ناونیشان: بۆچی هەموومان پێمان خۆشە ببینە پزیشک؟ کۆنەخۆشی مانچهاوسن چییە؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #05-07-2023#
لە سنووری #سلێمانی# و بۆ تەنیا کەمتر لە دوو ملیۆن کەس ئەوەندەی من ئاگادارم 51 نەخۆشخانەی گەوەری حکومی-مەدەنی، سێ نەخۆشخانەی گەورەی سەربازی، زیاد لە 38 مەڵبەند و 100 بنکەی تەندرووستی، 41 نەخۆشخانەی ئەهلی گەورە و سوپەر گەورە و 1000 کلینیک و لانی کەمی 1000 دەرمانخانەی فەرمی و دەرمانخانەی لاکۆڵانی تێدایە; بەڵام سەرباری ئەم سوپا گەورەیە لە نەخۆشخانە و پزیشک وکارمەندی تەندرووستی سیحەت و تەندرووستی خەڵک ئەوەیە کە ڕۆژانە دەیبینین لە چ کارەساتێکدایە، تێکڕای تەمەن لە ئێراقدا بە نزیکەیی 69.1 ساڵە، بەڵام لە وڵاتێکی وەک سوید 84.6 ساڵە، واتە بەنزیکەیی هەموو سویدییەک 14 ساڵ لە ئێراقییەک زیاتر دەژی.
ئەم ئامارە تۆقێنەرە لە بازرگانی تەندرووستی وێڕای ئەوەی ئاوێنەیەکی دەقیقی شێواوی سایکۆلۆژیای ئەو خەڵکەیە کە حەز بەوە دەکات پێی بگوترێت نەخۆش، یان بۆ ئەوەی گرنگی زیاتری پێ بدرێت حەز بە نەخۆشکەوتن بکات (مانچهاوسن سیندرۆم Munchausen Syndrome) لە هەمان کاتدا دەرخەری سیستمێکی سیاسی و سیاسەتێکی تەندرووستی کۆنی داڕزاوی واشە کە پێی وایە چارەسەکردن لە خۆپاراستن باشترە.
سیستمەکانی سیاسەتی تەندرووستی بۆ ئەوەی خەڵکەکانیان لە نەخۆشکەتن پاشانیش بێکاری و کەمئەندامبوون بپارێزن و ڕێژەی بەهەدەردانی پارە کەمبکەنەوە نایەن بەتەنیا کار لەسەر چارەسەکردن و درووستکردنی نەخۆشخانەی گەورە و لەکژەری بکەن، بەڵکوو زۆرینەی تواناکانی خۆیان لە خۆپارێزی دا سەرفدەکەن هەموو هەوڵەکانیان لە دەستەبەرکردنی خواردنی کوالێتی باش و ژینگەی باش و پاکڕاگرتنی ئاو و هەوا و بە کلتورکردنی وەرزش و گرنگی بە خۆداندا چڕ دەکەنەوە. لێرە دەقیق بە پێچەوانەوە هەوا بە ئەنقەست و بە بەنزین و گازی کوالێتی خراپ و ژەهراوی ئالودە دەکرێت، دارستانەکان دەستووتێندرێن و دەکرێنە پێشانگای ئۆتۆمبێل و باڵەخانەی کۆنکرێتی و یەکەی نیشتەجێبوون، سیاسەتی ئاو بە جۆرێک کاردەکات و بە شێوەیەکی سیستماتیکی وا پیسدەکرێت کە هەموو هاوینێک پەتای کۆلێرا کە پەتایەکی سەدەکانی ناوەڕاستە دووبارە و سەدبارە لێرە سەر هەڵبداتەوە، خراپترین جۆری خواردن لە خراپترین دەوڵەتەکانەوە هاوردە دەکرێن و دواتریش نەخۆشخانەی چوارئەستێرە و پێنج ئەستێرەی هاوشێوەی باشترین هۆتێلە لەکژەرییەکان درووست دەکرێن بۆ تەکاندنی گیرفانی هاووڵاتی و بەهەدەردانی پترۆدۆلاری وڵات.
ئەم حەزی خۆنەخۆش خستنەی خەڵک (مانچهاوسن سیندرۆم Munchausen Syndrome) کە بووەتە کلتورێکی دەستەجەمعی سایکۆلۆژی خەڵک هاوشان لەگەڵ پشتگوێخستنی سیاسەتی خۆپارێزی کارێکی کردووە هەموو خەڵک پێی خۆشبێت منداڵەکەی ببێتە پزیشک یان لانی کەم لەدامەزراوەییەک پزیشکیدا کاربکات.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی من لە گووگڵ لەسەر شارێکی دە ملیۆنی وەک لەندەن بەرچاوم کەوت کە لە ساڵی2021 دا قەرەباڵخترین شاری گەشتیاری بووە لە دونیادا و هەندێ ڕۆژی ساڵ چڕی دانیشتووانەکەی زیاترە لە 15 ملیۆن کەس، کۆی گشتی ژمارەی کلینیک و بنکە و نەخۆشخانەو دەرمانخانە و مەڵبەند و نەخۆشخانە تایبەتەکانی سلێمانی لەوانەی لەندەن زیاترن، ئەمە لەکاتێکدایە دانیشتووانی سلێمانی کەمتر لە دوو ملیۆن و دانیشوانن.
=KTML_Bold=مانچهاوسن سیندرۆم Munchausen Syndrome:=KTML_End= جۆرە ناڕێکییەکی ئاکاری- سایکۆلۆژی دەگمەنە، کەسی تووشبوو بەم ناڕێکییە بۆ ئەوەی گرنگی زیاتری پێبدرێت پێ خۆشە خۆی نەخۆش بخات یان نیشانەی نەخۆشی لەخۆی بدۆزێتەوەو بچێتە نەخۆشخانە. [1]