#شیرکۆ بێکەس# : (#زیاد ئەسعەد#) نەورەسی سپی ئاواز و گۆرانی #کورد#ییە
لە ئەمڕۆدا ئاواز و گۆرانی کوردی بەگشتی ئەوەندەی لە چەند و ژمارەدا زۆ بووە، لە چۆنایەتیدا کزەو مەگەر دەگمەن ئاوازی بەشی زۆری ئەو گۆرانیانەتێک ببیستی لە ئاستێکی موزیکی و هونەری بەرزدابێت. بەشی زۆری ئەو گۆرانیانە تێکەڵیەکی بێ سەر و بەری لەگۆرانی تورکی و فارسی و عەرەبی و بەشی هەرە زۆری گۆرانیبێژەکانیش ئاگایان لە کەللتوری گۆرانی و موزیک نیە. دیارە من لێرەدا مەبەستم ئەو نیە کە ئەبێ گۆرانی کوردی بەدەر بێ لەکاریگەریتی گۆرانی و موزیکی دەورو بەر، بەڵام نابێ مۆرک و تایبەتمەندی گۆرانی کوردی وون بکرێ، واتە ئەو کاریگەریەتیە نابێ بگاتە ئەو شوێنەی کە کەللتوری دەورووبەردا بتوێنێتەوە.
لە نێو شەپۆلە تازەکانی گۆرانی مۆزیکی کوردیدا، لەو ساڵانەی دواییدا، (زیاد ئەسعەد) بە گوڕوتین و تۆنێکی تاسە شکێنەوە هاتە نامانەوە و هەندێ سنوری تەقلیدی بەزاندو دڵ و گوێچکەمانی بە ڕیتمی تازەو داهێنەرانە زاخاو دایەوە،
چۆن و بۆچی ؟!
یەکەم : لەبەر ئەوەی لاسایی کەرەوە و تەقلیدی نەبوو، واتە هەمان سەدای گۆرانییەکانی ڕابردووی نەدایەوە بەگوێچکەماندا فۆلکلۆریشی بۆ خۆی نەکرد بە بەندینخانە.
دووەم : هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) بە تەنها هەر بەهرە و سەلیقە نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا شارەزایی دنیای موزیک و مەقامات ئەزانێت چی ئەکات و عاشقانە لەگەڵ کارەکەی خۆیدا هەڵس و کەوت ئەکات، یان ئەتوانم بڵێم (مۆسیقاو گۆرانی بووە بەدڵدار و تەنانەت – هاوسەری ئەو).
(زیاد ئەسعەد) هەموو ژیانی خۆی داوە بە هونەرەکەی و تەنانەت بۆ چرکە ساتێ لێ دوور نەکوتۆتەوە. بەشی زۆری گۆرانییەکانی تری ئەم سەردەمە، گۆ#ڕانیە#کانیان تەمەنیان کورتە زۆر زوو بیر ئەچنەوە، بەڵام بە شێکی باشی گۆرانییەکانی هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) وا لەسەر زاری گەنجەکانەوە و ئەوترێنەوە. کە ئەمەیش بۆ خۆی بەڵگەیەکی زیندووە بۆ زیندوویتی ئەو گۆرانیانە، (زیاد) جگە لەوەی خۆی دەنگی خۆشە، لەهەمان کاتدا ئاواز دانەرێکی بەتوانایە چەندیین گۆرانی بۆ گۆرانیبێژە ناسراوەکانی ئەم سەردەمە داناوە.
(زیاد ئەسعەد) بەچاکی ئاگای لەکەللتوری گۆرانی کوردییە، ئاگای لەگۆرانی کۆن و تازەی میللەتەکانی دەورو بەرە تەنانەت هەناسەکانیان لەیەکتری جیا ئەکاتەوە.
من لەنزیکەوە کاک (زیاد) ئەناسم و تێکەڵین و لەسەردمێکدا لە سوید ڕۆژانە یەکترمان ئەبینی و بۆ یەکەمجاریش لە ڕێگەی هونەرمەند (پەیوەند جاف)ی زاوامەوە لەماڵی خۆمان ناسیم.
هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) وەک مرۆڤیش پیاوێکی ناسک و ڕووخۆش و دڵپاکە، ئەو مۆسیقا و گۆرانی کردووەبەنان و ئاو تا سەر ئێسقان عاشقی هەموو گۆرانییەکی جوانە، هەر ئەم عەشقیەش وای لێکردووەکە نەوەستێ و هەمیشە بەخشندە بێ.
جارێکیان باسی ئەو هەموو موزیکییە گەورەیەی بۆ کردم کە لە (حەسەن زیرەک)دا هەبووە، ئەیگوت (حەسەن زیرەک لەهەندێ حاڵتدا ئاڵ و گۆڕی هەندێ تۆنی دەنگدا کاری وایکردووە، کە جێگای سەروڕمانە !!) دیارە من ڕووبەروو هەندێ ڕەخنەم لە هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) گرتووە، بەتایبەتی کە ئەو لە ژیانی خۆیی دا پەرش و بڵاوەو پەرت پەرتە و دوورە پەرێزیەکەی لەخەڵکەوە تاڕادەیەک کاری کردۆتە سەر قەتیس بوونی چالاکییەکانی، من پێم وایە ئەبوایە تا ئێستا (زیاد) چەندیین جار سەردانی کوردستانی بکردایە، ئەو لە نزیکەوە تێکەڵ بە عاشقانی گۆرانییەکانی خۆی ببوایەوە و لەنزیکەوە گوێ لەخواست و داواکانیان بگرتایە و چەندیین کۆنسێرتی پێش کەش بکردایە، لەم ڕووەوە (زیاد) زۆر تەمبلە و مەگەر هەلیکۆپتەرێ لەماڵەکەی دا بنیشێتەوە بیڕفێنێ و بیهێنێتەوە!! ئێ ئەمەیش چۆن ئەکرێ ؟!
لە ڕووی هەڵبژاردنی ئەو تێکستی شیعریانەوە کە بۆ ئاوازەکانی هەڵییان ئەبژێرێت، تێکستەکان ڕوون و بێگرێ و گۆڵن بەتەواوی لەگەڵ ئاوازەکاندا ئەیگونجێنێ، ئەویش بۆتە هۆی ئەوەی کە لەلایەن گوێگرانەوە زوو لەبەر بکرێن.
هەڵبەت شیعری گۆرانی ئەبێ سادەو ڕەوان بن و زوو بگەنە ئاستی تێگەیشتنی خەڵکەکە، ئەگەر وانەبێت جۆرە دابڕانێک ئەکەوێتە نێوان وشە و ئاوازەوە، هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) لە دنیای گۆرانی و مۆسیقای مندا لە نەورەسێکی سپی ئەچێ کە لەبەر هەتاوی ژیاندا دەبرسیکێتەوە.
لەدوایشدا لە دڵەوە سڵاوم بۆ هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) و چاوی ماچ ئەکەم.
شێرکۆ بێکەس