پەرتووکخانە پەرتووکخانە
گەڕان

کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!


بژاردەی گەڕان





گەڕانی ورد      کیبۆرد


گەڕان
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆمارکردنی بابەت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
ئامرازەکان
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
زمانەکان
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
هەژماری من
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
گەڕان تۆمارکردنی بابەت ئامرازەکان زمانەکان هەژماری من
گەڕانی ورد
پەرتووکخانە
ناونامە بۆ منداڵانی کورد
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
سەرچاوەکان
شوێنپێیەکان
دڵخوازەکان
چالاکییەکان
چۆن بگەڕێم؟
بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا
ڤیدیۆ
درەختی پۆلەکان
بابەت بەهەڵکەوت
تۆماركردنی بابەتی نوێ
ناردنی وێنە
ڕاپرسی
بیروڕاکانتان
پەیوەندی
کوردیپێدیا چ زانیارییەکی پێویستە!
ستانداردەکان
ڕێساکانی بەکارهێنان
کوالیتیی بابەت
دەربارە
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
چیمان دەربارە وتراوە!
ناوکێشکردن لە ماڵپەڕەکانتاندا
تۆمارکردن / کوژاندنەوەی ئیمێڵ
ئاماری میوانەکان
ئاماری بابەت
وەرگێڕی فۆنتەکان
گۆڕینی ڕێکەوتەکان
پشکنینی ڕێنووس
زمان و شێوەزمانی ڕووپەلەکان
کیبۆرد
لینکە پێویستەکان
ئێکستێنشنی کوردیپێدیا بۆ گووگڵ کڕۆم
کوکیز
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
چوونەژوورەوە
دەبمە هاوکارتان!
وشەی نهێنیت لەبیرکردووە!
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 دەربارە
 بابەت بەهەڵکەوت
 چالاکییەکانی ڕۆژی
 ڕێساکانی بەکارهێنان
 ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 بیروڕاکانتان
 دڵخوازەکان
 کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
 یارمەتی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
دانا موتیع جەباری
28-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
توانا موتیع جەباری
28-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
مووچەکەمان زیاد دەکا
28-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
موتیع جەباری
28-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
ئاژوان کیانی
28-05-2024
شادی ئاکۆیی
پەرتووکخانە
یار و نەیار
28-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەرتووکخانە
دیوانی سێینە، ئەندێشەی نووسەرێک بۆ کوردستان
28-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەرتووکخانە
ڕەخنەی شانۆی کوردی
27-05-2024
زریان عەلی
پەرتووکخانە
چەپکێ ڕەخنەى شانۆیی 3
27-05-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
غەریبیت دەکەم
27-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ئامار
بابەت 518,893
وێنە 106,294
پەرتووک PDF 19,330
فایلی پەیوەندیدار 97,318
ڤیدیۆ 1,399
ژیاننامە
تەها کەریمی
ژیاننامە
خاڵە ڕەجەب
ژیاننامە
میم ڕەعنا
ژیاننامە
سەید کامیل نیزامی
ژیاننامە
عەبدوڵڵا زێڕین
دەروازەیەک بەرەو قوڵایی گەردون، بەشی سێیەم: چاوکرانەوەیەک بەڕووی فراوانی گەردوون
زانیارییەکانی کوردیپێدیا لە هەموو کات و شوێنێکەوەیە و بۆ هەموو کات و شوێنێکیشە!
پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
بەشکردن
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

دەروازەیەک بەرەو قوڵایی گەردون، بەشی سێیەم: چاوکرانەوەیەک بەڕووی فراوانی گە...

دەروازەیەک بەرەو قوڵایی گەردون، بەشی سێیەم: چاوکرانەوەیەک بەڕووی فراوانی گە...
دەروازەیەک بەرەو قوڵایی گەردون، بەشی سێیەم: چاوکرانەوەیەک بەڕووی فراوانی گەردوون.
زنار بابەکر.

چی هەیە لەدەرەوە؟ لە دوورییە مەزەندەنەکراوەکانی بۆشایی ئاسمانەوە چی دەگوزەرێت؟ دەبێت سەرکێشییەکانی گەردوون چ جۆرە پێکهاتە و تەنێکی نامۆ بئارێنێت؟ کاتێک کە من شەوانە بەدەم خەوەوە لە تاریکایی ئاسمان دەڕوانم، دەبێت هیچ تەنێکی شاراوە و ونبوو خۆی لەو تاریکاییە فراوانەدا حەشارنەدابێت؟ ئەو بریقە ڕۆشنانەی کە بەرچاوم دەکەوێت لێر و لەوێ هەمووی هەر تەنیا ئەستێرەیەکی تر دەنوێنێت؟ یاخود، شتێکی تری لەوانەیە زۆر سەرنجڕاکێشتر، لەوانەشە زۆر تۆقێنەرتر، بوونی هەبێت کە بۆ چاوەکانی من هەر تەنیا هاوشێوەی ئەستێرەیەکی تر دەردەکەوێت؟
لە بەشی پێشووتردا: (ئاشناییەک بە بۆماوەهێڵی گەردوون) ، ڕوونمکردەوە کە چۆن ئەستێرەکان پێکدێن، لە چییەوە پێکدێن، هەروەها بەدرێژایی تەمەنیان بە چ چارەنووسێک دەگەن دوای ئەوەی کە پێکدێن. ئێستاش، لەم بەشەی کۆتاییمدا، لە زنجیرە وتاری دەروازەیەک بەرەو قووڵایی گەردوون، باس لە هەر پێکهاتوویەک و دیاردەیەکی تر دەکەم (لانی کەم زۆرینەیان) کە بوونی هەیە - لە تەنە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵە ئەستێرەییەکەی خۆمانەوە، تاکوو ئەو تەنە نامۆ و زەبەلاحانەی کە لەوپەڕی دوورییەکانی گەردوونەوە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئامێرە تەلیسکیبۆییەکانی سەردەمەوە ببینرێن. هەروەها، وەک دەستپێکیش، لە جۆری ئەو تەنەوە دەستپێدەکەم کە زێدی ژیانی ئێمەی مرۆڤایەتی پێکهێناوە: دایکە زەوی.
$هەسارە$
هەسارە چییە؟ لە بەشی پێشووتر، زۆر بەڕوونی ئاماژەم بەوەدا کە هەسارە و ئەستێرە زۆر جیاوازن و دەبێت تەواو جودا بکرێنەوە. ئەو بیروباوەڕە چەوتەی کە هاتووە و دەڵێت مانگ و خۆریش هەر هەسارەن، ئەوە بیروباوەڕێکی کۆن و دێرینی زانستە ئەستێرەناسییەکانی (Astrology) جیهانی ئەفسانە و شارستانییەتە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتییە؛ لای ئەوان، لە زانستە ئەستێرەناسییەکانیاندا، هەردوو خۆر و مانگیش بە دووان لە هەسارەکان دانراون. بەڵام، دەبێت ئەوە بزانرێت کە لە زانستی گەردوونناسی (Astronomy) ئەمڕۆدا، پێوەری جیاواز هەیە بۆ بوون بە هەسارە و ئەستێرە. جا، کە پێشووتر زۆر، زۆر بەوردی و تەواوی باسم لە ئەستێرەکان کردووە، ئەوە جارێکی تر دووبارەی ناکەمەوە و ئەم وتارەی پێ درێژدادڕ ناکەمەوە.
دەستنیشانکردنی هەر تەنێک بە هەسارە، بابەتێکی سادە و ساکار نییە! تاکوو ئەمڕۆش، مشتومڕ لە ئارادایە لەنێوان گەردوونناساندا لەبارەی ئەوەی کە پێوەری بوون بە هەسارە چییە؟ بەڵام، ئەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی و بەرفراوان بڕیاری لەسەر دراوە و یەکلایی کراوەتەوە، ئەوەیە کە دەڵێت بۆ ئەوەی هەر تەنێک ببێت بە هەسارە، دەبێت ئەم سێ تایبەتمەندییە لەخۆبگرێت: 1) دەبێت بەدەوری ئەستێرەیەکدا بخولێتەوە. 2) دەبێت شێوەی گۆیی هەبێت. هەروەها، 3) بای ئەوەندە گەورەبێت کە هیچ تەنێکی تری هاوقەبارە لە دەوروبەرییەوە نەبێت تا هەروەک خۆی لە خولگەکەیدا بەدەوری ئەستێرەکەیدا بخولێتەوە (بە واتایەکی تر، هێزی کێشکردنی بای ئەوەندە بەهێزبێت کە ئەگەر هاتوو هەر تەنێکی تر لە دەوروبەر و نزیکی خولگەکەیەوە هەبوو، ئەوە کێشیان بکات و لەخۆیان بگرێت) .
