕەخنە گری کارامە بووە) .
بەهەمان شێوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی بەیاننامەی لە هەمان شێوە دەرکرد کە پڕ بوو لەستایش و وشەی بریقەدار و بێ بنەما .
لە یادی چلەی هونەرمەند گارادا پێشانگای (رێزلێنانی) بۆ ئەنجام ئەدەن بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی وە لەلایەن (یاریدەدەری بەڕێوەبەری ڕۆشنبیرییەوە) پێشانگاکە ئەکرێتەوە .
تا ئێرە هیچ کێشەیەک نییە !
لە ڕێکەوتی ( 12/12/2021 ) گرووپی ( کۆنسێپت ئاڕت ) بە نووسراوی فەرمی داوا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەکات بە سپۆنسەر کردنی چالاکیەکی هونەری بە ناوی (پێکەوە بەتەنیا) بە هاوبەشی (11) هونەرمەند کە لەنێو ئەو هونەرمەندانەدا هونەرمەند (گارا ڕەسوڵ) ناوی هاتبوو وەک بەشداربوویەکی پێشانگاک و وەک ئەندامی گرووپی (کۆنسێپت ئاڕت) .
لە داوی بێنەو بەرەیەکی زۆری نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی و نووسینگەی وەزیری ڕۆشنبیری لە سلێمانی و وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەولێر کە زیاد لە (دە مانگی) پێچوو بەهەر سێ لایەنەکە واتە نووسینگەی وەزیر لە سلێمانی و وەزارەت لە هەولێر وە بەڕێوبەرایەتی گشتی لە سلێمانی سپۆنسەرەکەیان ڕەت کردەوە، بەبێ دەست نیشان کردنی هیچ هۆکارێک بۆ ئەو داواکاریە تەنانەت وەڵامی نووسراوەکەشیان نەدایەوە.
ئێمە وەک گرووپی ( گۆنسێپت ئاڕت ) لەدەرەوەی ئەم دامودەزگا حکومیانە هەوڵماندا سپۆنسەر پەیدا بکەین، خۆشبەختانە پێشانگاکە لە ڕێکەوتی ( 01/10/2022 ) کرایەوە .
لەو ساتەدابوو کە هونەرمەند گارا تووشی نەخۆشی (شێرپەنجە) بووبوو وە تەندرووستی بەرەو خراپی ئەڕۆیی .
لێرەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم دامودەزگا حکومی هونەریانە چەند بێ ئاگا و نەزانانە کولتور بەڕێوە دەبەن، لە هەمانکاتدا چەند بێ شەرمن لە ئاست هونەرمەند گارا دا لە دوای مردنەکەی فرمێسکی تیمساحی بۆ ئەرژن . ئەم یاری کردنە لەنێو (ئەخلاق و نائەخلاقدا) کایەی کولتوری ئەم هەرێمەی خستۆتە دۆخێکی زۆر خراپ و دژوارەوە کە بە باوەڕی من گەورەترین زیانی گەیاندوە بە کولتور و فەرهەنگی ڕۆشنبیری ئێمە کە وایکردووە دەسەڵاتی کولتوری ئەم هەڕێمە تووشی نەخۆشی دەبڵ مۆڕاڵی بێت و توانای جیاکردنەوەی چالاکی هونەری و نا هونەری نەمێنێت ،
هەموومان دەزانین وەزارەتی ڕۆشنبیری وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە پێویستە لە ڕێگەی کار و ئەجندەکانییەوە کارئاسانی و هاوکاری هەموو هونەرمەندێک و چالاکیەکی هونەریە بکات لەسەر بنەمای ئەوە کە ئەم وەزارەتە بەبێ هونەرمەندان و ڕۆشنبیران هیچ بەهایەکی نامێنهت و ئەرکە گەورەکە لە دەست دەدات و لەدەستیشی داوە .
لە بەر ئەم هۆکارانە بۆ من گرنگە ئەم ڕاستیدانە تۆمار بکەم کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و بە تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی گەیشتۆتە چ ئاستێکی شەرمەزارانە لە بەڕێوەبردن و مامەڵە کردنی لە کایەی هونەری ئەم هەرێمە ، هەتا هونەرمەندەکە لە ژیاندایە و ئەکتیڤە و کاری هونەری ئەنجام دەدات ئێوە وەک دەسەڵاتی کولتوری ئەبنە ڕێگر و بەربەست لە بەردەم ئەم هونەرمەندانە کە دڵنیام نەک هونەرمەند گارا بەڵکوو دەیانی وەک هونەرمەند گار ئاوا مامەڵەی لەگەڵ کراوە نەیان هێشتوە کارە هونەریەکانی ئەنجام بدات و ڕووناکی ببینێت هەر لە سەرەتاوە دژایەتی کاری جددی ئەکەن .
بەڵام دوای مردنی هونەرمەندەکە دێن شیعر و شانامە و ناسنامەی هونەرمەندی کوردی پێ دەبەخشن و پێشانانگەی ڕێزلێنانی بۆ ڕێکدەخەن . ئەوەی تڕاژیدیە و ئەبێت لێرەدا بووترێت هەمیشە هونەرمەندە سەربەخۆکان ئەو هونەرمەندانەی کە خاوەن هەڵوێست و بیروباوەڕی تایبەت بە خۆیان هەبووە وە هەمیشە دژی ئەو جۆرەن لە دەسەڵاتی کولتوری ستەمکار و گەندەڵەن ، لە ژیانیاندا تەنیا بوون وە هەمیشە دژایەتی و فرامۆش کراوە لەلایەن دەسەڵاتی کولتوریەوە ، بەڵام بە مردنی هونەرمەندەکە سەدان دۆست و خاوەنی بۆ پەیدا ئەبیت . هەموویان ( گوایە ) ئەیانەوێت کارە هونەریەکانی بۆ بپارێزن بە بێ ئەوەی هیچ دامو دەزگایەکی کار کۆکەرەوە و پارێزگاریکەری هونەری بوونی هەبێت و پێشانگای بۆ ڕکبخەن ، نووسینەکانی بۆ چاپ بکەن بەڵام پێش مردنی بە چەند مانگێک ئامادە نەبوون سپۆنسەری پێشانگاکە بکەن .
گارا خۆی تا لەژیاندا بوو بە هەموو جۆرێک ئەو شێوازە لە بەڕێوەبردنی کولتوری ڕەت ئەکردەوە کە ئەم دەسەڵاتە پەیڕەوی دەکات بەتوندی دژی ئەو جۆرە لە ئەخلاقانە دەوەستایەوە ، کە پێشانگا و وێنە کوورت دەکاتەوە لە (بۆنەدا) و جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە دەسەڵاتی کولتوری چەند ناهونەریانە مامەڵە لەگەڵ هونەردا ئەکات.
تێبینی :- ئەو بەڵگە نامانە کە بڵاو کراونەتەوە لەگەڵ ئەم نووسینەدا کۆپیەکی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییە و بەهەمان شێوە کۆپیەکی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بوونی هەیە ئەمە تەنیا مشتێکە لەو خەرمانە قێزەوەندە کە ئەم دەسەڵاتە کولتوریە بەڕێوەی ئەبات . هەروەها ئەو فۆتۆیانەی تر هەمووی لە پەیچی فەرمی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییەوە وەرگیراوە.[1]