ژینا وەکوو رەمزی ڕابوون دژی تۆتالیتاریسم
ئاراز ڕۆژهەڵاتی
ژینا ئەمینی، تەمەن 22 ساڵ، خەڵکی #سەقز# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەکەی بەسەردانێک دەچنە تاران و لەوێ لەلایەن (گەشتی ئیرشاد)ەوە دەگیرێت و لە ڕێگەی گواستنەوە تاکوو هۆڵی گەشتی ئیرشاد هەرچییەک ڕووی داوە لە لێدان و زەختی دەروونی بە سەریان هێناوە و دواجار تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێت.
ئەمە کۆی ڕووداوەکەیە کە لە چەند دێڕدا دەتوانین کوورتی بکەینەوه، بەڵام هەم ڕاستیی ڕووداوەکە ئاماژە بۆ دەستنەپارێزی و تووتالیتاریزمێک بەڕێکخراوەکراو (لێرەدا لە قەوارەی گەشتی ئیرشاد، واتە ئەو گرووپانەی کە ژنان و کچان لە شەقامدا دەگرن و ئەگەر باڵاپۆشییان بەپێی پێوەرەکانی ئەوان باش نەبێت دەستبەسەریان دەکەن) دەکەن و هەمیش مەرگی “ژینا” بووە هۆی سەرهەڵدان و ڕابوونێک دژی کۆی سیستەمێکی تووتالیتاری وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بێگومان خوێنێکی تازەی خستە ناو دەمارەکانی بزاوتی مەدەنی و لایەنگرانی ڕووخانی ڕژێم و ئاخێزگە و ناوەند و سەرپشکایەتیی ڕەوتەکەی، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و جیاواز بۆ هەموو ئێران مانیفێست کرد و دەریخست!.
کوشتنی “ژینا” بوو بەهۆی ئەوەی کە ئاگری مافخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کڵپە بستێنێت و هەموو نەتەوە و شارەکانی ئێرانیش هەر کامەیان لە چوارچێوەی وتاری خۆیان و بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێم بێتە ناو کایەکەوە. پەرچەکرداری خەڵکی ڕۆژهەڵات کە سەرەتا لە شاری #سەقز# و دواتر #سنە#وە دەستی پێکرد بوو، بەهۆی ئەوەی کە مافخوازیی و ناڕەزایەتییەکان زۆربەی شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بتەنێتەوە، #بانە# و دێگولان و #کرماشان# و قروە، #دیواندەرە# ، کامێران، #ئیلام# و پاوە و… هەر کامەوە لە ئاستی خۆیان تێکەڵێ مافخوازیی ببن و خوێنی ڕژاوی ڕۆڵەکانیان بە درێژایی چل ساڵ زیاتر بێتە بەرچاویان، ڕۆژهەڵات پیشانی دا بە شێوەیەکی حەماسی و شۆڕشگێڕانە خاوەندارێتی دەکات لە ڕۆڵەکانی و تەنانەت لە هەمبەر ڕژێمێکدا کە تووتالیتاریسم وەسفێکی بچووکە بە باڵای تاوان و کردەوە دژە ئینسانییەکانی، خوێنی ڕۆڵەکانی دەکات بە هەوێنی مافخوازیی و هەموو هەوڵێک بۆ ڕووخانی جەللاد.
ئەوەی کە کوشتنی ژینا بەحەماسەت و پڕشکۆ دەکات ڕابوونی بێوێنە و سەرتاسەریی ژنان و کچان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؛ دژی ڕژێمێک کە چل ساڵ زیاتر لە هەموو مافێکی مەدەنی و نەتەوەیی بێبەشی کردوون، خاڵی دیکەی جێگەی سەرنج ئامادەبوونی پیاوانە، شان بەشانی ئەوان بە شێوەیەکی سەردەمیانە کە هاودەنگ و هاونەوا بوون لەگەڵیان و دژی هەرجۆرە خوێندنەوە و سەپاندنێکی تایبەت لە ئایین و ئیسلامی سیاسیی شیعی وەستانەوە و شکۆ و درەوشانەوەیان لەگەڵ فرمێسک و حوزن بۆ مەرگی ژینا تێکەڵ کرد. ئەمە تەنیا گۆشەیەکی ئەم پانتاییە بەربڵاو و بەرینەی ڕووداوەکەیە، دوابەدوای بەرخۆدان و ڕابوونی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تارانیش دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی ژنان و کچانی کورد و بەم دروشمەوە (ژن، ژیان، ئازادی وەکوو دروشمی سەرەکیی ڕابوونەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) هاتنە سەر شەقامەکان و دژی حکوومەتێکی دژە ئازادی و دەستوەشێن، بەم شێوەیە دروشمی دیکەیان بەرهەم هێنا و بەردەوام بوون (لە کوردستان تا تاران/ ستەم لە دژی ژنان) (از کردستان تا تهران/ستم علیە زنان) و ئەمە تەنیا لە تاران نەوەستا و لە تەورێزیش بەم شێوەیە دروشم درا (لە کوردستان تا تەورێز / کاسەی سەبرمان بووە لێوڕێژ) (از کردستان تا تبریز/ صبر ما گشتە لبریز) ، ئەمە لە هەرکام لە شارەکانی دیکەی ئێران بە شێوەیەک دەرکەوتەی هەبوو و سەرەڕای دەلالەتی ڕاستەوخۆیان لە پشتیوانیکردنی ژینا و ڕەتکردنەوەی ئەو شیوە هەڵسوکەوتەی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد، دەرخەری پێشەنگایەتی و سەرپشکبوونی ڕۆحی شۆڕشگیڕانە و وشیاریی سیاسیی کورد و کوردستان و ژنانی بوو. بێگومان ئێستە زووە بۆ تیۆریزەکردنی زۆر لایەنی ڕووداوەکه، بەڵام کوشتن یان مەرگی بەتەواوەتی سیاسیی ژینا زۆر لایەنی مێژوویی و سیاسیی و جڤاکیی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانیفێست کرد، ڕەنگە هەڵە نەبێت گەر بڵێێن: ترسی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامیی لە هێزی ژنانە!.
