با بخۆین تا نەکوتراوین.
پێشوان دەگێڕنەوە: کابرایەکی پیسکەی دەوڵەمەندی ئاژەڵدار هەبوو، ژنەکەی بە سیوجگەرەوە بێزوو دەکرد، هەر چەندی دەکرد دڵی بڕوایی نەدەهات گیسکێکی بۆ سەرببڕێت، ناچار بۆ سیوجگەر کڕین بۆ شار چوو، ئەوەندە گیرەگیرەی کرد، کابرای قەساب پێی نەفرۆشت، بەگاڵتەوە پێی گوت: سیوجگەر لە فڵانە شار هەرزانە، کابرا بە پێ ملی ڕێی ئەو شارە گرت، وەختێک گەیشتە شارەکە، ماڵێکی گەورە دەرکەوت، لە ماڵەکە بووە میوان، میوانداری گەرمیان کرد، ژنی خانەخوێ بە مێردەکەی گوت: نان ئامادەیە، (بخۆین و بکوتین یان بیکوتین و بیخۆین)!؟ میوانەکە لە ترسا زەرد هەڵگەڕا، خانەخوێ تێگەیی خێرا پێی گوت: برالە ئەم خێزانەم، ژنی پیاوێکی دەوڵەمەندی پیسکە بوو، ئەم کۆشکە هیی ئەو بوو، وەجاخی کوێر بوو، تا مرد نە خۆیی و نە ژنەکەی تێریان لێنەخوارد، کاتێک مرد لە ژوورێکی ئەم کۆشکەدا نێژرا، ئێستا ژنەکەی ئەو خێزانی منە، هاتوومەتە سەر ئامادەیی، بەیانیان و ئێواران کردوومانە بە دەستوور، پێش نانخواردن یان دوای نانخواردن گۆڕەکەی ئەدەینە بەر تێڵا تا هیلاک دەبین، کابرا کە ئەو ڕووداوە دەبینێ بۆ بەیانی خیرا بۆ ماڵەوە گەڕایەوە، بەرانێک سەربڕێ، ژنەکەی واقی ئەوڕما! وتی: پیاوەکە ئەمە چییە؟ پیاوەکەش ڕووداوەکەی بۆ گێڕایەوە و وتی: بابخۆین تا نەکوتراوین. [1]