#فەلەکەدین کاکەیی#
(3)
بە گشتی، کوردستان و باشووری سوودان، لە گرفتە سەرەکییەکاندا (چوون یەکن)...
هەرچەندە دوو حکومەتی ناوەندیی جیاواز لە دوو وڵات و دوو قاڕەی جیاوازن(ئاسیا و ئەفریقیا). جیاوازییەکی دیکەش ئەوەیە کە کێشەی کورد لە چوار وڵاتی درواسێی یەکدیدایە، هەرچەندە کێشەی باشوووری سوودان، زیاتر لەنێو سوودانە، بەڵام پێوەندیی قووڵی بە چەندین وڵاتی دەوروبەرەوە هەیە.
کەواتە، ناتوانین بڵێین هەردوو کێشە بەرەو یەک چارەسەر دەچن، بەڵام ناشتوانین ئەو حاڵەتە بەرچاونەگرین، ڕەنگە وێکچوونێکی دیکەش لەوەدا ببینین کە شێوەی چارەسەری هەردوو کێشە کاریگەری قووڵ دەخاتە سەر سیستەمی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناڤیندا.
گەورەترین مەسەلە کە ڕووبەڕووی حکومەتی سوودان و حکومەتی باشووری سوودان بووەتەوە ئەوەیە کە:
1- ئایا ڕیفراندۆمی دیاریکردنی چارەنووسی باشوور لە کاتی خۆیدا(کانوونی یەکەمی 2011) بەڕێوەدەچێ یا نا؟!
2- ئەگەر ڕیفراندۆمەکە نەکرا، چی؟!
حکومەت و خەڵکی باشوور هەر لە ئێستاوە هەڕەشە دەنێرن بۆ خەرتووم، جیهان تێدەگەیەنن، کە بە هیچ شێوەیەک دواخستنی ڕیفراندۆمەکە قبووڵناکەن، پەڕڵەمانی باشوور ڕایگەیاندووە ئەگەر حکومەتی سوودان لە ڕیفڕاندۆمەکە پاشگەز بوەوە، ئەوە پەڕڵەمان و حکومەتی باشوور، ڕێگە چارەی تایبەتمەندی خۆیان دەگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ئازادی خەڵکی باشوور، جا بە هەر بڕیارێک بگەن جێبەجێی ئەکەن.
(4)
هەر لە ئێستاوەش دیارە کە خەڵکی باشوور دەنگ بە جیابوونەوە و سەربەخۆی و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان دەدەن.
حکومەتی ناوەندی سوودان و ئۆپۆزسیۆن و وڵاتانی دەوروبەر و کۆڕ و کۆمەڵەی جیهانیش ئەو حەقیقەتە دەزانن.
بەڵکو، بەپێی گوزارشی ئاژانسەکان، حکومەتی ناوەندی سوودان هەر لە ئێستاوە خۆی بۆ ئەگەرێکی وەها ئامادە دەکات و، دامودەزگای نوێنەرایەتی ئاییندەی خەرتووم لە دەوڵەتی باشوور دادەمەزرێنێت.
هەروەها حکومەتی باشووریش خەریکی خۆ ئامادەییە بۆ دامەزراندنی دەزگا سیادییەکان و دەستنیشانکردنی نوێنەرایەتی دیبلۆماسی لەدەرەوە.
حکومەتی سوودان هیچی بەدەستەوە نەماوە، ئەوە نەبێ هەوڵدەدا هەندێ ئاژاوە و گرفتی ناوخۆ لە باشوور بنێتەوە، کە ئێستا سەرنەکەوتووە، چونکە بزاڤی ڕزگاریخوازی باشوور زاڵە بەسەر هەرێمەکەدا و دامودەزگای پتەو بەهێزی دامەزراندووە بۆ بەڕێوەبردن، هەروەها سیاسەتی خەرتووم تا ئێستا هیچ باشییەکی نەبووە تا خەڵکی باشوور دڵی بێخۆشکەن.