بۆچی پلۆتۆ (وێنەی خوارەوە) بە هەسارە دانانرێت؟ خۆ، پلۆتۆ تەنێکی گۆییە، هەروەها بە دەوری ئەستێرەیەکدا - خۆرەکەی ئێمە - دەخولێتەوە. بەڵام، هێزی کێشکردنی پلۆتۆ بای ئەوەندە بەهێز نییە تا هەر تەنێکی تری هاوقەبارە لە نزیک و دەوروبەری خولگەکەی بەدەوری خۆردا کێشبکات و ڕێچکەی خولانەوەکەی پاکبکاتەوە - چەندین تەنی تر لەسەر ڕێچکەی خولگەی پلۆتۆ هەیە. بۆیە، لەبەر ئەم هۆکارە پلۆتۆ لە ڕیزبەندی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆری دەرهێنراوە و چیتر بە هەسارە دانانرێت.
ئەو تەنانەی کە دوو تایبەتمەندی هەبوونی شێوەی گۆیی و خولانەوەیان بەدەوری ئەستێرەیەکدا لەخۆگرتووە، بەڵام هاوشێوەی پلۆتۆ هێزێکی کێشکردنی ئەوەندە بەهێزیان نییە تا ڕێچکەی خولانەوەیان لە تەنەکانی تر پاکبکەنەوە، ناودەبرێن بە هەسارەی کوورتەبنە (Dwarf Planets) . پلۆتۆش، تەنیا هەسارەی کوورتەبنە نییە لە کۆمەڵە خۆرییەکەی ئێمەدا، بەڵکوو لە ڕاستیدا زۆرن و تەنیا کەمێکیان دەستنیشانکراوە و بەگشتیش زۆر دوورن لە ئێمەوە، وەکوو هاومیا (Haumea) ، مەیکمەیک (Makemake) و ئێریس (Eris) ، لەگەڵ دانەیەکی تریش کە دەستنیشانکراوە و ئەمیان نزیکە: سیریس (Ceres) ، کە یەکەمین هەسارۆکەی کوورتبنە بووە تاکوو ئێستا توانرابێت بە کەشتییەکی ئاسمانی سەردانیکرابێت و لەم وێنەیەی خوارەوەدا دەتوانرێت ببینرێت.
هەسارەکان، هەروەک ئەستێرەکان لەناو نێبیولاکاندا پێکدێن، هەر بە هۆکاری هێزی کێشکردن لە ڕێگەی لەخۆگرتن و کۆکردنەوەی تەنە بچووکتر و وردیلەترەکانی دەوروبەرەوە. بەڵام، پێویستە بەر لە ماوەی درووستبوونی هەسارەیەک، ئەستێرەیەک پێشووتر پەیدابووبێت. بۆچی؟ چونکە ئەم ئەستێرەیە تایبەتمەندی و پێکهاتەی ئەو هەسارەیە دیاریدەکات هەر کە هەسارەکە بەتێپەڕبوونی کات خەریکە پێکدێت. بۆ نموونە، لە حاڵەتی کۆمەڵە خۆرییەکەی ئێمەدا، دەبینیت کە ئەو هەسارانەی لە خۆرەوە نزیکن بریتین لە هەسارە تاوێرییەکان، واتە لە کانزا و ماددەی ڕەق و تاوێری پێکهاتوون. بەڵام، ئەوانەی دوورتر گشتییان بریتین لە هەسارە گازییەکان. ئینجا، زۆر سەیر و نامۆیانەش، پشتێنەیەکی هەسارۆکەیی هەیە ڕێک لەنێوان کۆتا هەسارەی تاوێری و یەکەمین هەسارەی گازی؛ ئەمە، چۆن؟...
لەو کاتەدا کە هەسارەکان خەریکبوون پێکبێن، هێزی کێشکردنی خۆر وای لە توخمە قوورسەکان - واتە ئەوانەی کە بارستاییان زۆرە و تاوێرین - کردووە تا نزیکترببنەوە لە خۆی و هەر کە هەسارەکانی عەتارد، زوهرە، زەوی و مەریخ دەستیانکردووە بە پێکهاتن، ئەوە ڕاستەوخۆ بە هێزی کێشکردنیان ئەو توخمە تاوێرییانەیان لەخۆیانگرتووە. ئەوەشی کە لە دوورترەوە ماوەتەوە و نەتوانراوە لەلایەن خۆرەوە زۆر کێشبکرێت، بریتییە لە تەنۆلکە گازییەکان، کە لە دەرەنجامدا هەسارە گازییەکانی موشتەری، زوحەل، ئۆرانۆس و نیپتۆنیان پێکهێناوە. بەڵام، کاتێک کە دەوترێت گازی، واتای ئەوە نییە کە تەواوی هەسارەکە هەر بەتەنیا لە گاز پێکهاتووە، بەڵکوو هەموویان کرۆکێکی تاوێرییان هەر هەیە - کە ئەگەرچی بە بەراورد بە بارستایی گشتی هەسارەکە کەمینەیە، بۆیە هەسارەکە بە جۆرێک لە هەسارەی گازی هەژماردەکرێت.
ئەو پشتێنە هەسارۆکەییەی کە لەنێوان هەسارەکانی موشتەری و مەریخ دەبینرێت؛ دەتوانین بڵێین، کە ئەم پشتێنە هەسارۆکییە سنووری ئەو مەودایە دیاریدەکات لە کۆمەڵە خۆرییەکەی ئێمە کە خۆر دەتوانێت تێیدا تەنە ورد و بچووکەکانی وەک هەسارۆکەکان بخواتەوە و کێشبکات. خۆ، هێزی کێشکردنی خۆر زۆر دوورتر لەو پشتێنە هەسارۆکەییە دەڕوات و چەندان هەسارە و تەنی تر هەیە لە سوڕی خۆردا لە پشتەوەی ئەو پشتێنە هەسارۆکەییەوە، بەڵام هێزی کێشکردنی هەسارەی موشتەری زەبەلاح هەیە کە سنووری ئەو مەودوای خواردنەوە و قووتدانی خۆری دیاریکردووە و هەسارۆکەکانی ناو پشتێنەی هەسارۆکەیی لە خولگەی خۆیدا بەجێگری هێشتۆتەوە. ئەگینا، هەر تەنێکی تر بە هاوقەبارەیی هەسارۆکەیەکی ئاسایی لە دیوی ناوەوەی ئەو پشتێنە هەسارۆکەییەوە - ئەگەر نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەر کام لە هەسارەکانی تری عەتارد، زوهرە، زەوی و مەریخ - ئەوە بەدڵنیاییەوە هێزی کێشکردنی خۆر دەیخواتەوە.
کەوابێت، دەبینیت کە لە بنەڕەتدا، چۆن هەر ئەستێرەکانە کە تایبەتمەندی و پێکهاتەی هەر هەسارەیەک دیاری دەکات! نەک هەر تەنیا بۆ بوون بە هەسارەیەکی گازی یان تاوێری، بەڵکوو ئەی پلەی گەرمی؟ ئەو هەسارانەی کە لە خۆرەوە نزیکن پلەی گەرمیان چەندە بەرزە و ئەوانەشی کە دوورن چەندە نزمە! تەنانەت، دوو کۆتا هەسارەی کۆمەڵەی خۆری: ئۆرانۆس و نیپتۆن، بە دوو هەسارەکانی گازی سەهۆڵاو ناسراون. ئەی کاریگەرییەکان لەسەر بەرگەهەوای هەسارەکان و ئەو چینە جیاواز و جۆربەجۆرانەی کە پێکدێن لە هەسارەکەدا؟ باسکردنی ئەوەی کە چۆن ئەستێرە کاریگەریی بنچینەیی و بنەڕەتی هەیە لەسەر پێکهاتن و سەرهەڵدانی هەر هەسارەیەک، خۆی وتارێکی سەربەخۆی دەوێت.
$هەسارۆکە$
هەروەک لە شێوازی پێکهاتنی وشەکەوە دیارە: هەسارە+ۆکە=هەسارۆکە. پاشگری (ۆکە) بۆ کوورتکردنەوە بەکاردەهێنرێت. کەوابێت، لەمەوە دەتوانین بڵێین کە هەسارۆکە بریتییە لە تەنێک کە هەر تایبەتمەندی هەسارە لەخۆدەگرێت بەوەی کە بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە، تەنیا ئەوەی کە زۆر بچووک و وردە و ناتوانرێت بە هەسارە هەژماربکرێت.
هەندێکیان لە ئاستێکی قەبارەیی گەردوونیدا، ئەوەندە وردیلە و بچووکن کە هەژماری زیخ و لم و وردەبەردیان بۆ دەکرێت، لە کاتێکدا کە هەندێکی تریان تیرەکەیان تا چەند سەد کیلۆمەترێک فراواندەبێت. ئەوەش لە یاد نەکرێت، کە هیچ شێوەیەکی دیاریکراویان نییە! واتە، یەکێکی تر لەو تایبەتمەندییانەی کە هاوتا نییە لەگەڵ هەسارەکاندا، ئەوەیە کە شێوەیان نەک هەر گۆیی نییە بەڵکوو تەنانەت ناڕێک و دیارینەکراوە.
