گۆڕانکاریی چۆن دێتە ئاراوە؟
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی چەمکێکە پەیوەندی بە زانستی کۆمەڵناسییەوە هەیە، کە لە دێرزەمانەوە ڕۆڵ و کاریگەریی بەرچاوی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبووە. ئەم زانستە گرنگی بە تێگەیشتن لە هزری تاک و ڕادەی زانینی کۆمەڵایەتی دەدات و لەسەر ئەو بنەمایەش شیکردنەوە بۆ کولتوور و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و دەبێتە بنەما و ڕێچکەیەک بۆ دامەزراندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و درووستبوونی قۆناغەکانی گۆڕانکاریی لە ناو کۆمەڵگادا. ئەمەش بەهۆی کاریگەریی کۆمەڵێک هۆکار دەبێت، کە وابەستەیە بە ئایدیا و ئایدۆلۆژیا و بیروبۆچوونی مرۆڤەوە، کە دەکرێت هەریەک نەخش و ڕەنگدانەوەی خۆی لەسەر تاکەکانی ناو کۆمەڵگەدا درووستبکات. گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ناو کۆمەڵگەدا هەر دەبێت بێتەئاراوە، ئەمەش دەکرێت بە شێنەیی و بە پرۆسەیەکی هیواش و بە پێی کات، یان ڕادیکاڵانە بێت. کۆمەڵناسان لە لێکدانەوەی ئەم گۆڕانکارییە و زانینی هۆکار و ئەنجامەکانی ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەیە. لێرەوە تیۆرییە کۆمەڵناسییە جۆراوجۆرەکان سەرهەڵدەدەن.هەندێک لە زانایان دەڵێن تەکنەلۆجیا بنەمای هەموو گۆڕانکارییەکە لە ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا و هەندێکی دیکەش دەڵێن ناتەبایی نێوان چینی بەرهەمهێن و چینی مشەخۆرە، ههروهها ههندێکیش وابەستەی دەکەن بە فاکتهرە ئایدیۆلۆژییەکانەوە، یان ئایینییەکان، کە دەکرێت ببێته بەهۆی گۆڕانکاریی بنهڕهتی له ڕۆڵ و پێگهی تاکی ناو کۆمەڵگەدا. ڕەهەندەکانی گۆڕانکارییش لە هەر کۆمەڵگەیەکدا لە ئەستۆی نوخبەدایە، ئەویش ئەو کەسایەتییە بلیمەتانە دەگرێتەوە، کە توانای ئەوەیان هەیە کاریگەریی یان وەرچەرخان لە سەر عەقڵ و زیهنییەتی تاک درووستبکەن. دەکرێت هۆکارەکانی گۆڕانکاری بەهۆی هۆکارە دەروونییەکانی ناو کەسایەتی مرۆڤەوە سەرهەڵبدات، بەو پێیەی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەسەر بنەمای پاڵنەرێکی دیاریکراو دامەزراوە، ئەگەر بێتو ئەم پاڵنەرە گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەوا لە ئەنجامدا گۆڕانکاری لە دابونەریت لەگەڵ خۆی دەهێنیتەئاراوە. هەموو کۆمەڵگەیەک بە تێپەڕبوونی کات و زەمەن ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی دەبێتەوە، هیچ کۆمەڵگەیەک بۆ هەمیشە لە دۆخێکی چەقبەستوو و نەگۆڕدا نامێنێتەوە. مرۆڤ لە ئێستادا بە بەراورد بە سەردەمانی ڕابردوو عەقڵ و هزری لە پێشترە و دەتوانێت ژیرانە لێکدانەوە بۆ دۆخەکان بکات. ئیدی چ لە ڕووی سیاسییەوە بێت، یاخود ئایینی و کولتووریەوە بێت. دەتوانم بڵێم گەشبینم بەوەی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا گۆڕانکارییەکان هەستیپێدەکرێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تا ڕادەیەکی باش تاکی کورد گۆرانکاریی بەسەر عەقڵ و هزریدا دێت و قۆناغی پێش خۆی بەجێدەهێڵێت و کار لەسەر ئەوەش دەکات کە هزری خۆی دەربازبکات لەو واقیعەی، کە ساڵەهایە بەسەریدا سەپاوە و هۆکار بووە بۆ ئەو دۆخە خراپەی ژیانی تێدا گوزەراندووە. هەندێک دیاردە و بابەت هەن مرۆڤانێک ناتوانن بۆ هەتاهەتایی لە ناخیاندا بە نهێنی بیهێڵنەوە و ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆیان ئاشکرا نەکەن، کە ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتانەیان لە واقیعدا لەگەڵ پرەنسیپ و ئایدیاکەیاندا ناگونجێت و هاوتەریب نییە. کاتێک ئەو جۆرە مرۆڤانە بەو شێوازە نامۆیە دەردەکەون، ئەوا دەنگدانەوەی زۆری لێدەکەوێتەوە و دەبنە باسوخواسی ناو کۆمەڵگە، ئیدی لەم سەردەمەدا واقیعی ژیان وا پێویست دەکات، کە چیدی ئەو ڕەفتارانە قبوڵنەکرێن و سنوور بۆ ئەو جۆرە کەسانە دابنرێت. بەم شێوەیە گۆرانکارییەکان بەدەردەکەون. نموونەش بۆ ئەم باسەمان؛ ماوەیەکە کەسانێکی دیاری ناو کۆمەڵگەکەمان دەبینین، کە خۆیان بە فریادڕەسی ئەم میللەتە زانیوە و لە ڕابردوودا بە هەزارەها خەڵک گوێی بۆ گرتوون و شوێنکەوتەیان بوون. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەفتار و ڕووی ڕاستەقینەیان ئاشکرا دەبێت و بە تێپەربوونی کاتیش دەکرێت ئەو پێگەیان لە ناو کۆمەڵگەدا لاواز ببێت و پەراوێزبخرێن و هیچ ڕێزێک لە بوونیان نەگیرێت. ئەمەش وایان لێدەکات وردە وردە لە گۆڕەپانەکەدا پاشەکشە بکەن، ئیدی ئەمە بۆ کەسێکی باوەڕدار بێت یان بێباوەڕ، یاخود سیاسییەک بێت، ئەوا بە زەقی درکی پێدەکرێت، کەواتە ئەمانە هەموو گۆڕانکاریین هاتوونەتەئاراوە و هیوابەخشە بۆ ژیان و داهاتوویەکی باش.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 383 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!