ناونیشانی بابەت:زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی سامان لە کاتی قەیرانی ئابووریی
ئامادەکردن: #یەعقوب مەهدی عارف بەرزنجی#
کاتژمێر 9ی شەوبوو، دەنگۆی داخستنی مەرزەکانی ئێران هاتە ئاراوە. لەپڕا هەموو ئۆتۆمبێلەکان ڕویان کردە بەنزینخانەکان، مارکێتەکان جمەیان دەهات لە کڕیاران. ئەو شەوە نزیکەی سێ کاتژمێر درەنگتر دەرگای مارکێتەکان داخران، لەبەر ئەوەی هاووڵاتییان ترسی ئەوەیان لێنیشت کە چیتر بەنزین، یا کەرەستەی خۆراکی نایەت بۆ کوردستان. ئەم حاڵەتانە لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی دونیا دووبارە دەبنەوە، لەوانە وڵاتانی پێشکەوتووش، وەک ئەڵمانیا، ئوسترالیا، ئیتالیا. ئەویش بەهۆی داخستنی سنوورەکان، یا کەمکردنەوەی جموجۆڵی نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێکاری توند بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەلایەن وڵاتانەوە. هەرچەندە ئەم ڕێکارییە لە هەمان کاتدا واتا وەستان؛ یا کەمکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، کە بریتییە لە سەرجەم ئەو پەیوەندی و کارلێکە ئابووریانەی کە لەنێوان وڵاتانی سەربەخۆ، یان لەنێوان وڵاتانی سەربەخۆ و دامەزراوە و کۆمپانیاکاندا ڕووئەدەن.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هەموو جموجۆڵە بازرگانییەکانی لە سەرانسەری جیهاندا کەمکردۆتەوە. لە جوڵەی کەشتییەکان و فڕینی فڕۆکەکان و هاتوچۆیی گەشتیاری و تەنانەت کاریگەریی لە دەوامی خوێندکارانیش کردووە لە هەندێک وڵاتان. کەمکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە جیهاندا زیانی بنەڕەتی بەبڕی 160 ملیار دۆلار گەیاندوە بە ئابووری جیهان لە ئێستادا. ئەمە سەرەڕای لەناوبردنی قازانجی مەزەندەکراو، کە بڕەکەی چەندین جار لەوە زیاترە، بۆ نموونە تەنیا بەهۆی لەدەست دانی متمانە بە بازاڕی پشکەکانی چین زیانەکان بە بڕی 393 ملیار دۆلار خەمڵێنراون. دیارە زیانەکان زیاتر بەر وڵاتی چین کەوتون کە بەدووەم گەورە ئابووری جیهان دادەنرێ، هەروەها یەکەمە لەڕوی بازاڕی ئۆتۆمبێل و سەرچاوەی خەرجی گەشتیاری نێودەوڵەتی. هەروەک یەکەمیشە لە هەناردەی شمەک وخزمەتگوزاری بۆ هەموو وڵاتانی جیهان.
زیانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بۆسەر تێکڕای ئابووری جیهان و باسکردن لەیەکە یەکەی کەرت و بوارەکان زۆر هەڵدەگرێ، لێرەدا دەرفەتی ئەوە نابێت باس لە هەموویان بکرێت، چونکە ئەگەر تەنیا باس لەکەرتی نەوت بکەین ئەوە ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار زیانی بەردەکەوێ. نرخی نەوت نزیکەی 5%ی کۆی نرخەکەی لەدەست داوە. ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە کە خواست لەسەری کەمبۆتەوە. بۆیە وڵاتانی ئۆپێک کە تێکڕای بەرهەمەکانیان ڕۆژانە نزیکەی 28ملیۆن بەرمیلە، بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی 3 دۆلار زیانیان بەردەکەوێت، کە دەکاتە 84 ملیۆن دۆلار ڕۆژانە. وڵاتێکی وەک ئێراق کە بەرهەمی ڕۆژانەی نزیکەی 4، 6 ملیۆن بەرمیلە، ڕۆژانە بڕی 13، 6 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت. بۆیە ئێمە باس لە زیانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ناکەین، کە گەیاندویەتی بە ئابووری جیهان، بەڵکوو تەنیا باس لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکەین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، وەبەرهێنەران لە جیهاندا دورئەکەونەوە لەو ئوسوڵە داراییانەی کە مەترسییان لەسەرە. هەوڵ ئەدەن بەئاڕاستەی ئەو ئوسوڵە داراییانە هەنگاو بنێن کە سەلامەتن و گرەنتیان زۆرە. کڕینی زێڕ وەک یەکێک لەباشترین بژاردەکانە لەلایەن وەبەرهێنەران و پارەدارانەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری بکات لە سامانەکانیان و هێشتنەوەی بەهاکانیان.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا زێڕ دەتوانێت یارمەتیدەر بێ، لە پاراستنی ئوسوڵی دارایی لەکاتی قەیران و شڵەژانی بازاڕەکاندا؟ خۆ زێڕ بەکارنایەت بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا! ئەی کەواتە چۆن یارمەتیدەرە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەسادەیی بریتییە لەوەی کە زێڕ زیاترلە پشک و قەواڵە داراییەکان پارێزەری بەهای سامانە لەکاتی قەیران و تەنگژە ئابوورییەکاندا. پەندێکی عەرەبی لەبارەی زێڕەوە زۆر بڵاوە، کە دەڵێت (هم زینة هم خزینة) واتە زێڕ هەم جوانییە هەمیش پاشکەوتە.
هەرچەندە دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە بەم پێکهاتەیەی ئێستایەوە شتێکی نوێیە، بەڵام ترسی لەدەستدانی سامان و نەمانی بەهای ئوسوڵە داراییەکان شتێکی نوێ نییە. لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە 2014 هەمان شت ڕویدا، بەڵام بە قەبارەیەکی کەمتر نرخی زێڕ زیادی کرد و نرخی پشک و قەواڵە داراییەکان کەمی کرد. بەپێی ئەو داتایانەی کە لە کونسوڵیەتی زێڕی جیهانی (Goldhub) بڵاوکراونەتەوە تەنیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، بڕی زێڕی کڕدراو لەلایەن سندوقەکانی وەبەرهێنەرانەوە نزیکەی 84، 5 تەن بوە. هەر بۆیە ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەچاو مانگی ڕابردووەوە 2% زیادی کردووە. هەر بەپێی ئەو داتایانە بەهای وەبەرهێنانی ئەو سندوقانە لە بواری کڕینی زێڕدا نزیکەی 4، 9 ملیار دۆلار بووە، کە ئەمە ئاماژەیە بۆ بەرزکردنەوەی موڵکداری بۆ ئەو کانزایە لەلایەن بەرهەمهێنەرانەوە لە هەموو جیهاندا.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دڵنیانەبوون لە ئەدای بازاڕەکان و لەدەست دانی متمانە بە پشک و قەواڵە داراییەکان. هەر بۆیە لە مانگی شوباتدا، پەنا بردن بۆ زێڕ بووە بە باشترین بژاردە بۆ سندوقەکانی وەبەرهێنان. بۆیە دەبینین ئەمریکا و کەنەدا یەکەم بوون لە کڕینی بڕی 42 تەن زێڕ بەنرخی 2، 3 ملیار دۆلار، ئەوروپییەکان بە پلەی دووەم دێن، کە بڕی 33 تەنیان کڕیوە. لە کیشوەری ئاسیاش وەبەرهێنە چینییەکان یەکەم بوون (کە شوێنی تیشکۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە بەجیهاندا) لە کڕینی زێڕ بەبڕی 8، 7 تەن کە نرخەکەی 425 ملیۆن دۆلاربوە.