لە ماوەی چوار دەیە زیاتر، کە بەسەر تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەڕێت هەموو بزووتنەوە و ڕەوت و ناڕەزایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی بە چەپ و ڕاستەوە هێناوەتە ناو کایەکەوە و دواتر وەدەری ناون، یان هەر لە بنەوەڕا لە سەرەوە لێی داون و ئەگەر نەشیتوانی بێت لەناویان ببات ئەوا کز و لاوازی کردوون، ڕەنگە تاقە شتێک پێشبینی نەکردبێت بە و شێوەیە یەخەی بگرێت بزووتنەوەی ژنان بووە کە هەموو جوگرافیای ئێرانی بۆ ماوەی کەمتر لە نیو دەیەیە وردەوردە بەرەو خۆی ڕاکێشاوە و ئێستە پێشەنگییەکەی ژنان و کچانی بوێر و چاوانەترس و شۆڕشگێری کوردستان لەژێر ناوی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەیکەن، جیا لە و هەستە خۆشەی کە ئەم دروشمە بە ئێمەی دەدات کە لە زاری نەتەوەکانی دیکە لە تاران و ڕەشت و تەورێز و کەرەج و کیش و…دەیبیستین، ئەمە نیشانەی تێڕوانین و وشیاریی ژنانی کوردە کە بە کەمترین پێداویستی لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار و کۆنەپەرستدا بەسەر تابۆ ئایینی و نەریتییەکان زاڵ بوون و پیاوانیشیان هاوڕا و هاونەوای خۆیان کردووە!
$ژینا یان مەهسا ئەمینی؟$
ئەگەرچی دەتوانین وەکوو خوێندنەوەیەکی نیشانەناسانە باس لەم دوو ناوە بکەین کە هەردووکیان بۆ ئەو کچە کوردە بەکار دەچێت کە لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و کوژرا و بوو بە ڕەمز و هێمای هەستانەوە و ڕابوون، هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە کۆی ئێران، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دوو ناوە دەشێت ئاماژە بن بۆ دوولەتبوونی مرۆڤی کورد لەژێر هەیمەنەی سیستەمێکی تووتالیتار لە درێژەی چل ساڵ زیاتردا، دوولەتبوونێک کە پێش لە هەمووان و زیاتر لە هەمووان کەسایەتی و کارئەکتەری ژنی کردووەتە ئامانج، ناوی یەکەم زۆرتر لەلایەن کوردان و شەقامی کوردییەوە بەکار دەهێنرێت و ناوی دووەمیش (مەهسا) کە ناوێکە فارس خاوەندارێتی دەکات، لەلایەن میدیاکاران و چالاکانی فارس و ناوەندگەراوە بەکار دەبرێت، پێویست بە گوتن ناکات کە لە هەناوی ئەم تراژیدی و شکستەدا شکۆ و ڕابوون و هەستانەوەی درەوشاوە خۆی مانیفێست کردووە، بەڵام کایەی وتاری ئێرانشاریی هەم لەدەرەوەی قەوارەی سیستەمی کۆمار و هەم لە ناوەوەی، ئیشی خۆی دەکات، ئەگەرچی وا دەبینرێت هەستێکی خۆشیان نەبووە کە لە دروشمەکانی تاران و کەرەج و تەورێز کوردستان دەخرێتە پێشەوە و دەبێت بە پێشەنگی ناڕەزایەتی دەربڕین بەڵام ناچاور بوون مل بەم ڕاستییەی سەر شەقام بدەن و ڕاستەوخۆ دژی نەوەستنەوە، هەر بۆیە زۆرێک لە هونەرمەند و چالاکانی بواری ژنانی فارس کە هەم لە ئاستی ناوخۆی ئێران و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا ناسراون، لەپاڵ ناوی کوردستان ناوی ئێرانیشیان دەهێنا، ئەمە بە و مەبەستە دەکرا کە ڕابوون و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بێت و کورد لە بەرەی پێشەوەی ڕابوون و هەستانەوەکە بێت و هەیمەنە و بوێری ژنان و پیاوانی کورد لەپاڵ یەکتر ترسی لەمێژینە و بێدەنگیی چەندین ساڵەی ناوچەکانی دیکە بشکێنێت و بەرەیەکی کۆمەڵایەتی ناڕازی یەکدەست و