ڕەچەڵەک و ڕەسەنی سەرجەم هەسارۆکەکان لە گەردووندا، بریتییە لەو پاشماوەیەی کە نەتوانراوە کێشبکرێت و هەسارەیەکی لێپێکبهێنرێت. جا، دەکرێت پاشماوەی ئەستێرەکەی چەقی هەر کۆمەڵە ئەستێرەیەکی دیاریکراوبێت، یاخود ئەو پاشماوەیەبێت کە لە بۆشاییەکی دیاریکراودا هەسارەیەک لە کاتی پێکهاتنیدا نەیتوانیوە لەخۆیبگرێت. پاشان، بە ملیۆنان و ملیۆنان تا ملیاران ساڵ لە خولانەوە بەدەوری ئەستێرەی چەقدا، ڕەوتی خولگەی دیاریکراوی خۆیان وەرگرتووە، بەڵام نەک هەر تەنیا بە هێزی کێشکردنی ئەستێرەی چەقیان بەڵکوو هی هەسارەکانی دەوروبەریشیان.
هەندێک جار هەسارۆکەکان لە ڕەوتی خولگەی خۆیان لادەدەن، ئینجا بە هەر هۆکارێکی دیاریکراوبێت و ئەمە حاڵەتێکی زۆر ئاساییە لە گەردووندا. چیش ڕوودەدات کە لە خولگەی خۆیان لایاندا؟ دەکەونە ژێر کاریگەریی هەسارەیەکی دەوروبەر و نزیکەوە و ڕاستەوخۆ بەرەو ڕووی ئەو هەسارەیە ڕێدەکەن. لێرەدا، پێیان دەوترێت نەیزەک (Meteor) : هەر هەسارۆکەیەک کە بەر ڕووی هەسارەیەک دەکەوێت.
بەپێی بەڵگەی پاشماوەی ئەو نەیزەکانەی لەسەر ڕووی زەوی ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەرکراوە، لەگەڵ چاودێرییە سەردەمییەکان بۆ نەیزەکە هاتووەکان بەرەو ڕووی زەوی، دەرکەوتووە کە هەرچی هەسارۆکەی وردیلەیە و دەبێت بە نەیزەک و بەرەو ڕووی زەوی ڕێدەکات، ئەوە هەر لەناو بەرگەهەوای زەویدا بەخێرایی کەوتنەخوارەوە لەژێر هێزی کێشکردنی زەویدا دەسووتێت و شیدەبێتەوە. بەڵام، نەیزەکی وا گەورەش هەیە، کە، بۆ نموونە کاتێک بەر ڕووی زەوی دەکەوێت تەواوی جۆری بوونەوەری دایناسۆڕەکان لەناودەبات و لە دەرەنجامی لێکەوتەکانیدا تەواوی شێوازی زیندەیی هەسارەی زەوی دەگۆڕێت بۆ ژیانکردن. هەشە کە لەنێوان ئەم دووانەدایە - نە زۆر وێرانکەر و نە زۆریش سست و لاواز بۆ شیبوونەوە لە بەرگەهەوادا - کە لەوانەیە توخمی وەها بهێنێت بۆ سەر زەوی کە پێشووتر هەر بوونیشی نەبووە! تەنانەت، یەکێک لە بیردۆزە هەرە باوەکانی ئەوەی کە ئاو چۆن بە زەوی گەیشتووە، ئەوەیە کە لە نەیزەکەکانەوە هاتووە.
$کلکدار$
کلکدارەکان (Comets) بریتین لە تەنێکی سەهۆڵاوی بە کلکێکی تەپوتۆزاوییەوە کە بەدەوری خۆردا دەخولێنەوە لە خولگەیەکی هێلکەییکدا. پێویستە جیابکرێنەوە لە هەسارۆکەکان! لە ڕووی پێکهاتەوە، هەسارۆکە مەرج نییە سەهۆڵاوی بێت، بەڵام کلکدار هەمیشە کرۆکێکی سەهۆڵاوی لەخۆگرتووە. پاشان، هەسارۆکە خولگەیەکی بازنەیی و نیمچەبازنەیی بەدەوری خۆردا هەیە، لە کاتێکدا کە کلکدارەکان خولگەیەکی هێلکەیی نامۆیان هەیە: هەمووی لە دوورەوە - دوورتر لە پشتێنەی هەسارۆکەکان و هەسارەی نیپتۆنیشەوە - بەرەو خۆر ڕێدەکەن و کاتێک کە نزیکدەبنەوە لە خۆر، پێچێکی زۆر خێرا دەکەنەوە بەدەوری خۆردا و پاشان ڕێدەکەنەوە بۆ دوور تا ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتوون. هەروەها، لە ماوەی ئەو ڕێکردنەشدا، پاشماوەیەک لە تەپوتۆز و گاز جێدەهێڵن کە هەروەک کلکێک دەردەکەوێت و لەمەوە ناوبراون بە کلدارەکان. ئەوەش بزانە، کە، زۆرینەی هەرە زۆری کلکدارەکان کە بەرەو خۆر ڕێدەکەن، ڕاستەوخۆ کە نزیکدەبنەوە لە خۆر ئەوە ڕاستەوخۆ قووتدەدرێن و ناتوانن خولگەیەکی دیاریکراو بۆ خۆیان جێگیربکەن. ئەو کلکدارە خۆشبەختانەشی کە دەتوانن خولگەیەک بۆ ماوەیەک جێگیربکەن، ئەوانەن کە لە ئاسمانەوە دەبینرێن کاتێک کە لێمان نزیکدەبنەوە - هەندێک جاریش ئەوەندە نزیک کە کێشدەکرێن و بەرەدەبنەوە تا بەر ڕووی زەوی دەکەون.
قەبارەی کلکدارەکان هێندەی شارۆچکەیەک دەبێت، بە تیرەیەکی کەمتر لە 16 کیلۆمەتر. هەروەها یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیشیان ئەوەیە کە هەورێکی گازاوی و تەپوتۆزاوی گەورەیان بەدەوری خۆیاندا هەیە، بە ناوی کۆما (Coma) کە لە ئەنجامی گۆڕانی ناوکە سەهۆڵاوییەکەوە درووستدەبێت هەر کە لە خۆر نزیکدەبنەوە و پلەی گەرمیان بەرزدەبێتەوە. لە ڕاستیشدا، کلکدارەکان دوو کلکیان هەیە! یەکیان کلکێکی تەپوتۆزاوییە کە ئاڕاستەکەی بە ڕێڕەوەی کلکدارەکە و هێزی کێشکردنی خۆر دەستنیشاندەکرێت، لەگەڵ کلکێکی ئایۆنی ڕەنگ شین کە هەمیشە ئاڕاستەکەی ڕاستەوخۆ دوور لە خۆرە.
$مانگ$
مانگ بریتییە لە هەر تەنێکی سرووشتی کە بەدەوری هەسارەیەکدا دەخولێتەوە - بەکوورتی و پوختی. بەڵام، تا ئەمڕۆش پێوەرێکی تایبەت و جیاکراوە نییە بۆ دەستنیشانکردنی هەر تەنێک بە مانگ، چونکە لەم مشتومڕەی نێوان شارەزایانی گەردوونناسیدا کێشە لەسەر قەبارە هەیە. ئەو تەنانەی کە بە دەوری هەسارەیەکدا دەخولێنەوە و تا ئەمڕۆ بە مانگ دانراون، قەبارەیەکی گەورەی شایستەیان هەیە کە کاریگەریی بەسەر هەسارەکەوە درووستدەکات و پێویست دەکات ڕەچاوبکرێت. بەڵام، لە هەمان کاتیشدا تەنی وا هەیە کە تەنیا 10 ئینچ لە تیرەدا فراوانە و ئاسایی بە دەوری هەسارەیەکدا خولدەکات؛ ئایا ئەمەش هەر مانگە؟... ناتوانیت بەتەواوەتی بڕیاربدەیت، تەنانەت چەندین تەنی وا وردیلە هەیە کە تا ئەمڕۆ لەوانەیە هەر نەدۆزرابێتەوە و دەستنیشانیش نەکرابێت! تا ساڵی 2009 دەوترا کە هەسارەی موشتەری 63 مانگی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ لە 2023 دەوترێت کە 80 بۆ 95 مانگی هەیە. تەنانەت، تەنێکی تازەی زۆر وردیلە دۆزراوەتەوە کە بەدەوری زەویدا خولدەکاتەوە، بەڵام تاکوو ئێستاش بەفەرمی بڕیاری لەسەر نەدراوە کە ئاخۆ دەبێت بە مانگی دووەمی زەوی دەستنیشانبکرێت یان نا - بڕواشناکەم کە هیچ پێویست بکات، ئاخر ئەوەندە وردیلە و بچووکە کە هیچ کاریگەریی و گرنگییەکی نییە.
