باتەت: وتار
نووسین: #وەلید محەمەد سلێمان یوسف#
$بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاساییش چییە و کەی دەرکرا؟$
بڕیاری (688) ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییە لە ڕێکەوتی 5 ی نیسانی ساڵی 1991، ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ژمارە (9282) دا، پشتبەستن بە بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریکرد.
$بڕیاری 688 بۆ گەلی کوردستان چی درووست کرد؟$
ئەم بڕیارە دەرکرا بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە هێرشەکانی ڕژێمی بەعسی دڕندە بە درووستکردنی ناوچەی دژەفڕین لە سەرووی هێڵی (36) ، هەرچەندە ڕووبەرێکی کەم بوو بەڵام لەم ناوچانە گەلی کوردستانی لە جینۆساید و کۆمەڵکۆژیی پاراست.
$کێ دەست پێشخەریی بۆ ئەم بڕیارە کردو کێ دەنگی بە بەڵێ و کێ بەنەخێر داو کێ بایکوتی کرد؟$
ئەم بڕیارە لەسەر دەست پێشخەریی فڕەنسا و بەریتانیا و بە هاوکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرکرا، لەو بڕیارەدا لە کۆی هەر (15) ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەوکاتەدا، بە (10) دەنگی (بەڵێ) دەرچوو، ئەوانیش بریتی بوون لە وڵاتانی (فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا، ڕووسیا، بەلجیکا، ڕۆمانیا، ئوسترالیا، ئیکوادۆر، کۆتیڤوار و کۆنگۆ) ، لەگەڵ (3) دەنگی نەخێر کە ئەوانیش بریتی بوون لە وڵاتانی (کوبا، یەمەن، زیمبابۆ) ، هەروەها (2) وڵاتی بێلایەن و (بایکۆت) کە ئەوانیش بریتی بوون لە (چینی میللی، هندستان) .
$بۆچی ئەم وڵاتانە دژی بڕیارەکە دەنگیاندا؟$
هەریەک لە ( یەمەن - زیمبابووی - کوبا) پەیوەندی نەتەوەیی و شوفێنی و ئابووری و سیاسی و ئایدولۆژی، لەگەڵ ڕژێمی بەعسی فاشیست هەبوو، بۆیە دژی بڕیارەکە وەستانەوە و بەنەخێر دەنگیان دا.
$ئایا بڕیاری 688 سیاسی یان مرۆڤایەتی بوو؟$
بڕیاری 688 بڕیارێکی سیاسی بوو، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فڕەنسا، لەدوای جەنگی کەنداوی دووەم، ویستیان ڕژێمی بەعسی دڕندە لاواز بکەن. بە دەرکردنی ئەم بڕیارەش ڕژێمی بەعسی درندە زۆر لاوازبوو.
لە هەمان کاتدا دەرکردنی 688 بڕیارێکی مرۆڤایەتی بوو، چونکە لە دوای ڕاپەرینی گەلی کوردستان، ڕژێمی بەعس هێرشی پێچەوانە دەستی پێ کردەوەو بە هاوکاری بەشێک لە وڵاتان، ویستیان جارێکی تر کوردستان داگیربکەنەوە، بەڵام گەلی کوردستان دروشمی نا بۆ ژیان لەژێر دەسەڵاتی بەعسی دڕندە هەڵبژاردو کۆرەوی ملیونیان بەرپاکرد و بەرەو سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان چوون. بەمەش ڕەنگدانەوەیەکی گەورەی لە جیهان دایەوە و هاوسەری سەرۆکی ئەو کاتی فڕەنسا خاتوو ( دانیاڵ میترال ) سەردانی ئاوارەکانی کرد و لەگەڵ سەرکردایەتی گەلی کوردستانیش کوبوویەوە.
$گرنگی ئەم بڕیارە بۆ گەلی کوردستان چی بوو لەو کاتە هەسیارەدا؟$
لە مێژووی یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەوە یەکەمین جار بوو، یەکەمین بڕیار بوو لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان دەربکرێت و گەلی کوردستان جینۆساید بیپارێزێت. دوای ئەم ڕووداوە دەگمەنەی بۆ گەلی کوردستانی مافخوراو و ستەملێکراو هاتە پێش، پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان درووست بوون.
#05-04-2023#
[1]