ناونیشانی بابەت: مەراسیمی ناساندنی دوازدەمین دیوانەشیعری بورهان بەرزنجی لە خانەقین بەڕێوەچوو
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
لە ئێوارەی ڕۆژی 30-05-2023، ماڵی ڕووناکبیریی (شەهید سەلام) لە #خانەقین#، لەژێر دروشمی (پێکەوە لەپێناو خانەقین .. سەرچاوەی ڕۆشنبیری و ئەدەب) ، ئێوارە کۆڕێکی شیعریی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە شاعیران و ڕۆشنبیران و هاووڵاتییانی شارەکە بۆ شاعیری ناسراوی کورد (#بورهان بەرزنجی#) ساز دا.
لەو ئێوارە کۆڕەدا چەند پارچە شیعرێک لەلایەن شاعیرەوە خوێنرانەوە، هەروەها باسێک لەسەر نوێترین کۆمەڵە شیعری ئەو شاعیرە کرا و مەراسیمی ناساندن و واژووکردنی دوازدەمین دیوانی شیعری شاعیر و نووسەر بورهان بەرزنجی لەژێر ناوی (هەور نیم و بۆت ئەبارێم) بەڕێوەچوو. لە کۆتاییدا دیوانەکە بەسەر ئامادەبووان دابەش کرا، کە گوزارشت لە هەست و سۆز و خۆشەویستی و قسەی دڵی عاشقێک بۆ مەعشووقەکەی دەکات.
سەبارەت بەمە، شاعیر و نووسەر بورهان محەمەد قادر بەرزنجی بۆ ( باسنیوز ) گوتی: هەرچەندە من خەڵکی خانەقین نیم، بەڵام لەبەر خۆشەویستیم بۆ شارەکە، بڕیارم دا ئەم جارە لە خانەقین، هاوکات لەگەڵ کۆڕێکی شیعری، مەراسیمی ناساندن و واژووکردنی دیوانەکەم بەڕێوە بچێت.
شاعیر ئاماژەی بەوەش کرد: دیوانی (هەور نیم و بۆت ئەبارێم) ، دوازدەمین دیوانی شیعریمە، کە چاپ و بڵاو بکرێتەوە، هەرچەندە من شیعری دیوانەکانی دیکەم جۆراوجۆرن، بەڵام ئەمە چوارەمین دیوانە، کە تایبەت بۆ ژن نووسراوە و سەرجەم شیعرەکانی باسی ژن و جوانیی ژن و ڕۆڵە جیاوازەکانی لەنێو ژیاندا دەکات.[1]