مەرج نییە بۆ هەر هەسارەیەک تا مانگ لەخۆبگرێت. ئەگەرچی هەسارەی وەکوو موشتەری هەیە کە تا ئێستاش بەتەواوەتی نازانرێت چەند مانگی هەیە، بەڵام هەسارەش هەیە وەکوو عەتارد و زوهرە کە تەنانەت هەر مانگیان نییە. پاشان، ئایا چۆن مانگەکانیان پێکدێت و لەخۆیانی دەگرن، ئەمەش وەڵامێکی تەواو و دیاریکراوی نییە! بۆ نموونە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو مانگانەی کە بەدەوری موشتەریدا خولدەکەنەوە، بریتین لە هەسارۆکەکانی پاشماوەی خۆی و کۆمەڵە ئەستێرەکەمان - کەوابێت دەتوانین لەمەوە بڵێین کە ڕێگەیەک بۆ سەرهەڵدانی مانگەکان بریتییە لە لەخۆگرتنی هەسارۆکەکان لە خولگەیەکی دیاریکراودا. بەڵام، مانگیش هەیە وەکوو ئەوەی ئێمە، کە هەسارۆکە نەبووە لە ڕاستیدا! ڕاستی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی مانگی زەوی بە هیچ شێوەیەک بەتەواوەتی یەکلایی نەکراوەتەوە تاکوو ئێستا، ئەوەی کە هەیە تەنیا چەند گریمانە و بیردۆزێکە کە بەشێوەیەکی گشتگیر قبووڵکراوە و دانیپێدانراوە. باوترینیان: نەیزەکێکی قەبارە گەورە بەر ڕووی زەوی کەوتووە و وای کردووە پارچەیەکی بچووک لە هەسارەی زەوی دەربپەڕێت و جیاببێتەوە. پاشان، بە تێپەڕبوونی کات هەسارەی زەوی شێوە گۆییەکەی خۆی وەرگرتۆتەوە و ئەو پارچەشی کە لێی دەرچووە کەوتۆتە ناو خولگەیەکەوە بەدەوری خۆیدا؛ ئەوە ئەم پارچەیە کە تا ئەمڕۆش هەر ناومان بردووە بە مانگ.
مانگەکان پێکهاتەی جیاوازیان هەیە و بە هیچ شێوەیەک مەرج نییە کە هاوتابن لەگەڵ یەکدا. کاتێک کە کەشتییەوانانی کەشتی ئەپۆلۆ گەشتیان کردووە بۆ سەر مانگ و گەڕاونەوە، وتوویانە کە تۆزی سەر ڕووی مانگ بۆنی بارووتی سووتاوی لێدێت، هەروەها لمەکەشی بارگاوییەوە و گەیەنەرە (بەڵام زۆرکەم) . دەشتوانیت ببینیت کە پەڵەی هەم گەورە و هەمیش ورد بەسەر ڕووی مانگەکەمانەوە هەیە، ئەمانە هەمووی بریتییە لە شوێنەواری ئەو نەیزەکانەی کە باریوە بەسەر ڕووی مانگدا بەر لە چەندان و چەندان ساڵ پێش سەرهەڵدانی هەر ژیانێکی زیندەیی لەسەر ڕووی زەوی.
هەسارەی مەریخ دوو مانگی هەیە کە ناڕێکن لە شێوەدا: فۆبۆس (Phobos) و دیمۆس (Deimos) . خۆی، لە ڕاستیدا دەگمەنترین مانگەکان بریتین لە شێوەگۆییەکان! مانگی یورۆپا (Europa) کە بەدەوری موشتەریدا خولگەی داوە، ڕوویەکی سەهۆڵاوی هەیە و لەژێرییەوە زەریایەکی سوێر خۆی حەشارداوە کە دوو ئەوەندەی هەموو زەریاکانی هەسارەی زەوی بە یەکەوە، ئاویان زیاتر لەخۆگرتووە! بەرگێکی تاوێریشی لەخۆگرتووە بە کرۆکیشەوە. تەنانەت، گومانلێکراوترین شوێنە بۆ لەخۆگرتنی ژیانی سەرەتایی زیندەیی لە کۆمەڵە خۆرییەکەماندا. هەر موشتەری مانگێکی تری هەیە بەناوی گانیمید (Ganymede) کە گەورەترین مانگی کۆمەڵە خۆرییەکەمانە و تەنیا مانگە بواری موگناتیسی خۆی هەبێت. جارێکی تریش، هەر سەر بە موشتەری مانگی ئایۆ (Io) هەیە، کە لەڕووی چالاکی گڕکانییەوە لە لوتکەدایە و پڕژێنەری گڕتاوی لەخۆگرتووە بەدرێژایی چەند کیلۆمەترێک! هەروەها، هەسارەی زوحەل هاوشێوەی موشتەری چەندین مانگی لەخۆگرتووە، کە گەورەترینیشیان، بە ناوی تایتن (Titan) ، لە خودی هەسارەی عەتارد گەورەترە! مانگەکانی هەسارەی ئۆرانۆس ناودەبرێن بە مانگە وێژەییەکان، چونکە زۆربەیان بەناوی کەسایەتییە ناودارەکانی وێژە و ئەدەبییەوە ناونراون، وەک کەسایەتییەکانی ناو بەرهەمەکانی ویلیام شەیکسپیەر. یەکێک لە مانگەکانی پلۆتۆ، بەناوی کارۆن (Charon) ، ئەوەندە گەورەیە کە خودی خولگەی پلۆتۆی بەدەوری خۆردا چەماندۆتەوە.
$کۆمەڵەی ئەستێرەیی$
کۆمەڵەی ئەستێرەیی (Star System) بریتییە لە هەر ئەستێرەیەک یان زیاتر کە لە ڕێگەی هێزی کێشکردنی خۆیان و ئەو تەنانەوە کە بەدەوریاندا دەخولێنەوە، بە یەکەوە بەستراونەوە لە شێوازێکی دیاریکراودا. بۆ نموونە، کۆمەڵەی خۆر (Solar System) ی ئێمە بریتییە لە کۆمەڵەیەکی ئەستێرەیی کە خۆری لە چەقدا لەخۆگرتووە بە سەرجەم هەسارە، هەسارۆکە، کلکدار و تەنە جۆربەجۆرەکانی تر بە دەوری ئەم خۆرەدا، کە هەموویان بە یەکەوە لە ڕێگەی هێزی کێشکردنەوە شێوازێکی دیاریکراویان بۆ خۆیان لە بۆشاییدا پێکهێناوە.
چەندان، چەندان و چەندان کۆمەڵە ئەستێرەی هاوشێوەی کۆمەڵە خۆرییەکەی ئێمە هەیە لە گەردووندا! تەنانەت، کۆمەڵە ئەستێرەی زۆر ئاڵۆزتریش لە کۆمەڵە خۆرییەکەی ئێمە هەیە. کۆمەڵەی خۆری ئێمە، تەنیا یەک ئەستێرەی چەقی هەیە، بەڵام ئایا دەزانیت کە کۆمەڵەی ئەستێرەیی هەیە کە دوو ئەستێرە و زیاتریشی لەخۆگرتووە لە چەقەکەیدا؟
دیاردەیەک هەیە لە پێکهاتنی ئەستێرەکاندا، کە تیایدا بۆ نموونە دوو ئەستێرە دەکەونە ناو یەک خولگە بەدەوری یەکتردا - واتە، هیچیان ئەوەی تر ناخواتەوە و قووتنادات، تەنیا ئەوەندە کاریگەریی هێزی کێشکردنی یەکتریان لەسەرە کە بخولێنەوە بەدەوری یەکدا. جا، لە کاتێکدا کە ئەو دوو ئەستێرەیە وەکوو شێوازێکی ئەستێرەی دووانی خۆیان بەدەوری یەکتردا دەخولێنەوە، لە هەمان کاتدا چەندین هەسارە و تەنی تر هەیە، کە بەشێوەیەکی لە خولگەیەکی گەورەتر و دوورتر، بەدەوری خولگەی ئەو دوو ئەستێرە دووانییەدا دەخولێتەوە و بە یەکەوە کۆمەڵە ئەستێرەییەکی دووانی پێکدەهێنن.
ئەگەر پرسیاردەکەیت کە ئاخۆ شێوازی تر هەیە بە زیاتر لە دوو ئەستێرە بەدەوری یەکدا، ئەوە زۆر قووڵ مەڕوانە، کۆمەڵە ئەستێرەیەکی زۆر باو و ناسراو هەیە (هەروەک لە وێنەی سەرەوەدا دەردەکەوێت) ، بە ناوی (Alpha Centauri) کە لە ڕاستیدا سێ ئەستێرەن بەدەوری یەکتردا دەخولێنەوە لە کاتێکدا کە کۆمەڵە ئەستێرەیی تەواویشیان لەخۆیان گرتووە بە چەندان هەسارە و تەنی ترەوە؛ ئەمە کۆمەڵە ئەستێرەیەکی سیانییە. هێشتاش، زۆر ئاساییە کە هەر کۆمەڵە ئەستێرەیەکی تر ببینرێت بە هەر چەند ئەستێرەیەک لە چەقی ئەو کۆمەڵە ئەستێرەیەدا. ئەوەی کە گرنگبێت ئەوەیە، کە، کۆمەڵەی ئەستێرەیی بریتییە لەو شێوازەی کە لە ڕێگەی کاریگەریی ئەو ئەستێرە/ئەستێرانە لەگەڵ ئەو تەنانەوە پەیدابووە کە بەدەوری ئەو ئەستێرەدا/ئەستێرانەدا دەخولێنەوە.