سەرتاسەری بپارێزێن، بەڵام لە ڕاستیدا نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بە و پەڕی وشیارییەوە بەم دروشمانەوە “سەقز بە تەنیا نییە، سنە پشتیوانییە”، “سەقز بە تەنیا نییە، بانە پشتیوانییه” و…ناوەندگەرێتییان بۆ کوردستان گەڕاندەوە و هیچ دال و دەلالەتێکیان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری نەکرد، بەڵکوو ئەمە ئەوان بوون خۆیان هەڵواسی بە ڕووداو و ڕەوتەکە و وردەوردەش مەبەستیانە بیقۆزنەوە بۆ ئامانج و وتاری خۆیان. هۆکاری بەکارهێنانی جیاوازی ناوەکەش هەر بۆ ئەم مەبەست و تاکتیکە دەگەڕێتەوە، ناوی “ژینا” کوردییە و دەلالەتێکی زەقتر و زەمانەوانانەی دیاری هەیە و ناوی “مەهسا”ش فارسییە و دەلالەت لە هەژموونی و کەلتوور و هەیمەنەی فارس دەکات، ئەمە لە حاڵێکدایە بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە ژینا پێش مەرگی و کوشتنی بڵاو بوونەتەوە کچێک بووە بە هەموو توخم و ئادابەکانی کەلتووری ڕەسەنی کوردییەوە، لە یەکێک لە و ڤیدیۆیانەدا بە جلوبەرگێکی ڕەسەنی کوردییەوە و بە چەپکە گوڵێک دەچێتە سەر مەزاری حەسەن زیرەکی نەمر، یان لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا بە جلێکی سوور و ڕوخسارێکی گەشاوەوە چۆپییەکەی دەستی ڕادەدات بۆ یەکێک لە هاوڕێکانی.
ئەمانە دەلالەتی کوردبوون و کوردانەی ژینان کە ئاخێزگەی گەشە و نەشەی کەلتووری و نەتەوەیی ئەو دیاری دەکات و لە وڵات و شاری ئەویدیدا خەڵتانی خوێن بوو. بە “ژینایی” چوو بۆ تاران بە “مەهسایی” کوشتیان و بە “ژینایی”ش لە کوردستان نێژرا!. ئەمە ئەو گوزارە تاڵانەیە کە ئێمە لە مێژووی خۆماندا بێگانە نەبین پێی، واتە ئەوان هەوڵدەدەن ئەنجام و دەستکەوتی قوربانیدانەکە بۆ خۆیان ببەن و گڵکۆ و هێماکانی مەرگیش بە ئێمە ڕەوا دەبینن، ڕەنگە دەربڕینی ئەم قسانە لە دۆخێکدا کە ژنانی هەموو ئێران بە پێشەنگایەتیی فەلسەفەی جڤاکیی و وشیاریی ژنانی کوردستان لەژێر ناوی “ژن، ژیان، ئازادی”دا خەریکن کۆماری ئیسلامیی دەتۆقێنن بە دڵی کەسانێک نەبێت، بەڵام نابێ ئێمە چاو لە و ڕاستییە داپۆشین کە کۆماری ئیسلامی و وتاری ئێرانشاری ئەوەی کە بۆی گرینگە جوگرافیای و هەیمەنەی سیاسیی ئیران و فارس و زمانی فارسییە و هەموو تراژیدی و ڕووداوەکانی دیکەش هەر لە ناو دال و دەلالەتێکی وەها گەروەدا خۆیان مانیفێست دەکەن، ئەوان هاودەردی و هاوخەمیی دەکەن دەستیان خۆش بێت و سپاسیان دەکەین، بەڵام ئێمە دەبێ ئەوەندە وشیار بین کە نەهێڵین خوێنی ڕۆڵەکانمان ببێت بە ئامیانی پاراوبوونی وتاری ئەویدی و جل و پۆشاکی دیکە بە بەر جەستەی خوێناویی ڕۆڵەکانی ئێمەدا بکەن و بیبەنە شایی و شیوەنی خۆیانەوە، لە دواجاردا دەبێت بڵێم ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناخی ئاوەها تراژیدیایەک شکۆیەکی داییساند؛ کە نیشانەی ڕۆحی نەتەوەیی و یەکگرتوویی لە قوروە و دێگولان و بە گشتی ئەو شارانەی کە دەمێکە تەپ و تۆزی بێدەنگیی بە سەر کوردانەبوونیان هەست پێدەکرا، تاکوو شاباد و ئیلام و کرماشان پەرەی سەند و خاوەندارێتی سیاسیی و کەلتووریی بۆ دۆزەکە خستە ڕوو، نابێ ئەمە بە بچووک ببینین و دەبێت ئاگاداری کایەی سیاسی و کەلتووریی ئەوان و ئەویدییەکان بین.[1]