لە بڕیارێکی نوێدا دژی کورد لە #کەرکووک#، پارێزگاری کەرکووک بڕیاریداوە، ئەوانەی نیشتەجێی کەرکووک نین و فۆڕمی خۆراکی کەرکووکیان هەیە فۆڕمەکەیان لێوەر بگیرێتەوە.
بەگوێرەی نووسراوێک ڕاکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، داوا لە هێزە ئەمنییەکان و فەرمانگە حکومییەکانی کەرکووک کردووە، ئەو کەسانەی خەڵکی کەرکووکن و لە دەرەوەی شارەکە نیشتەجێن پشتگیری نیشتەجێبوون و فۆڕمی خۆراکیان لێوەربگیرێتەوە.
ئەو بڕیارە مەترسیدارەو وەک بڕیارەکانی دیکەی ئەو پارێزگارە دژی هاووڵاتیانی کوردە، چونکە هەزاران خێزانی کورد خەڵکی کەرکووک کە بە هەرهۆیەک بێت شارەکەیان جێهێشتووە، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی هاووڵاتیانی کورد لە کەرکووک و لە بەرامبەردا هەزاران خێزانی عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێکراون.
لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک چەندین بڕیاری دژی هاووڵاتیانی کورد لە شارەکەداوە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە عەرەبەکان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق هێنراونەتە کەرکووک.[1]