سەیرێکی ئەم وێنەیەی سەرەوە بکە... ئەمە بریتییە لە کۆمەڵە ئەستێرەیەکی شەشانی، بەڵام بە شێوازێکی ئاڵۆزەوە! بە کۆی سەرجەم، شەش ئەستێرەی لەخۆگرتووە، دوو دوو کەوتوونە ناو شێوازی دووانییەوە تا سێ شێوازی دووانی پێکدەهێنن، کە بریتین لە شێوازەکانی A، B و C. دووانەی A لەگەڵ دووانەی C، جارێکی تر شێوازێکی تری دووانەی گەورەتریان پێکهێناوەتەوە بە چوار ئەستێرە. پاشان، شێوازێکی تری دووانە هەیە - دووانەی B - کە بەتەنیا خولگەیەکی تری درووستکردووە لەگەڵ هەردوو دووانەکانی A و C بە یەکەوە - واتە خولگەیەک بە هێزی کێشکردنی A و C لەگەڵ هێزی کێشکردنی B.
گەردوون، دەتوانێت بەم شێوەیە ئاڵۆز و سەرسامکەربێت!... بیهێنە بەرچاوت، لە هەسارەیەک لەناو کۆمەڵە ئەستێرەیەکی لەم شێوەیەدا ژیاباین و شەش دانە خۆرمان بە ئاسمانەوە ببینیبایە.
$گەلەئەستێرە$
گەردوون چەند فراوانە؟... ئێستا، دەبێت پێکەنینت پێمبێت کاتێک کە ئەم پرسیارە دەکەم. ئەو کۆمەڵە ئەستێرانەی کە بۆت باسدەکەم، لە ئاست فراوانی گەردووندا ئەوەندە وردیلە و بچووکن، کە کاتێک لە ئاستێکی بەرزتر و باڵاتردا لە بۆشایی گەردوون دەڕوانیت، ئەوە هەر کۆمەڵە ئەستێرەیەکی تەواو و سەربەخۆ وەک یەک خاڵێکی ڕۆشنی ورد و بچووکی هاوشێوەی ئەوانەی لێدێت کە بە چاوەکانمان لە ئاسمانەوە دەبینرێت!...
کۆمەڵە ئەستێرەکان، بە یەکەوە، گەلەئەستێرە پێکدەهێنن. ئەگەر بە ژمارە ڕوونکردنەوەت بۆ بدەم، ئەوە ژمارەکان بە هیچ ئەنجامێکمان ناگەیەنن! هەر گەلەئەستێرەیەک، بەمەزەندە ملیاران و ملیاران ئەستێرەی لەخۆگرتووە، تەنیا ئەستێرە! ئەی ئەگەر سەرجەم هەسارە و هەسارۆکە و تەنێکی تر هەژماربکرێت، ئەوە دەبێت ژمارەکان چیان لێبێت؟... فراوان و زەبەلاحی گەردوون، ... نازانم، بەلای منەوە تۆقێنەرە.
هەروەک چۆن هەسارە و هەسارۆکەکان و تەنەکانی تر شێوازی دیاریکراوی خۆیان هەیە بۆ پێکهێنانی هەر کۆمەڵە ئەستێرەیەک، بە هەمان شێوەش کۆمەڵە ئەستێرەکان لەگەڵ یەکتردا شێوازێکی دیاریکراویان هەیە بۆ پێکهێنانی هەر گەلەئەستێرەیەک، کە لە دەرەنجامدا شێوەی جیاواز بە دەرکەوتنی ئەو گەلەئەستێرەیە دەبەخشێت. باوترین شێوەی دەرکەوتوو و بینراویش لە گەردووندا، بریتییە لە گەلەئەستێرە لوولپێچییەکان (Spiral Galaxies) ، بە ڕێژەی زیاتر لە 80% لەو گەلەئەستێرانەی کە تاکوو ئێستا دەستنیشانکراون و بە خودی گەلەئەستێرەکەی خۆشمانەوە: گەلەئەستێرەی ڕێگەی کاکێشان (The Milky Way Galaxy) . بەڵام، لەناو خودی گەلەئەستێرە لوولپێچییەکانیشدا، دوو جۆر هەیە: 1) ئاسایی، و 2) شریتی (Barred) . لەناو ئەوانیشدا، جۆری لوولپێچی شریتی زۆرترینە و ڕێژەی دوو سێیەکی سەرجەم گەلەئەستێرە لوولپێچییەکانە، کە بەوە جیادەکرێتەوە لە ناوەڕاستدا درێژبۆتەوە. پاشان، یەکێکی تر لە شێوەی گەلەئەستێرەکان بریتییە لە هێلکەیی (Elliptical) ، کە هەر لە ناوەکەیەوە دیارە ئاماژەیە بە شێوەیەکی بازنەیی نیمچە درێژبۆوە - هەروەک هێلکە. بەڵام، ئەم شێوە هێلکەییە ڕەهایی نییە، و دەکرێت هەبێت کە بەتەواوەتی بازنەییە و تێشیاندا هەیە کە زیاتر یان کەمتر درێژتربۆتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندە هەر جیاکراوەکانیشیان، ئەوەیە کە زۆرینەی هەرە زۆری ئەستێرەکانیان بریتییە لە ئەستێرە بەتەمەنداچووەکان، هەر بۆیەشە کە ئەوەندە ئەستێرە لوولپێچییەکان ڕۆشننین، بەڵام بە قەبارە گەورەترینن. لە کۆتاییشدا، گەلەئەستێرەی ناڕێک (Irregular Galaxy) هەیە، کە هیچ شێوەیەکی دیاریکراویان نییە. ئەم گەلەئەستێرە ناڕێکانە لە بچووکترین جۆرەکانن، بەڵام ڕۆشنن بەوەی کە هەڵکەوتەیەکی گونجاو و شیاویان هەیە بۆ پێکهاتنی ئەستێرەی تازە و ڕێژەیەکی باش لە ئەستێرەی ڕۆشنی تازەلەدایکبوو لەخۆدەگرن.
ئەمانە بریتیبوون لە جیاکردنەوەی گەلەئەستێرەکان، بەپێی شێوەکانیان. بەڵام، ئەمڕۆ - سوپاس بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی تەکنەلۆژی لە چاودێریکردنی گەلەئەستێرەکاندا - جیاکراوەیەکی تریش هەیە لەسەر بنچینەی کرۆکی گەلەئەستێرەکان: 1) گەلەئەستێرەی چالاک (Active Galaxy) و 2) گەلەئەستێرەی کپ (Quiescent Galaxy) . ئەو گەلەئەستێرانەی کە کرۆکێکی ڕۆشنیان لەخۆگرتووە، بەو واتایەیەی کە ڕۆشناییەکی ئێجگار زۆر و بەرچاو پەرشدەکەنەوە لە چەقەکەیاندا، ناودەبرێن بە گەلەئەستێرە چالاکەکان؛ هۆکار بۆ ئەمەش؟ گازی ئایۆنراو لە تۆپەڵبوون و کەڵەکەبوونی ماددە لە ناوچەقی گەلەئەستێرەکەدا، کە وزەیەکی زۆر زیاتر بەرهەم دەهێنێت بە بەراورد لە تەواوی گەلەئەستێرەکانی هاوسێیەوە. ئەوانەشی کە ئەم تایبەتمەندییەیان لەخۆنەگرتووە: گەلەئەستێرە کپەکان، یاخود هەر تەنیا ناودەبرێن بە گەلەئەستێرەی ئاسایی و ئەوە ئەم جۆرەیانە کە ڕێژەی زۆرینەی پێکهێناوە. بەڵام، لەناو گەلەئەستێرە چالاکەکانیشدا، سێ جۆر دەستنیشانکراوە - ئەگەرچی باسکردنیان زۆر پێویست نییە، بەڵام با بەم زاراوانەش هەر ئاشنابیت و زانیارییەکت هەبێت لەسەریان.
