نووسینی: چەتۆی بەرانەتی / #فەرهاد محەمەد ڕەسوڵ#
ساڵی 2019
(قەزیەی مەمۆ) ئەو دەستەواژەیە لەناو شیوعیەکان و بەتایبەت پێشمەرگەکانی (حشع) زۆر باو و ناسراوە و ئاماژەیەکی دیارە بۆ ڕوودانی خیانەتێکی گەورە لەنێو حیزبی شیوعی عێراقی لە ساڵانی هەشتایەکانی سەدەی ڕابردوو کە بەهۆیەوە زەبرێکی کوشندە لە ڕێکخستن و هێزی پێشمەرگەی ئەو حیزبە درا و لەو پیلانگێڕییە پۆلێک پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێکخستنی حیزب لە شاری هەولێر لەناوبردران ، شەهیدبوونی کۆمەڵێک کادیری بەتوانای حیزبی و عەسکەری بەتایبەتیی کۆمەڵێک فەرماندەی عەسکەری قاتعی هەولێری ئەو حیزبە کە هەتا ماوەیەکی زۆر (ئەگەر نەڵێم تا ئێستاش) کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕێکخستن و هێزی پێشمەرگەی ئەو حیزبە دانا.
ئەوەی لای من و خەڵکی دیکەش جێی سەرنج و پرسیارە زۆر کەم یان هەر باس لەو کارەساتە گەورەیە نەکراوە، تەنانەت زۆر بەکەمی لە ئەدەبیاتی ئەو حیزبە ئاماژەی پێدراوە، بە شێوەیەک ژیاننامەی شەهیدەکانیش گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە.
جێی ئاماژە پێکردنە شەهیدەکان لە لیستی مووچەی شەهیدانە پلەی شیاوی خۆیان پێنەدراوە هتد.
زۆرجار و لە زۆر شوێن ئەو پرسیارە یان ئەو ئەرکە ڕووبەڕووی من کراوەتەوە کە ئەوەندەی بکرێ باس لەلایەنە شاراوە و وردەکارییەکانی (قەزیەی مەمۆ) بکەین، و ڕۆشنایی بخەینە سەر ڕۆڵی قارەمانانەی ئەو کۆمەڵە هاوڕێ و هاوسەنگەرانەمان کە بەغەدرو خیانەت شەهید کران تاوەکوو ڕوحی ئەوان شاد و ویژدانی خۆشمان ئاسوودە بکەین. [1]