گوندێکە، دەکەوێتە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی #خورماڵ# لە پارێزگای #هەڵەبجە#، #باشووری کوردستان#. [1]
یەکێکە لە گوندەکانی هەورامان لهۆن لە بەشی باشووری کوردستان لە دامێنی چیای (بابازەردەڵە) و چیا سەرکەشەکانی هەورامان دا هەڵکەوتووە، و دەکەوێتە 78 کم خۆرهەڵاتی سلێمانی و 18 کم باکووری هەڵەبجە و 2.5 کم خۆرهەڵانی شارەدێی خورماڵەوە، نزیکەی 200 ماڵی تێدایە و زیاتر لە 1000 کەس لەم گوندەدا ژیان دەگوزەرێنن کە بە کاروباری جۆراوجۆرەوە خەریکن، بە شێوە زاری هەورامی دەئاخفن.
خاوەنی سەیرانگایەکی بەناوبانگە کە ساڵانە بە هەزاران کەس لە سەرانسەری ئێراق و تەواوی ناوەچەکانی کوردستان و هەندێک جار گەشتیاری بیانیش ڕووی تێدەکەن بەهۆی بوونی ئاوێکی سازگارو بوونی ڕێژەیەکی یەکجار زۆری سەوزایی و باخات و سرووشتی شاخاوی جوانی ناچەکەوە.
خەڵگی گوندی ئەحمەدئاوا سەربە ئایینی پیرۆزی ئیسلامن و دوو مزگەوتی تێداهەن، و خاوەنی دوو قوتابخانەیە و بنکەیەکی تەندرووستیشی تێدا هەیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی خزمەتکردنی ناوچەکە و ئاسانکاری بۆ ئەو گەشتیارانەی کە ڕوو لەم سەیرانگا بەناوبانگە دەکەن، گوندێکی گەشتیاری بەناوی (کابینەی گەشتیاری ئەحمەدئاوا)لەناو گوندی ئەحمەدئاوادا درووستکردووە بە مەبەستی مانەوەی شەوانەی گەشتیاران.
چواردەوری ئەحمەدئاوا بە زنجیرە چیایەک دەور دراوە کە بریتین لە (بابا زەردەڵە و گردە و نەیجەکۆڵە و سێداران لە ڕۆژهەڵاتییەوە و دەرەسوڵان لە باشووریەوە و ملەی قۆنەرە لە باکوورەوە.