هەندێک جار، ڕۆشنایی دەرچوو لە کرۆکی گەلەئەستێرەکەدا ئەوەندە زۆرە کە هەر تەنیا بە چاودێریکردنی هەر خاڵێکی دیاریکراو لە گەلەئەستێرەکەدا دەتوانرێت بزانرێت کە ئەمە ناوکێکی چالاکی لەخۆگرتووە؛ ئەمانە، ناودەبرێن بە کوەیزار (Quasar) ، کە ڕۆشنترینن لەناو گەلەئەستێرە چالاکەکاندا، هەروەها ناوەکەشیان کوورتکراوەیە بۆ (Quasi-Stellar Object) . هەندێک جاریش، ناتوانرێت هەر وا بەئاسانی دەستینشانی ئەوە بکرێت کە ناوکی گەلەئەستێرەکە چالاکە یاخود نا، تاکوو چاودێری تایبەتی بۆ ئەنجام نەدرێت؛ ئەمانە (وەک ئەوەی کە لە وێنەکەی خوارەوەدا هەیە) ، ناودەبرێن بە گەلەئەستێرەی سەیفێرت (Seyfert Galaxies) ، کە بە ناوی ئەو گەردوونناسەوە ناونراون کە بۆ یەکەمین جار سەرنج و هۆشیاری دا لەسەر ئەم جۆرە دیاریکراوەی گەلەئەستێرانە: کارڵ کینان سەیفێرت (Carl Keenan Seyfert) . هەروەها، ئەگەر هاتوو ڕۆشنایی دەرپەڕیو لە کرۆکی گەلەئەستێرەکەدا بە ئاڕاستەی هەسارەی زەوی و ئێمە بوو، ئەوە ناودەبرێت بە بلەیزار (Blazar) - ئەگینا، ئەگەر هەر ئاڕاستەیەکی تری هەبوو ئەوە ئاسایی ناودەبرێت بە کوەیزار.
جا، با تێڕوانینت بۆ فراوانی گەردوون تۆزێکی تریش گەورەتر و فراوانتر بکەمەوە... هەروەک چۆن چەند کۆمەڵەیەکی ئەستێرەیی بە یەکەوە گەلەئەستێرە پێکدەهێنن، شتێک تریش هەیە کە لە کۆمەڵە گەلەئەستێرەیەکەوە پێکدێت: هێشووەئەستێرە! هەرچەندە، ناوەکەی لە بنەڕەتدا بریتییە لە هێشووە گەلەئەستێرە (Galaxy Cluster) ، بەڵام من کوورتم کردۆتەوە و هەر زاراوەی سەربەخۆی هێشووەئەستێرەم بۆ داناوە.
ئەم وێنەیەی کە لەسەرەوە دەیبینیت، یەکەمین وێنە بوو کە لە تەلیسکۆبەکەی جەیمس وێبەوە بڵاوکرایەوە؛ ئەمە بریتییە لە هێشووەستێرەی SMACS 0723. واتە، هەر خاڵێکی ڕۆشن کە تۆ لەم وێنەیەدا دەیبینیت بریتییە لە گەلەستێرەیەک، هەر گەلەستێرەیەکیش بە چەندین کۆمەڵەی ئەستێرەیی و ملیاران ئەستێرەی تاک و ئەوەندەی تریش هەسارە و هەسارۆکە و کلکدار و تەنی تری جۆربەجۆر - تەنیا لەم وێنەیەدا!... مرۆڤایەتی باش گەشەی کردووە.
$ئەستێرەی نیوترۆنی$
ئەگەرچی، ناودەبرێن بە ئەستێرەی نیوترۆنی، بەڵام ئەمانە ئەستێرەی ئاسایی نین. کاتێک کە ناوکی ئەستێرەیەکی زۆر زەبەلاح - کە بارستایی 10 تا 25 ئەوەندەی بارستایی خۆری لەخۆگرتووە - دادەڕمێت، ئەوە دەکەوێتە حاڵەتێکەوە کە تەنۆلکەکانی پڕۆتۆن و ئەلیکترۆنی وەک ئەوە وایە گووشرابن پێکەوە! پێکهاتەیەکی زۆر سەیر سەرهەڵدەدات کە لە تواندنەوەی ئەلیکترۆن و پڕۆتۆنەکان بەردەوام تەنۆلکەکانی نیوترۆن بەرهەمدەهێنێت، کە درێژی نزیکەی هەر تەنیا 20 کیلۆمەترێک دەبێت لە تیرەدا و ناودەبرێت بە ئەستێرەی نیوترۆنی.
ئەگەر هاتوو هەر ئەستێرەیەکی نیوترۆنی بەخێرایی بەدەوری خۆیدا خولایەوە، ئەوە دیاردەیەک درووستدەکات کە لە جەمسەرەکانیدا تیشکێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەردەکات؛ ئەم دیاردەیە، ناودەبرێت بە پەڵزار (Pulsar) . ڕێژەی زۆرینەی هەرە زۆری ئەستێرە نیوترۆنییەکان دیاردەی پەڵزاریان لەخۆگرتووە.
ژمارەی ئەستێرەکانی نیوترۆنی زۆر کەمە لە گەردووندا، - تەنیا نزیکەی 2000 دانە لە گەلەئەستێرەی کاکێشاندا دۆزراوەتەوە، لە کاتێکدا کە پێشبینی زۆر زیاتر دەکرێت - هۆکاری ئەم کەمییەش دەگەڕێتەوە بۆ تەمەن؛ ئەو کرۆکە داڕماوەی کە ئەستێرەیەکی نیوترۆنی پێکهێناوە، بە تەمەنێکی ملیاران ساڵیدا تێپەڕیوە.
تەنیا بیهێنە بەرچاوت، پێکهاتەیەک وەها چڕ لەم بۆشاییە فراوان و بەرینەی گەردووندا قەبارەی تەنیا ئەوەندە شارێکە، بەڵام بەخێراییەکی زیاتر لە ئامێرێکی کەرگە (عصارة) دەخولێتەوە بەدەوری خۆیدا و تیشکی زۆر بەهێزی گاما بە جەمسەرەکانیدا دەردەکات!... کە لە من دەپرسن سەرنجڕاکێشترین تەنی گەردوون چییە؟ دەڵێم، ئەستێرەیەکی نیوترۆنیی پەڵزار.
$سوپەرنۆڤا$
سوپەرنۆڤا، پێکهاتە نییە، بەڵکوو دیاردەیە: گەورەترین تەقینەوە لە گەردووندا! هەرکات کە ئەستێرەیەک دادەڕمێت بەسەر کرۆکەکەیدا، ئەوە ئیتر چڕیەتی ئەوەندە زۆردەبێت کە ناتوانێت بەرگەی خۆی بگرێت و لە ئەنجامدا تەقینەوەیەکی زۆر گەورە بە ناوی سوپەرنۆڤا (Supernova) ڕوودەدات. هەرچەندە، تەقینەوەی بچووکتر لە سوپەرنۆڤا هەیە، کە ئەستێرە بەتەواوەتی لەناو نابات، ئەویان ناودەبرێت بە نۆڤا (Nova) . بەڵام، سوپەرنۆڤا تەقینەوەیەکە کە هیچ ئەستێرەیەک بەرگەی ناگرێت و کە ڕوویدا، ئەوە کۆتا وێستگەیە لە شەمەندەفەری چارەنووسیی ژیانی ئەو ئەستێرەیە.
چۆن ڕوودەدات؟... دەکرێت هەر ئەستێرەیەکی زەبەلاح، کە بارستایی لانی کەم پێنج ئەوەندەی خۆری ئێمەی لەخۆگرتووە، سوڕی ژیانی بە تەقینەوەیەکی سوپەرنۆڤا تەواوبکات - ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە خۆرەکەی ئێمە بارستایی پێویستی نییە بۆ گەیشتن بە تەقینەوەیەکی سوپەرنۆڤا. بەڵام، ڕێگەیەکی تریش هەیە بۆ پەیدابوونی سوپەرنۆڤا، کە ئەمیان حاڵەت و هەڵکەوتەی ئەستێرەکە وادەکات ڕووبدات (لە بەشی پێشووتر چونکە ناچاربووم ئاماژەم پێداوە) : لە ئەستێرەیەکی دووانیدا، کە تێیدا یەکێکیان بریتییە لە کوورتەبنەیەکی سپی، وردەوردە ماددە لە دووانەکەیەوە دەمژێت، تا لە کۆتاییدا ئەوەندە بارستایی زیاد دەکات کە چیتر ناتوانێت لەخۆیبگرێت و دادەڕمێت بەسەر خۆیدا و دەرەنجام: تەقینەوەیەکی سوپەرنۆڤا.
سوپەرنۆڤاکان بریتین لە یەکێک لە دیاردە هەر گرنگ و پێویستەکان بۆ گەردوون، چونکە ئەوە لە ڕێگەی سوپەرنۆڤاکانەوەیە کە توخمە تازە پێکهاتووەکان بڵاودەبنەوە بە گەردووندا. پێتوایە ئەم هەموو توخمە قوورسە هەمەجۆرەی کە لەسەر ڕووی زەوی بوونی هەیە لەکوێوە هاتووە؟ ملیاران ساڵ لەمەوبەر لەناو کرۆک و هەناوی ئەستێرە دێرینەکاندا درووستبووە، هەر کە ئەو ئەستێرانەش تەقیونەوە بە سوپەرنۆڤایەک ئەوە هەرچی توخمی تازە پێکهاتوویانە بە گەردووندا پەرشوبڵاوبۆتەوە، تا دووبارە جارێکی تر بە هێزی کێشکردن یەکی گرتۆتەوە و بۆ نموونە، هەسارەیەکی وەکوو زەویی ئێمەی پێکهێناوە. سەرەڕای ئەمەش، ئەوە هەر شەپۆلی بڵاوبۆوەی سوپەرنۆڤایە کە هاوسەنگی خولگەی تەن و پێکهاتە جۆربەجۆرەکان لە نێبیولاکاندا دەهاژێنێت و وایان لێدەکات بکەونە بەر هێزی کێشکردنی یەکترەوە و لەمەوە، ئەستێرە و هەسارە تازەکان سەرهەڵبدات - باوەڕیش وایە کە پێکهاتنی کۆمەڵەی خۆری ئێمە لە شەپۆلێکی هاتووی سوپەرنۆڤاوە سەریهەڵدابێت.
