دڵێکی سووری بچکۆلە
تاڵە سپییەکان لەناو پرچیدا کەوتبوونە خۆنمایشکردن.
دەست و پەنجە باریکەکانی وەک جاران نازیان بۆ نەدەکرا، ئەوان بەردەوام تەزییبوون
سەرباری ئەمانە ئەو هێشتا دڵێکی سوری بچکۆلەی هەبوو لە زۆر شتی ئەم جیهانە تێنەدەگەیشت
بۆ نموونە جەنگ
یان هەژاریی…
چیرۆکەکان تەواو دەبوون
هەموو جارێک بە کوڵ بۆیان دەگریا
ئەو هێشتا باوەڕی وابوو هەموو کەوتن و جێگا برینێک ماچێکی بەسە بۆ چاکبوونەوە..
خەونی هەبوو چیرۆکەکان تەواو نەبن.
خەونی هەبوو برینەکان بە ماچ چاک ببنەوە هەر وەک ئەوەی بە منداڵی پێی گوترابوو!
بەڵام ئەم دڵێکی سوری بچکۆلەی هەبوو لە درۆ تێنەدەگەیشت!
هەنگاوەکانی وەک جاران بەدەم بازدان و سەماوە بەرەو شوێنێکی دیکەیان نەدەبرد،
ئەو ڕەزامەند بوو لە ماڵێکی ئارامدا خەون بە گەشتەکانەوە ببینێت،
خەون بە شارو مۆزەخانە و کتێبخانەکانەوە
بە گوند و چیاو و دارستانەکانەوە،
بە نرخی ئەوەی لە مرۆڤە دڵرەقەکان بەدوور بێت،
چونکە ئەو دڵێکی سوری بچکۆلەی هەبوو هیچ لەدڵڕەقی تێنەدەگەیشت![1]
#لازۆ ئازاد#