بەهۆی ئەو ترس و بیمەی، کە لەبازاڕەکانی جیهان بڵاوبۆتەوە لە دەرئەنجامی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، خواست لەسەر زێڕ زۆر زیادی کردووە. بۆیە نرخی زێڕ لەسەرەتای مانگی شوباتدا گەیشتە 1672 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. لە 24ی شوباتدا، بەرزترین نرخی تۆمارکرد و گەیشتە 1690 دۆلار؛ کە ئەم نرخە لە ساڵی 2013 ەوە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە، بانکی (گۆڵدمان ساکس) پێشبینی گەیشتن بەنرخی 1800 دۆلای بۆ ئۆنسەیک کرد، گەیشتن بەو نرخە و زیاتریش هیچ دوور نییە گەر قەیرانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بەردەوامی زیاتر بە خۆیەوە ببینێنت وبەری لێنەگیرێت.
لەپێش دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ڕێژەی وەبەرهێنان لەو بوارانەی کە مەترسیان زۆرە، وەک پشک و قەواڵە داراییەکان بەرز بوون، بەڵام پاش ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەرکەوت، هەموو وەبەرهێنەران پەنایان بۆ زێڕبرد وەک پەناگەیەکی سەلامەت (ملاذ آمن) .
کونسوڵیەتی زێڕی جیهانی لە ڕاپۆرتێکیدا، پێشبینی بەردەوامی تەوژمی خواست لەسەر زێڕ دەکا لە داهاتوێکی نزیکدا. ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، کە گرنگترینیان ئەوەیە زێڕ بەباشترین ئوسوڵی سەلامەت دائەنرێت لەجیاتی دانانی قەواڵە، کە لە پارچە کاغەزێک زیاتر هیچی تر نییە. هەر بۆیە ئەمریکا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دوچاری کەمکردنەوەی وەبەرهێنان بۆتەوە، لە بانکەکانییدا نرخی سوی دابەزاند. کونسوڵیەتی زێڕی جیهانی، پێی وایە کە دابەزینی نرخی سوو کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر نرخی زێڕ، جێگرتنەوەی قەواڵە داراییەکان بە زێڕ.
ئەوەی گرنگە باسی لێوە بکەین ئەوەیە، کە لەگەڵ ڕەوانەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا متمانەی وەبەرهێنەران بە بازاڕی پشک و قەواڵە داراییەکان زیاد دەکاتەوە، بۆیە نرخی زێڕیش نزم دەبێتەوە، بەڵام پێناچێت بچێتەوە ئاستی یەکەم جاری، هەروەک چۆن لە ساڵی 2014 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا ڕویدا. هەرچەندە ڤایرۆسی ئیبۆلا، نەبووە هۆی قەیرانێکی گەورەی جیهانی و زوو کۆنتڕۆڵکرا، چونکە قەیرانەکان هەرچەند زیانبەخشیش بن، بەڵام بەو مەرجەی جیهانی نەبن ئەوا مەترسیەکەیان بۆسەر ئەدای بازاڕی جیهانی کەم دەبێت. هەروەک چۆن زۆر جار لافاو و زریان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یا ئاگرکەوتنەوەکەی ئوسترالیا نەبوونە قەیرانێکی جیهانی، هەرچەندە زیانەکانی ئەو کارەساتە سرووشتیانە بەدەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێن. کەواتە، ئەوەی وا دەکات کە ڤیرۆسی کۆڕۆنا ئەو کاریگەریەی هەبێت بریتییە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا و بوونی بە قەیرانێکی جیهانی. لێرەوە کاریگەریی خۆی درووست دەکات لەسەر ڕێژەی کڕین و فرۆشتنی سەرجەم شمەک و خزمەتگوزارییەکان لە جیهاندا. لە حاڵەتی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە لە ماوەیەکی کەمدا، بازاڕەکان دووبارە بوژانەوە بە خۆیانەوە دەبینن. [1]