سوپەرنۆڤاکان، دوای تەواوبوون پاشماوە جێدەهێڵن - پاشماوەی ئەو ئەستێرەی کە تەقیوەتەوە و هەروەها ئەو ئەستێرانەش کە تێداچوون لە ماوەی تەقینەوەکەدا. جا، ئەو پاشماوانەش دوو جۆریان هەیە. یەکەمیان (وێنەی سەرەوە) ناودەبرێت بە پاشماوەی شێوە-سەدەفی (Shell-like Remnant) ، کە تێیدا شەپۆلی تەقینەوەی سوپەرنۆڤاکە بە بۆشاییدا بڵاودەبێتەوە و هەر پێکهاتەیەک کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، گەرمدادەهێنێت بۆ پەیداکردنی پاشماوەیەکی شێوە ئەڵقەیی - واتە لە ناوەوە ڕۆشناییەکی زۆر کزتر هەیە بە بەراورد بە سنوورەکانی، کە ئەم دیاردەیە ناویشدەبرێت بە ڕۆشنبنووەوەی پەلەکان (Limb Brightening) . جۆرەکەی تریش (وێنەی خوارەوە) ، ئەوەیە کە ناودەبرێت بە پاشماوەی شێوە-قرژاڵی (Crab-like Remnant) ؛ لەم جۆرەیاندا، نێبیولایەک پێکدێت کە دیاردەی پەڵزاری لەخۆگرتووە. بەڵام، ناوەکەی هیچ پەیوەندی بە شێوەکەیەوە نییە! بەڵکوو، بۆیە ناونراوە پاشماوەی شێوە-قرژاڵی، چونکە باوترین پاشماوەی سوپەرنۆڤا لەم جۆرەیان بریتییە لە نێبیولای قرژاڵ.
لە پاشماوەی سوپەرنۆڤاکان مەیدانێکی تازە بۆ پەیدابوونی ئەستێرە و هەسارەی تازە دێتە ئاراوە، و لە شەپۆلی بڵاوبۆوەی تەقینەوەی سوپەرناڤاکانەوە هۆکاری تازە بۆ درووستبوونی ئەستێرەی و هەسارەی تازە دێتە ئاراوە. بەڵام، جار هەیە دەرەنجامی تر لە سوپەرنۆڤاوە سەرهەڵدەدات و مەرج نییە هەمیشە پاشماوەیەکی هێمن و دامرکاو پێکبهێنێت لە مەیدانی ئەستێرەی تەقاوە...
دەکرێت ئەستێرەیەکی نیوترۆنی پێکبێت دوای سوپەرنۆڤا، بەوەی کە دوای ئەوەی توێکڵی دەرەوەی ئەستێرەی پێشینە دەتەقێتەوە و پێکهاتەکانی بڵاودەبێتەوە بە بۆشاییدا، کرۆکەکەی وا دادەڕمێت بەسەریەکدا کە وەک پێشووتر ئاماژەم پێدا، وەک ئەوە وایە لە هەر گەردیلەیەکدا پڕۆتۆن و ئەلیکترۆنەکان تەواو پەستێورابن بەسەر یەکدا و بەردەوام نیوترۆنەکان پێدەهێنن. دەشکرێت لە هەندێکی حاڵەت و بارودۆخی زۆر لەوە گەورەتر، وەکوو ئەو ئەستێرانەی کە بارستاییەکی ئێجگار زۆریان هەیە، ڕاستەوخۆ دوای سوپەرنۆڤا یەکێک لە تۆقێنەرترین و سامناکترین پێکهاتووەکانی گەردوون سەرهەڵبدات: کونە ڕەشەکان!...
$دێوەزمەکانی گەردوون: کونە ڕەشەکان$
کونی ڕەش (Black Hole) ؛ خاڵێکە لە بۆشاییدا کە هێزێکی کێشکردنی لە ڕادە بەدەری هەیە و هیچ شتێک ناتوانێت لێی دەربازبێت بە هیچ شێوەیەک.
بەربەستێکی دیاریکراویان هەیە، بەناوی (Event Horizon) ، کە تا ئەو ئاسۆیە ڕووناکی و ماددە دەتوانێت بڕوات، بەڵام لەو خاڵە بەدواوە هیچ شتێک! بە واتای وشەکە خۆی، هیچ شتێک، ناتوانێت لێی بگەڕێتە دواوە. بۆ کوێ دەڕوات؟ هیچ کەس نازانێت! کونە ڕەشەکان هەموو شتێک هەڵدەلووشن، دێوەزمەیەک و تارماییەکن کە هیچ ڕکابەرێکیان لە گەردووندا نییە، جگە لە تاریکاییەکیش، هیچ شتێکی تر لە چەقەکەیاندا بوونی نییە و نازانرێت کە ئەو هەموو ماددە و وزە هەڵمژراوە بۆ کوێ دەڕوات و چی بەسەردێت - تەنیا ئەوە نەبێت کە تا زیاتر و زیاتر هەڵدەلووشێت، ئەوە زیاتر گەشەدەکات و گەورەتر دەبێت.
دوو جۆری کونە ڕەشەکان هەیە، کە دانەیەکیان بریتییە لە کونە ڕەشە ئاساییەکان و تەنیا سێ تا چەند دەرزەنێک زیاتر لە خۆری خۆمان کێشی هەیە - زۆر نا، تەنیا سێ تا چەند دەرزەنێک زیاتر - و بە تەواوی گەلەئەستێرەی کاکێشانی خۆمان و گەردووندا بڵاوبوونەوە. ئەوەی تریان! کونە ڕەشە زەبەلاحەکان، لە ناوچەقی زۆرینەی هەرە زۆری گەلەئەستێرەکاندا هەن و، کە دەوترێت زەبەلاح واتە دەکرێت 100، 000 تا ملیاران جار لە خۆری خۆمان بارستاییان زیاتربێت. گومان دەکرێت، کە جۆرێکی تری ناوەندیش هەبێت، واتە بە بارستاییەک کە لە چەند دەرزەنێک زیاترە تا 100، 000 جار ئەوەندەی خۆری خۆمان؛ دانەیەک لەم جۆرە، لە ساڵی 2019 دۆزراوەتەوە و پێشبینی 142 کێشی خۆریی بۆ کراوە.
کونە ڕەشە ئازاد و سەربەستەکان، واتە ئەوانەی بچووک و ناوەندین، لە ئەنجامی سوپەرنۆڤای ئەستێرەیەکەوە پێکدێن کە بارستایی زیاتر لە 20 ئەوەندەی خۆریان لەخۆگرتووە و دوای سوپەرنۆڤاکە، ئەگەر کرۆکەکانیان بارستایی بەنزیکی سێ ئەوەندەی بارستایی خۆری لێ مابۆوە، ئەوە ئەگەری زۆر هەیە دابڕمێن بۆ بوون بە کونێکی ڕەش. بەڵام، ڕەچەڵەکی دەرکەوتن و درووستبوونی کونە ڕەشە زەبەلاحەکانی چەقی گەلەئەستێرەکان، زانیارییەکی وای لەسەر نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە هەر لە سەردەمانی زووی پێکهاتنی گەلەئەستێرەکەوە ئەویش سەریهەڵداوە.
ئەمەی خوارەوە، بریتییە لە یەکەموێنەی ڕاستەقینەی چرکێندراو لە کونێکی ڕەش: لە چەقی گەلەستێرەی M87، بە دووری 55 ملیۆن ساڵی ڕووناکی و کێشی 6 ملیار ئەوەندەی بارستایی خۆر. تەنیا بۆ لەبەرچاوگرتن، ئاسۆی کەوتوو لەم کونەڕەشەوە ئەوەندە فراوانە کە زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵەی خۆری ئێمە دەگرێتەوە بە ئێجگار دوورتر لە تەواوی هەسارەکانەوە!...