بەڵکوو حکومەتی ناوەندی سوودان چەندین کێشەی گەورەی هەیە، وەک ئەوەی هەرێمی دارفۆر و گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر سوودان و بڕیاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ گرتن و دادگاییکردنی سەرەک کۆماری سوودان، عومەر بەشیر و کێشەی ئابووری و گرفتی ئاو لەگەڵ میسر و تاد، کەواتە، حکومەتی ناوەندی سوودان، بەتایبەتی لەبەر هەڵە گەورەکانی عومەر بەشیر و ڕژێمەکەی، لە هەلومەرجێکی ناهەمواردایە، دەستی کەوتووتە ژێر بەرد، قەرزاریشە، کێشەی ئەپۆزسیون و هەرێمی دارفور و گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتی تەنگی پێهەڵچنیوون.
ئەوەتا هەرێمی دارفوریش هەڕەشەی دەربڕیوە کە ئەگەر حکومەتی ناوەندی فشاری لەسەر کەمنەکاتەوە ئەوە ئەویش(واتە: دارفۆر) بڕیاری یەکلاکردنەوەی چارەنووسی خۆی دەدات. سوودان ئێستا لە چەقی دووڕێیانە:
- یا دەبێ بە وڵاتێکی کۆنفیدراڵی، ئەویش ئەگەر خەڵکی باشوور ڕازی بن، بە سیستەمی دوو دەوڵەتی فیدراڵی لە ناویەک.
- یا دەبێ بۆ دوو دەوڵەتی سەربەخۆ.
لەهەموو حاڵەتێکدا وڵاتی سوودان وەک ئێستا نامێنێتەوە، چونکە ئەگەر باشوور یەکگرتنەوە لەسەر بناغەی کۆنفیدرالیش قبووڵبکات ئەوە هەر دەبێ سنووری هەرێمەکە دیاریبکرێت و سامان و دەسەڵاتیش بەسەر هەردوولادا دابەشبکرێت.
مەسەلەی جەنگ یا ئاشتیش لە ئارادایە، چونکە هێشتا نازانرێ کە حکومەتی ناوەندی سوودان تا چەند ئامادەی قبووڵکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمی باشوورە، ئەگەر قبووڵی نەکرد چی؟!
ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لێی هەڵسانەوە چی؟! ئەگەر کودەتایەکی سەربازیی کتوپڕ لە خەرتووم هاتە کایەوە، چۆن، دەبێ؟! خۆلەنێو دامودەزگای سیاسی و سەربازی و ئەمنی دەوڵەتی سوودانیشدا کەسانێکی ڕەگەزپەرست و شۆڤێنیست هەن، کە ناتوانن مافی خەڵکی باشوور و خەڵکی دارفۆر و هەرێمەکانی دیکە قبوڵبکەن، پێکهاتەی حکومەت و دەوڵەتی سوودان، وەک وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دیکە، پێکهاتەیەکی دیکتاتۆری و بەرچاو تەنگە، ناتوانێ فرە لایەنی نەتەوەیی و فرە کەلتووری قبووڵبکات.
خەڵکی باشووری سوودان، بەتایبەتی لە ساڵی 1953 ەوە، خەریکی موقاوەمەت و فیداکاری و خەباتی چەکداری و سیاسی و جەماوەری و دیبلۆماسی پێکهاتەی حکومەتەکەیان لەسەر کەلەپووری خەباتی درێژخایەنیان دامەزراوە، ئەزموونی چڕ و پڕیان دیتووە، جارێکی دیکە ناچنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیکتاتۆری ڕەگەزپەرستیەوە.
خەباتی باشووری سوودان هەمیشە گڕوگڵپەی داوە بە خۆڕاگری و خەباتی گشت خەڵکی سوودانە چ لەخەرتوومی پایتەخت یا لە هەرێمەکاندا.
ئەوە بڕیاری خەڵکی باشووری سوودانە.. ئەگەر ڕیفراندۆمەکەیان نەکرد واتە:
ئەگەر حکومەتی ناوەندی نەیکرد، یا کۆسپی هێنایەپێش!.
- ئەی ئێمە چی ئەگەر ماددەی 140 هەر پشتگوێ خراو بە دواخراو. جێبەجێنەکرا؟! خۆ ماددەی 140 درووست مەسەلەی سنووری هەرێمی کوردستانە، سنووری باشووری کوردستانە.
- ئەز نابێژم ئێمەش کتومت وەک باشووری سوودان ببین..
- بەڵام دیارە کە ئەزموونی هەر میللەتێک دەبێ بەپەند و وانە بۆ میللەتانی دیکە.[1]