ئەو ڕۆژەی کە ون بووم
چیرۆک
نووسینی: ئایزاک باشیڤیس سینگەر
وەرگێڕانی: بەرزان مەحمود
پیاوێک چاکەتێکی درێژو و جووتێ پێڵاوی زلی لەپێدايە. شەبقەيەکی پان و قووپاوی لەسەردایە. چاویلکەیەک لایەکی بێ شووشەو چەترێکی بەدەستەوەیە. گیرفانەکانی هەمیشە هەڵئاوساون بە گۆڤار و کاغەز، جانتایەکی سیخناخ و پڕ لەشت. ئەو پیاوە ناوی پڕۆفیسۆر شلێمل ە کە بەردەوام هەڵە دەکات.
پڕۆفیسۆر چل ساڵە لە نیۆرک دەژی. هەرکاتێ بیەوێ بچێ بۆ سەرووی شار، خۆی لە خوارووی شار دەبینێتەوە، هەمیشە دوا دەکەوێت و کەس ناناسێتەوە. ڕۆژانە سەد جار لەخۆی دەپرسێ: قەڵەمەکەم لە کوێیە؟ پارەکەم لە کوێیە؟ جانتاکەم لە کوێیە؟ دەفتەری ناونیشانەکەم لە کوێیە؟ من ئەو کەسەم کە پێی دەڵێن پڕۆفیسۆری گێژو وڕ. چەند ساڵێکە بابەتی فەلسەفی لەهەمان زانکۆ دەڵێتەوە، کەچی هەتا ئێستا بە تەواوی نازانێت پۆلەکانی لە کوێن!. سەرەڕای ونکردن و هەڵەی چەوت، ماڵی خۆیشیانی بیردەچێتەوە.
دەچێتە قاوەخانەو چاکەتەکەی هەڵدەواسێ، کاتی ڕۆیشتنی لەبیری دەچێ، کە بۆی دەگەڕێتەوە شوێنەکەی بیرنەماوە. شەبقە، چەتر، کتێب، قەڵەم، ون دەکات. لەهەمووی زیاتر دەستنووسەکانی، هەندێ جار ناونیشانی ماڵەکەی خۆیشی بیردەچێت. ڕۆژێک تاکسییەک ڕادەگرێ، چونکە دەیوست بەپەلە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. شۆفێرەکە لێی دەپرسێ: بۆ کوێ؟ دەڵێ: بۆ ماڵەوە. شۆفێری تەکسییەکە بە سەرسامییەوە پێی دەڵێ: ماڵەوە لە کوێیە؟. دەڵێ: لە بیرم نییە. ناوت چییە؟ دەڵێ: پڕۆفیسۆر. شۆفێرەکە دەیبات بۆ کۆشکی تەلەفۆن تا ماڵەوە بدۆزێتەوە، بەڵام ڕازی نابێ لەسەری بووەستێ. کاتێ پڕۆفیسۆر دادەبەزێ، جانتاکەی بیردەچێ لە ناو تەکسییەکە. بانگی دەکات و شۆفێرەکە دوورکەوتۆتەوە و ئاگای لێ نییە. دەفتەری تیانووسەکەی بیردەچێ کە ژمارە تەلەفۆنی تیایە، ئەو ڕۆژە یادی لەدایکبوونی پڕۆفیسۆرە. خێزانەکەی کۆمەڵێ هاوڕێی بانگکردووە و کێکی گەورەی دروستکردوە چاوەڕێی هاتنەوەی پڕۆفیسۆرن بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لێ بکەن. ئەمیش لەو کۆشکەیەو بیری چووە کە لەکوێ دەژی. پاشان تەلەفۆنی هاوڕێیەکی بیردەکەوێتەوە و ژمارەکە لێدەدات تا یارمەتی بدات، بەڵام کچێک وەڵامدەداتەوە - دکتۆر لەماڵە؟. - نەخێر - ئەی ژنەکەی؟. - هەردوکیان لەدەرەوەن. - دەتوانی پێم بڵێی چوون بۆ کوێ؟ - کچە گوتی: چوون بۆ ئاهەنگێک بۆ ماڵی پڕۆفیسۆر شلێمل. - من پڕۆفیسۆر شلێملم -سەعاتێک پێش ئێستا چوون بۆ ماڵی ئێوە. - ئاخر ماڵی ئێمە لە کوێیە؟. - کچە گوتی ڕادەبوێریت!. تەلەفۆنەکە دادەخاتەوە. بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، لەپڕ تەکسییەک دەوەستێ و گوێی لێ دەبێ کە بانگی دەکەن شلێمل! سەر هەڵدەبڕێ و دەبینێ دەرگای تەکسییەک کراوەیەو سەری یەکێک لەهاوڕێکانی دەبێنێ پێی دەڵێن: شلێمل ئەوە چی دەکەیت لێرە؟چاوەڕوانی کێ دەکەیت؟ پڕۆفیسۆر دەڵێ: تۆ بۆ کوێ دەچی؟. - بۆ ماڵی ئێوە. بێگومان بمبوورە کەدرەنگ هاتم بۆ ئاهەنگەکەت، بەڵام بۆچی لەماڵەوە نیت؟ پڕۆفیسۆر گوتی: تۆ خودا ناردویتی. ئەی چ شەوێک بوو ناونیشانی ماڵی خۆمانم لەبیرچوو. کە دەچنەوە ماڵ هەمووی چاوەڕێی پڕۆفیسۆر دەکەن و وایاندەزانی شتێکی بەسەر هاتووە. پڕۆفیسۆر جانتاو چەتر و دەستکێش و کڵاوەکەی هەرگیز نەدۆزییەوە. ئێستا دەستیکردووە بە نووسینی کتێبێک بەناونیشانی یادەوەرییەکانی شلێمک. گەر دەستنووسینەکەم لە تەکسییەک یان چێشتخانەیەک یان لەسەر کورسی باخچەیەکی گشتی لەبیرنەچێ لەوانەیە ڕۆژێ لە ڕۆژان بیخوێننەوە کە ئەمەش نموونەیەکە لەو یادەوەریانە.
مەبەست لەم چیرۆکەی '' ئایزاک '' کێشەی مرۆڤە لەنێوان دەرەوە و ماڵەوە، یان دەرەوە و ناوەوەی خود. وردتر دیقەت بدەین، ئەوا ئایزاک لەدیدی تاکە کەسەوە باس لە کودەتای مۆدێرنە دەکات کە لەسەدەی شانزە تا سەدەی نۆزدە و کۆتایی سەدەی بیست لە ئەوروپا سەری هەڵدا، جگە لە پێشکەوتن و خالە پۆزەتیڤەکانی، ئەم دێت لایەنە سلبییەکانی مۆدێرنە پشان دەدات، کە چەندەها باڵەخانە هەیە و بەمرۆڤ نامۆیە، مرۆڤ ئازادە بەڵام سەنتەر نییە، لەژیانی مۆدێرنەتدا ئازادی و ماف هەیە، پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی ڕوو لەزیادبوونە، بەڵام مرۆڤی تووشی دابڕان و ترس نامۆیی کردووە. گونجان هەیە، ئاشتی هەیە، سەرجەمی مرۆڤ یەکگرتوو دەکات بەڵام ئەو یەکگرتنە مرۆڤ لەناوەوە تووشی دڵەراوکێ و پەلپەلبوونی دەکات. واتە ماڵ پەناگەیەکە بۆ مانەوە، بۆ ئارامی. ماڵ تاکە ئومێدە بۆ دڵتەنگییەکانت، کۆتا شوێنە بۆ حەسانەوەی ماندوبوونیەکانت.[1]