هەندێک جار، ئەو ماددەیەی کە زۆر، زۆر نزیک لە سنووری ئاسۆی کەوتنی کونێکی ڕەشەوە خولگە دەدات، دەردەپەڕێندرێتە دەرەوە بە ئاڕاستەیەکی دیاریکراو لە کونە ڕەشەکە وەک ئەوەی دەرچەیەک درووستبووبێت لەو ئاستەی ڕێڕەوی خولگەکە بەدەوری کونەڕەشەکەدا؛ ئەمانە، جیاوازن لە پەڵزار، پێیان دەوترێت (Jets of Particles) و وەک لەم وێنەیەی خوارەوەدا دەبینرێت، دەتوانن تا نیو ملیۆن ساڵی ڕووناکی بڕۆن و درێژببنەوە.
ئەمانە بریتیبوون لەو پێکهاتە و دیاردانەی کە تاکوو ئەمڕۆ زانراوە و چاودێریکراوە لە گەردوونی بینراودا. پێویستە هەمیشە هەمووان ئەوەیان بیربێت کە گەردوون فراوانە - لە ڕادەبەدەر فراوان! واتە، بە ناکۆتا فراوان - و دەکرێت نەک هەر تەنیا لەدەرەوەی سنووری گەردوونی بینراو، بەڵکوو چەندین پێکهاتە و دیاردەی تریش بوونی هەبێت هەر لەناو خودی گەردوونی بینراودا کە بە ئاستی توانستی تەکنەلۆژی ئەمڕۆ نەمانتوانیبێت درکی پێبکەین و چاودێری بکەین. بۆیە، دەستەواژەی تا ئەمڕۆم بەکارهێنا و من - وەکوو خۆم - زۆر یەقینم بەوەی کە تا ئەمڕۆش ئێمە هەر نەزانین لەوەی کە بەڕاستی چ شتێک بوونی هەیە لە گەردووندا؛ ئەمە، با کۆتا وتەم بێت بۆ ئێوەی زانخواز و فێرخواز کە تا ئەم کۆتا دێڕەم هاتوون و لێرەوە، کۆتا خاڵ دادەنێم لەم زنجیرە وتارەی کە هەم کلیل و هەمیش دەرگەیە بەرەو ڕووی گەردوون.
[1]
ئەم بابەتە 387 جار بینراوە
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | pernus.org 23-04-2023
فایلی پەیوەندیدار: 1
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 3
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
ڕۆژی دەرچوون: 23-04-2023 (1 ساڵ)
پۆلێنی ناوەڕۆک: زانست
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری )ەوە لە: 02-05-2023 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ەوە لە: 02-05-2023 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ەوە لە: 18-05-2024 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 387 جار بینراوە
فایلی پەیوەستکراو - ڤێرشن
جۆر ڤێرشن ناوی تۆمارکار
فایلی وێنە 1.0.1189 KB 02-05-2023 ڕاپەر عوسمان عوزێریڕ.ع.ع.
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
وێنە و پێناس
بازاڕی کورانی مەخموور لە هەولێر ساڵی 1984
کورتەباس
سۆبەی دار
کورتەباس
سواکردنەوە
ژیاننامە
دانا موتیع جەباری
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
حەیدەر عەبدولڕەحمان مامە
پەرتووکخانە
ڕەخنەی شانۆی کوردی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
ژیاننامە
مژدە عەبدولحەمید
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
کورتەباس
پێ پەتی
ژیاننامە
ئاژوان کیانی
پەرتووکخانە
یار و نەیار
ژیاننامە
موتیع جەباری
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
وێنە و پێناس
هەولێر ساڵی 1974
پەرتووکخانە
چەپکێ ڕەخنەى شانۆیی 3
وێنە و پێناس
گۆڕەپانی پەلەوەر (مەیدانی مریشکان)ی هەولێر ساڵی 1978
کورتەباس
گەرمیان..دەرکەوت شوێنەوارە کەلەپوورییە دۆزراوەکە بیرێکى ئاو بووە
ژیاننامە
توانا موتیع جەباری
وێنە و پێناس
زانا خەلیل و فەرهاد پیرباڵ لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر ساڵی 1995
کورتەباس
گەرمیان.. بینایەکى کەلەپوورى دۆزرایەوە
ژیاننامە
سابات محەمەد ساڵح
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
شەم سامان
وێنە و پێناس
موحسین ئاوارە، نەژاد عەزیز سورمێ، محەمەدئەمین دهۆکی، کەمال میراودەلی، شێرکۆ بێکەس ساڵی 1976
پەرتووکخانە
هەگبەی کوردەواری
ژیاننامە
سروە ساڵەیی
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای نارین
ژیاننامە
نیشتیمان عەبدولقادر ئەحمەد
شوێنەوار و کۆنینە
سیاهگل.. پەرستگەی سەردەمی ساسانییەکان
پەرتووکخانە
دیوانی سێینە، ئەندێشەی نووسەرێک بۆ کوردستان

ڕۆژەڤ
ژیاننامە
تەها کەریمی
01-01-2009
هاوڕێ باخەوان
تەها کەریمی
ژیاننامە
خاڵە ڕەجەب
04-09-2010
هاوڕێ باخەوان
خاڵە ڕەجەب
ژیاننامە
میم ڕەعنا
09-08-2017
سەریاس ئەحمەد
میم ڕەعنا
ژیاننامە
سەید کامیل نیزامی
31-05-2018
سەریاس ئەحمەد
سەید کامیل نیزامی
ژیاننامە
عەبدوڵڵا زێڕین
30-01-2021
زریان سەرچناری
عەبدوڵڵا زێڕین
 چالاکییەکانی ڕۆژی
بابەتی نوێ
ژیاننامە
دانا موتیع جەباری
28-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
توانا موتیع جەباری
28-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ڤیدیۆ
مووچەکەمان زیاد دەکا
28-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
موتیع جەباری
28-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ژیاننامە
ئاژوان کیانی
28-05-2024
شادی ئاکۆیی
پەرتووکخانە
یار و نەیار
28-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەرتووکخانە
دیوانی سێینە، ئەندێشەی نووسەرێک بۆ کوردستان
28-05-2024
ڕاپەر عوسمان عوزێری
پەرتووکخانە
ڕەخنەی شانۆی کوردی
27-05-2024
زریان عەلی
پەرتووکخانە
چەپکێ ڕەخنەى شانۆیی 3
27-05-2024
زریان عەلی
ڤیدیۆ
غەریبیت دەکەم
27-05-2024
ڕۆژگار کەرکووکی
ئامار
بابەت 518,893
وێنە 106,294
پەرتووک PDF 19,330
فایلی پەیوەندیدار 97,318
ڤیدیۆ 1,399
کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
وێنە و پێناس
بازاڕی کورانی مەخموور لە هەولێر ساڵی 1984
کورتەباس
سۆبەی دار
کورتەباس
سواکردنەوە
ژیاننامە
دانا موتیع جەباری
پەرتووکخانە
ژینانامە - وەشانی 1
شوێنەوار و کۆنینە
قشڵەی قوشتەپە
ژیاننامە
حەیدەر عەبدولڕەحمان مامە
پەرتووکخانە
ڕەخنەی شانۆی کوردی
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای حەسەن ئاباد
ژیاننامە
مژدە عەبدولحەمید
پەرتووکخانە
سایکس-پیکۆنامە - وەشانی 1
کورتەباس
پێ پەتی
ژیاننامە
ئاژوان کیانی
پەرتووکخانە
یار و نەیار
ژیاننامە
موتیع جەباری
پەرتووکخانە
سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان
وێنە و پێناس
هەولێر ساڵی 1974
پەرتووکخانە
چەپکێ ڕەخنەى شانۆیی 3
وێنە و پێناس
گۆڕەپانی پەلەوەر (مەیدانی مریشکان)ی هەولێر ساڵی 1978
کورتەباس
گەرمیان..دەرکەوت شوێنەوارە کەلەپوورییە دۆزراوەکە بیرێکى ئاو بووە
ژیاننامە
توانا موتیع جەباری
وێنە و پێناس
زانا خەلیل و فەرهاد پیرباڵ لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر ساڵی 1995
کورتەباس
گەرمیان.. بینایەکى کەلەپوورى دۆزرایەوە
ژیاننامە
سابات محەمەد ساڵح
پەرتووکخانە
کۆڵبەرنامە - وەشانی 1
ژیاننامە
شەم سامان
وێنە و پێناس
موحسین ئاوارە، نەژاد عەزیز سورمێ، محەمەدئەمین دهۆکی، کەمال میراودەلی، شێرکۆ بێکەس ساڵی 1976
پەرتووکخانە
هەگبەی کوردەواری
ژیاننامە
سروە ساڵەیی
شوێنەوار و کۆنینە
ئەشکەوتی کاڵدار
پەرتووکخانە
لۆزاننامە - وەشانی 2
شوێنەوار و کۆنینە
قەڵای نارین
ژیاننامە
نیشتیمان عەبدولقادر ئەحمەد
شوێنەوار و کۆنینە
سیاهگل.. پەرستگەی سەردەمی ساسانییەکان
پەرتووکخانە
دیوانی سێینە، ئەندێشەی نووسەرێک بۆ کوردستان

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.5
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.937 چرکە!